کاری خۆبەخشی و سوودەکانی بۆ تاک و کۆمەڵگا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بێگومان هاریکاری و هەماهەنگی کلیلی سەرکەوتن و پێکەوە ژیانی هەر کۆماڵگایەکە، واتا هەر کۆمەڵگایەک هەماهەنگی لەنێوان تاک و ڕێکخراو و فەرمانگەکانیدا هەبێت و بەبێ دەستکەوتنی قازانجێکی ماددی یارمەتیدەری یەکدیبن، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە زیاتر بەرەوپێش هەنگاو دەنێت.

کاری خۆبەخشیش یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی هاریکاریکردن و پیشاندانی گیانی هاوکاری بۆ کەسانی دەورووبەر و بۆ کۆمەڵگە. گەشەسەندنی کاری خۆبەخشیش لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، رەنگدانەوەی پێشکەوتوویی ئەو کۆمەڵگایەیە لە هەموو بوارەکاندا و ڕەنگدانەوەی تەبایی و یەکگرتوويى تاکەکەنی کۆمەڵگایە، جیا لەوانەش کاری خۆبەخشی دەبێتە هۆی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجان و دەرخستنی توانا شاراوەکانیان.
گرنگی و بایەخی خۆبەخشیش زیاترە لەوەی کەسی خۆبەخش تەنیا یەکێک لە ئەرکەکانی دەوڵەت یان کار و چالاکییەک لە یەکێک لە دەزگا کۆمەڵایەتییەکان جێبەجێدەکات و بۆشاییەک پڕدەکاتەوە بەڵکوو گرنگییەکەی لەوەدایە کە گەشە بە هەستەکانی تاک دەدات وەک ئینتیما و دڵسۆزی بەرامبەر کۆمەڵگە و کارەکەی و هۆکارێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان توێژە جۆراوجۆرەکاندا.

بە کورتی سوودەکانی خۆبەخشی بۆ تاک لە چەند خاڵێکدا کۆدەبنەوە:-
-هۆکاری سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی توانا کەسییەکانی تاک لە بوارەکەی خۆیدا، وەک فێربوون و بەدەستهێنانی شارەزایی زیاتر لە پیشەکەی و ئاشنابون بە بازاڕی کار.
-لەڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگا، تاک زیاتر هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکات و هەست بەوە دەکات کە خەڵکانێک پێویستیان پێیەتی و ڕێزی دەگرن.
-هەستکردن بە ئارامی ناخ و دەروون، کاتێک کەسێک بێبەرامبەر کارێک بۆ کەسانی دەورووبەری دەکات دڵ و دەروونی ئارامدەبێت.
-کاری خۆبەخشی بڕوابەخۆبوون لای تاک زیاد دەکات چوونکە بڕوای بەو کارە هەیە کە دەیکات بەبێ وەرگرتنی قازانجی ماددی.
بە گشتی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا پاڵنەری سەرەکی کاری خۆبەخشی چەن جۆرێکن:- لە کلتوری گەلاندا وە لای خۆشمان باوە کە کاری خۆبەخشی لە پێناو خودا یاخود لە پێناو مرۆڤایەتیدا دەکرێت.
یان کاتێک تاک بۆ خودی خۆی و ناوبانگ و کەسایەتی خۆی بڕیاری کاری خۆبەخشی دەدات. یاخود هاونیشمانییەک خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بوارێکدا و وەکو وئەرکی نیشمانی و لە خەمی بەرژەوەندی گشتیدا بێت و خۆبەخشیەکەی کاریگەری نەرێنی نەبێت لەسەر ژیان و گوزەرانی، یان بەشدار بێت لە هەڵمەتێکی نیشتمانی دیاریکراو.
لە هەرێمی کوردستانیش کاری خۆبەخشی لە هەموو بوارەکاندا پەرەیسەندووە و کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر زۆرینەی لایەنەکانی ژیانی هەرێمەکەمان.
لە پێناو بەرزنرخاندن و گرنگیدانی زیاتر بە کاری خۆبەخشی لە هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردو پلاتفۆرمێک بە ناوی (پلاتفۆرمی خۆبەخش) لە ژێر دروشمی بە تواناکردنی خۆبەخشان و بەهێزکردنی کوردستان ڕاگەیەنرا.
ئامانجی پلاتفۆرمەکەش بەستنەوەی خۆبەخشان بوو بە دەرفەتی بەرهەمدار و بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی توانای خۆبەخشان و هەروەها داکۆکیکردن لە مافی خۆباخشان و مامەڵەی دادپەروەرانەو پەرەپێدانی گیانی هاوکاری وە ڕێزلێنان و پشگیری لە هەوڵەکانیاین بۆ دروستکردنی کاریگەری ئەرێنی و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە.
جێی ئاماژەیە، پلاتفۆرمی خۆبەخش لە کوردستان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، هونەر و کلتوور و ژینگە دۆستی، ئاژەڵدۆستی، مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی کۆمەڵگا کاردەکات و جەخت لەسەر پابەندبوون بە دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پارێزراو بۆ خۆبەخشان دەکات و هەوڵدەدات بۆ پێشکەشکردنی ئەزموون و ڕاهێنان بە خۆباخشان و هێنانەکایەی دەرفەتی جۆراوجۆر و داکۆکیکردن کە مافەکانی خۆبەخشان.

ھەواڵی زیاتر