چۆن گوڵەکانی ماڵەوەمان لە گەرمای هاوین بپارێزین

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

بوونی ڕووەک و سەوزایی لە ماڵدا گرنگیی و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە جیا لەوەی هۆکارێکە بۆ ڕازاندنەوەی ماڵەکان، ئارامی بە دڵ و دەروون دەبەخشێت و هۆکارێکە بۆ خاوێنکردنەوەی هەوای ناو ماڵەکان بەو پێیەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ڕووەکەکان بۆ هەڵمژینی گازەکانی هەوا پێچەوانەیە، مرۆڤ ئۆکسجین هەڵدەمژێت و دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات لە کاتێکدا ڕووەکەکان دوانە ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن و ئۆکسجین بەرهەمدەهێنن و دەیخەنەوە هەواوە بۆیە بوونی ڕێژەیەکی باش لە گوڵ و سەوزایی لە ماڵەکاندا دەکرێت وەک فلتەرێکی خاوێنکردنەوەی هەوا لە ماڵەکاندا سوودیان لێ وەربگیرێت.

بەڵام ئاشکرایە کە ڕووەکەکان لە وەرزی هاویندا بە هۆی گەرماوە زیانێکی زۆریان پێدەگات و بە جۆرێک هەندێکیان لەناودەچن و بەرگەی ئەو گەرما زۆرە ناگرن. بۆیە پێویستییان بە چاودێرییەکی زیاتر و کەشێکی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی بەزیندوویەتی بمێننەوە.
دەتوانین بە چەند هەنگاوێک، گوڵ و ڕووەکەکان لە گەرمای هاوین بپارێزین، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سستبوون و تیاچوونی گوڵ و ڕووەکەکان دادەنرێت.

  • ئاودانی قوڵ:- لە کاتی گەرمادا ڕووەکەکان پێویستییان بە ئاودانێک هەیە کە خۆڵەکەی نزیکەی حەوت بۆ دە سانتیمەتر تەڕ ببێت چوونکە لە وەرزی گەرماردا ڕووی گوڵەکان زووتر وشک دەبێتەوە بۆیە دەبێت ئاوەکە تا قوڵایی گڵەکە بڕوات و بگات بە ڕەگەکەی.
  • دابینکردنی شێ بۆ گوڵەکان:- زۆرینەی ڕووەکەکان حەزیان لە هەوای شێدارە بۆ مانەوە و گەشەکردن بەڵام لە هاویناندا بڕی پێویست شێ لە هەوادا نییە بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی دەستکرد شێیان بۆ دابین بکرێت، بە دانانی ئامێری دروستکردنی شێ یاخود ڕۆژانە ئاوپرژێنیان بکەین بەڵام لە کاتێکدا کە خۆر لێیان نەدات.
  • ئاودان لە کاتە فێنکەکاندا:- ئاودانی گوڵ لە کاتە گەرمەکاندا بەتایبەتی لە کاتێکدا کە خۆر لەدەرەوەیە هۆی سووتانی گوڵەکان و زیانی زۆری بۆیان هەیە بۆیە پێویستە لە شەوان یان بەیانیان زوو ئاوبدرێن.
  • دروستکردنی سێبەر بۆ ئەو گوڵانەی لە حەوشەی ماڵەکاندان بەڵام هەوڵبدە بە ماددەیەکی ڕەنگ کاڵ سێبەریان بۆ دروستبکەی چوونکە ڕەنگی تۆخ گەرمی زیاتر ڕادەکێشێت.
  • زیادەڕەوینەکردن لە ئاوداندا:- هەندێک جار ڕووەکەکان بەهۆی بەتینی تیشکی خۆرەوە سیس دەبن، تەنانەت ئەو کاتەش کە ئاوی پێویستیان پێیە. بۆیە پێش ئاودان گڵەکەی بپشکنە ئەگەر گڵی گوڵدانەکە تەڕ بوو یان هەستت بە شێداری خاکەکە کرد، ئەوا لەوانەیە ڕووەکەکەت پێویستی بە شێی زیاتر نەبێت و ئەو ئاوە زیادە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕزینی ڕەگەکەی.
  • بەهیچ شێوەیەک لق و گەڵا و گوڵ لێمەکەوە لە وەرزی هاویندا تا ئەو کاتەی خۆیان دەکەون و هەڵدەوەرن تەنانەت ئەگەر گەڵاکان زەردیش بووبن.
  • بەکارنەهێنانی پەینی کیمیایی لە کاتە گەرمەکاندا:- لە کاتە زۆر گەرمەکاندا بەهۆی گەرمییەوە سیستەمی ڕەگ دووچاری زیان دەبێت. پەینە کیمیاییەکانیش بەهۆی بوونی بڕێک خوێ تێیاندا دەبنە هۆی دروستبوونی فشاری گەرمی زیاتر و سووتانی ڕووەکەکە.
  • بەکارهێنانی گوڵدانی ڕەنگ کاڵ:- دوور بکەوەرەوە لە گوڵدانە ڕكەنگ تۆخەکان و گوڵدانە ڕەنگ کاڵترەکان بەکار بهێنە، چوونکە ئینجانە ڕەنگ تۆخەکان گەرمی زیاتر هەڵدەمژن و دەتوانن ڕەگی ڕووەکەکان وشک بکەن. بەڵام دڵنیابە لەوەی کە گوڵدانەکە ئاوەڕۆی باشی هەیە، لەبەرئەوەی ڕووەکەکان لە ئاوی وەستاودا دەخنکێن، تەنانەت کاتێک کە کەشیش گەرم بێت.
ھەواڵی زیاتر