ژیانی ڕەوەندەکان لە کوێستانەکانی کوردستان

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

کۆچەرییەکان یاخود ڕەوەندەکان ژیانێکی گەڕۆکیان هەیە و بەدرێژای ساڵ لەنێوان گەرمیان و کوێستاندا جێگۆڕکێ دەکەن و لەدەورووبەری سەرچاوە ئاوییەکان چادر هەڵدەدەن و ژیانیان بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات بەسەردەبەن.

ڕەوەندەکان، ژیانێکی سەخت بەڵام سادە وساکار و دوور لە جەنجالی دەژین، ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بە کەمی بەکاردەهێنن و تاکە خەمی ئەوان ئەوەیە ئالیکێکی باشیان دەست بکەوێت بۆ ئاژەڵەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانە چوار بۆ شەش جار هەواریان دەگوازنەوە. ئەوان چادرەکانی خۆیان بە دەستی خۆیان دروستدەکەن کە بە باران و هەتاو تێکناچن و بۆ چەندین ساڵ دەمێننەوە، زۆرکات تووشی زەحمەتی و کەم ئاوی دەبنەوە بەڵام ژیانی خۆیان لا پەسەندە کە لە باو باپیرانیانەوە ئەو جۆرە ژیانەیان بۆ ماوەتەوە و پێیانوایە کە شێوە ژیانێکی تەندروست دەژین کە نزیکن لە سرووشت و ڕۆتینێکی ژیانی تەندروست وپڕ جووڵەیان هەیە.
بژێوی ژیانی ڕەوەندەکان لەسەر مەڕووماڵاتەکەیانە کە شیرەکەیان دەدۆشن و دەیکەن بە ماست و چەندین جۆری جیاواز پەنیری لێ دروستدەکەن و خەڵکیش لە ناوچە جیاوازەکانەوە بۆ بردنی ماست و پەنیری و ژاژییەکانیان سەردانیان دەکەن یاخود خۆیان دەیگەیەننە شوێنی فرۆشتنیان. جگە لەوەش لە دەورووبەری خۆیان بەشی پێویستی خۆیان سەوزەوات و تەڕە دەچێنن و بۆ خواردنی خۆیان مریشکیش بەخیو دەکەن.
ساڵانە لە مانگی شەش و لەگەڵ دەستپێکردنی گەرمادا کۆچەرییەکان لە گەرمێنەوە بەرەو کوێستانەکان ڕێدەکەن و لەبەر ئەوەی هاوشانی مەڕوماڵاتەکەیان بەپیادە دەڕۆن جاری وا هەیە نزیکەی هەفتەیەک لە ڕێگا دەبن و لە چەند جێ لادەدەن تا دەگەنە جێی مەبەست ، لە باشوری کوردستانیش ئەو شوێنانەی کە بەزۆری ڕەوەندەکان لە هاویناندا ڕووی تێدەکەن کوێستانەکانی برادۆست و ناوچەی باڵەکایەتییە لە چۆمان کە بەهۆی فێنکی کەشوهەواکەیەوە بۆتە لانکەی بەشێکی زۆری ڕەوەند و کۆچەرییەکانی کوردستان.
وەک کۆچەرییەکان خۆیان باسی دەکەن، ساڵانی ڕابردوو لە کوێستانەکاندا ڕەشماڵانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ دەبوون، بەڵام لەئێستادا بە هۆی بوونی بنکەی سەربازیی زۆر لە سەر سنوری دەستکردی نێوان هەردوو پارچەی کوردستان و ڕێگریی ڕژێمی ئێرانەوە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانەی کە باب و باپیرانیان بۆی دەچوون.
ئەمساڵێش وەک ساڵانی ڕابردوو ناوچەی چۆمان کە چەندین کوێستانی لێیە ئامادەیە بۆ هاتنی ڕەوەندەکان، بەڵام مەرجی سەرەکی ئیدارەی سۆران ئەوەیە كه نابێت ڕەوەندەکان ئاژەڵ بە پیادە بگوازنەوە، بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
یەکێکی تر لەو مەرجانەی بۆ ئەو ڕەوەندانەی سەردانی کوێستانەکانی چۆمان دەکەن دانراوە، ئەوەیە کە پێویسته‌ نووسراوی گواستنەوەی ئاژه‌ڵه‌كانیان پێبێت و مۆڵەتیشیان وەرگرتبێت.
ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان وتی، پێش گواستنەوەی ئاژەڵەکان پێویسته‌ پشکنینی ڤێتێرنەریان بۆ بکرێت و پاشان بە بارهەڵگر بگوازرێنەوە بۆ کوێستانەکان.
بە وتەی قایمقامی قەزای چۆمان، هەر ئاژەڵدارێک لای ئه‌وان تۆمار کرا ناوەکەی دەدرێته‌ بازگەکان بۆ ئەوەی ڕێگایان پێبدرێت بچنە کوێستانەکان.
مەرجی پێداگر لەلایەن ئیدارەی سۆرانەوە ئەوەیە کە نابێت ئاژەڵەکان بە پیادە بگوازرێنەوە، لەبەر ئەگەری ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو، وەک قایمقامی چۆمان دەڵێت، هه‌ر ئاژەڵدارێک پابەند نەبێت سزای دارایی دەدرێت و ساڵێکی تر رێگای پێنادرێت ڕوو لە کوێستانەکانی چۆمان بکات.
ساڵانه‌ جگه‌ له‌ كوێستانه‌كانی سنووری چۆمان، ڕه‌وه‌نده‌كان ڕوو له‌ كوێستانه‌كانی بناری قه‌ندیل و پێنجوێن و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌كه‌ن و له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش مه‌رج و ڕێنماییان بۆ داندراوه‌.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، ته‌نیا له‌ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ماڵە ڕەوەند لە کوێستانەکانی چۆمان نیشتەجێبوون.

ھەواڵی زیاتر