مێژووی ڕستن و چنینی مافور لەناو کورددا بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

سەردەمی رستن و چنینی مافوور و كومبار و فەرش بۆ ساڵانی چلەكان دەگەڕێتەوە، ئەو كاتە بە سەردەمی بەرهەمی كاری دەستی ناسرابوو، پێشبینی دەكەن كە مێژووی كاری دەستی بۆ هەزاران ساڵ بگەڕێتەوە، زیاتر ئافرەتان كاری دەستڕەنگینی رستن و چنینیان كردووەو دەیكەن، وەك پیشەیەكیش ماندووبوونی زۆرە و پڕە لە بیركردنەوە تا بەرهەمەێك بێت بە دیزاینێكی جوانەوە.

جوان بەکر، خانمێکی شارەزای بواری ڕستن و چنینی مافورە و دەڵێ: “جاران و ئێستاش زۆربەی كارگەكانی ئەو پیشەیە پڕن لە ئافرەتانی دەستڕەنگین. نەخشكاری و دیزاینی كاری دروستكردنی فەرش و مافووری كوردەواری، گوزارشت لە داب و نەریت و كولتوور و بۆنە و یادەكانی كوردەواری دەكات، تەنانەت ئێستا چەندین هۆڵی نمایشكردنی فەرش و مافووری كوردی هەن، زۆربەشیان دەكەونە نێو قەڵای هەولێر، نرخی مافوور و فەرشی كوردی دەستكرد نێوان ٢٠٠ تا ٥٠٠٠ دۆلار دەبێت، لە كاری دەستڕەنگیندا، هەر تەنیا فەرش و مافور بەرهەم ناهێنرێن، بەڵكو چەندین كەرەستەی نێوماڵی دیكەش دروست دەكرێن.
دەشڵێت: “مافوور لە خورییە و رایەخ و و جاجم و جواڵ لە مەرزی بزن دروست دەكرێت، بەڕەش هەبوو لە خوری بوو، مافوور بە دەست دەچنرێت، یان بە تەون دەكرێت، كارگەی مافووریش هەبووە كە لە دار بووە و لە ئێستادا بۆتە كارگەی تەواو، پێشتەماڵ هەبوو لە جاجم بچووكترەو لە بەتانی تەنكترە، هاوینان بەخۆدا دەرا، دەسترازەی منداڵ لە خوری دروست دەكرا بە نەخش و رەنگاوڕەنگ بوو، كەژی هەیە لە بەنی موو و خوری دروست دەكرا كە دواتر دەكرایە گوریس، رەشماڵ لە موو و بە دەست دروست دەكرا، هەروەها رایەخ و بەڕمال و وێنەی دیوار لە فەرشی بچووك و بەرگە سەرین و شتی دیكەی ماڵێش بە دەست دروست دەكران، لە دروستكردنی ئەو كەرەستانە پێویستە خوری بكرێتە بەن و پاشان بیهۆننەوە، مووی بزنیش پاك دەكرایەوە و چێ دەكرا تا دەبووە مەرەز.
ئەو خانمە باس لە درێژی و پانی چنینی مافور دەکات و دەڵێ: درێژی و پانی ئەو كارە دەستكردانە دیاریكراو نەبوو، بەڵكو هەندێ جار بۆ شوێنی تایبەت دەچنراو دروستكرا، لاكێش زیاتر پانییەكەی مەترێكە و درێژییەكەی زیاترە، بەڵام پێوانەی مافوور ئەوەی كە باوە ٣ بە ٤ و پێوانەی دیكەشی هەیە. نەخشكاری و رەنگەكانیش بە لێهاتوویی و دەستڕەنگینی ئافرەتانەوە پەیوەست بوو، پیاوان كەمتر لەو بوارە كاریان كردووە، بەهۆی ئەوەی خەریكی كاری دیكە بوون. بەڵام زۆر جاریش لە دانانی نەخشە و دیزایین پیاوانیش بەشدار بوون. ئەو بەرهەمانە زیاتر لە مەرزی بزن و خووری مەڕن، نەخشكاری و رەنگەكانیش لەو مەرز و خووری رەنگكراو دروست دەكرێن، دروست كردنی بەرهەمێكی كاری دەستی سەرەتا بە درووێن دەستپێدەكات و پاشان لێدانی مەرەز و خووری و قوماش، دواتر رێكدەخرێن و لەیەكتر بە تەون و كارگە ئامادە دەكرێن، ئەو كارە پێویستی بە لێهاتوویی و بیرۆكەی ژیرانە هەیە تا وێنەیەك، یان نەخشێك لە نێو كەرەستەكەدا بچنیت، بۆ نموونە، فەرشێكی رووبەر ١٢ مەتر دووجا، بڕی زیاتر لە ٨٠ كیلۆ خوری مەڕی پێویستە، هەروەها ئەگەر سەراپای بە دەست بچنرێت، ماوەی ٢ تا ٣ مانگی دەوێت، لەئێستادا فەرش و مافوور بە دەست كەمتر دروست دەكرێن و زیاتر لە كارگەی رستن و چنین بەرهەم دەهێنرێن.
جوان بەکر دەڵێ: “نەخش و نیگاری سەر مافوور لە سەرەتادا ڕەنگە سادە و ساکار بووبێت لە چەند هێلێک زیاتر تێنەپەرێت و لە چەند هێلێکی ئەندازەیی ڕاست و چەند گۆشەیەکی زیاتر نەبووە، پاشان فێری نەخشی زیاتر بوون و توانیویانە ڕەنگەکان لە جێگای خۆیان دابنێن، هەروەها تێکەڵکردنی گیانداران و هێڵ و گۆشەی ئەندازەیی وای کردووە دوور بێت لە ڕاستەوە ئەویش بە هۆی ئەوەی لە کوردستان گەیشتن و گواستنەوە لە سەرەتادا زۆر ئەستەم بووە بۆیە نەخش و زەخرەفەکانیش زۆر لێک جیاواز بوون، پاش تێکەڵبوونی کۆمەڵگای کوردەواری نەخشەکانی سەر مافوور گواسترایەوە و لەگەڵ یەکتەری تێکەڵبوون و لە یەکتری هونەری تازە فێربوون. ئەگەر بەراوردێک بکرێت لە نێوان هۆزە کۆچەری و نیشتەجێبووەکان، دەبینین جیاوازی هەیە لە نێوان مافوورەکان لە رووی نەخش و ڕەنگەکان، هۆزە کۆچەرییەکان ڕەنگی تۆخ زەقیان بەکارهێناوە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژینگەیە کە تێیدا ژیاون و بوونی گیای زۆر کە ڕەنگیان لێ دروست کردووە و هەروەها نەخشیان زۆرە، بۆیە مافوورەکانیان دوو تا سێ چوارچێوەی هەیە، بەڵام مافووری هۆزە نیشتەجێبووەکان ڕەنگەکانیان کاڵترە و زیاتر نەخشی گوڵیان بەکارهێناوە. لە ساڵانی پێش حەفتاکان تا ‌هەشتاکان کەمتر وێنەی ئەندازەیی بەکار دەهێنرا، بەڵام لە هەشتاکان نەخشەکان بە تەواوی ئەندازەییە و زۆر بە کەمی وێنەی گیانلەبەران دەبینرێت ئەویش بە هۆی دروستبوونی شەڕ و تێکەڵبوونی شارەکان و کاریگەری باری سیاسی و بەکارهێنانی شتی تازە، مافوورەکانی دەشتی هەولێر کۆمەڵێک نەخشی لەسەرە کە لە هەمان نەخشی سەر کێلی بەردەکانی قەڵای دوین دەچن بە تایبەتی نەخشە ئەندازەییەکانی بازنە و سێگۆشە و مەعینی چوارگۆشە و لاکێشەیی و هێڵی بە ناو یەکدا هاتووە، ئەمانەش بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی و جوانی بەکارهینراون.

ھەواڵی زیاتر