“ئەیتاش” پەیكەرسازێكی كۆنی كورده

حسین علی زینوەیی

بەرد تاشین، واتە پیشە و هونەری جوانكردنی بەرد، بەردتاشین هونەرێكی دێرینە كە لە گەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتیەوە دەستی پێكردووە، مەبەستمە سەرنجتان رابكێشم بۆ یەك لە شوێنەوارە دێرینەكانی كوردستان كە لە گوندەكانی قەزای پشدەرە كە دەكەوێتە پارێزگای سلێمانی ئەویش گۆڕێكی دێرینی گوندی سیكەنەیە، كە مێژوویەكەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیەكان، ئەویش گۆڕی “ئەیتاش”ـی پەیكەرسازە.

مێژووی دروستكردنەكەی ڕێك سەد و سی و شەش ساڵ لەمەوبەر بووە پەیكەرساز “ئەیتاش” خەڵكی قەزای پشدەر بووە، پەیكەرسازێكی بە سەلیقە و هونەر جوان و پڕ ئەزموون و شارەزا بووە، كێلی قەبرەكانی گوندی سیكەنە بە نەخش و نیگارێكی جوان لە شێوەی گوڵ و باڵندە و شمشێر نەخشاندووە، هەروەها نەخشی شێوەی ئەندازەییەكانیشی وەك سێگۆشە و چوارگۆشە و لاكێشە و بازنەیی لەسەر بەردەكان نەخشاندووە، جگە لە ڕازاندنەوە ونەخشاندی دیوار و خانووەكانیش بە دەیان وێنەی جیا جیا.
کێلەکان بە شێوازو هونەرێکی ئەندازیاری تەواو وردو بە دیقەتە، نەخشەکان لەو بەردە ڕەقانە دەرهێنراون کە زۆری وەک هونەری فیرعەونەکانی میسر دەچێت، بەڵام هیچیان بەردو هونەری ئەو ناوەش نین، بەڵکو چەند کیلۆمەتر لە دوورەوە هێنراون.
“ئەیتاش”ـی پەیكەرساز وێنەی مرۆڤی دروست نەكردووە، چونكە دروستكردنی وێنەی مرۆڤ لای “ئەیتاش” بە گوێرەی ئاینی ئیسلام حەرامە . كارەكانی ئەیتاش جوانیەكی تری بەخشیوە بە ناوچەكە، هەر وێنەیەك جوانی و تراژیدیای خۆی هەیە، لای شوێنەوارناسان ئەم نەخشانە بە شێوازی عوسمانی ناسراوە و، هەر كەسێك سەردانی ئەم شوێنە بكات و لە كارەكانی بڕوانێ ئینجا بۆی روون دەبێتەوە چ هونەرزان و پەیكەر سازێكی بلیمەت و دەست رەنگین بووە لە زۆر بواردا.