مانگی داهاتوو خۆرەبایەكی زۆر بەهێز بەڕێوەیە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بەر لە پتر لە هەفتـەیەك و بەوردی خۆرەبایەكی زۆر بەهێزی جیۆموگناتیسی بە پلەی G5 بۆ ماوەی نزیكەی 40 كاتژمێر لە هەسارەی زەوی دا و بووە هۆی دەركەوتنی ئەوڕۆڕا (واتە تیشكە ڕەنگاوڕەنگەكانی شەفەقی جەمسەر لە ئاسۆی جەمسەری باكوور لە شەودا) لە زۆربەی ناوچەكانی باكوور و ناوەڕاستی ئەوڕوپا و سایبیریا و كەنەدا و ویلایەتەكانی باكوور و ناوەراستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بینران، هەروەها بووە هۆی كوژاندنەوە و وەستانی هەندێك لە سەتەلایتەكان و هەندێك لە ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لەسەر زەوی ئەوانەی لەسەر لەرەلەری زۆر بەرز كاردەكەن…

لوقمان حەوێز، كە فەلەكناسێكی كوردە و دانیشتووی ئەمریكایە لە توێژینەوەیەكی زانستی تازەدا ئەوەی دەرخستووە كە ئەو خۆرەبایە جیۆموگناتیسیەی خۆر بەهۆی ڕوودانی تەقینەوەیەكی بەهێز ڕوویدا لەسەر پەڵەی خۆر ژمارە AR3664، تیرەی ئەو پەڵەیە نزیكەی 200 هەزار كیلۆمەترە واتە نزیكەی 16 جار لە تیرەی هەسارەكەمان گەورەترە، ئەم پەڵەیە هەر ماوە و هێشتا زۆر زۆر چالاكە بەڵام بەهۆی خولانەوەی خۆر بەدەوری خۆیدا ئێستا بزر بووە و ڕووی لە هەسارەی زەوی نیە واتە ئەگەر هەر تەقینەوەیەكیش لەسەریدا ڕووبدات ئەوا كاریگەری لەسەر هەسارەی زەوی نابێت چونكە تەنۆلكە بارگاویەكان كە لەو تەقینەوانەوە دەردەچن بە ئاڕاستەی دیكە دەڕۆن و ناگەن بە زەوی، بەڵام خۆر بەردەوام لە خولانەوەدایە بەدەوری خۆیدا و بەنزیكەیی لە كەمەری ناوەراستی خۆردا بە ماوەی 27 جارێك خۆر جارێك بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە، بۆیە لە سەرەتای مانگی شەشەوە ئەم پەڵەیە گەورەیەی خۆر دیسان جارێكی تر ڕووی دەكەوێتەوە دیوی هەسارەكەمان بۆ ماوەی نزیكەی هەفتەیەك بۆ دوو هەفتە و هەر تەقینەوەیەكی گەورە كە لەسەر پەڵەكە لەو ماوەیە ڕووبدات بڕێك لە تەنۆلكە بارگاویەكانی دەگەیەنێت بە هەسارەكەمان، لەبەر گەورەیی ئەم پەڵەیە ئەگەری ئەوە هەیە دیسان تەقینەوەكان زۆر بەهێز بن، بۆیە ئەو خۆرەبایەی كە هەڵی دەكات بەرەو هەسارەكەمان دیسان زۆر بەهێز دەبێت وەكو ئەوەی پێشووتر…
ئەو توێژەرە كوردە پێی وایە كە پەڵەكانی سەر خۆر دیاردەی سروشتین كە لەسەر خۆر دەردەكەون، لە خولێكی 11 ساڵیدا یەك جار ژمارەی ئەو پەڵانەی سەر خۆر دەبن بە كەمترین و ون دەبن و دواتر دەگەڕێنەوە و ژمارە و قەبارەیان دەگات بە زۆرترین، ئێستا قەبارە و ژمارەیان زۆرە، بەڵام دەگاتە زۆرترین لە مانگی حەوتی ساڵی 2025 و دوایی كەم دەبێتەوە، ئەو پەڵانە ئەو شوێنانەی سەر خۆرن كە لوپی موگناتیسی لەسەریان دروست دەبێت و بەو هۆیەوە پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆر لەو شوێنانەی ئەو پەڵانەی لێیە هەندێك كەمتر دەبێتەوە، بەڵام ئەو لوپە موگناتیسیانەی سەریان جار جارە خاڵی دەبنەوە و لەو كاتانەشدا تەقینەوەیەكی كت و پڕ و بەهێز لەسەر ئەو پەڵانە ڕوودەدەن solar.flares و بڕێكی زۆر لە تەنۆلكەی بارگاوی لە پڕۆتۆن و ئەلیكتڕۆن دەنێرن بۆ بۆشایی ئاسمان، ئەگەر ئەو تەنۆلكە بارگاویانە بەرەو هەسارەی زەوی بێن زۆربەیان بەهۆی بواری موگناتیسی زەوی بەلاڕێدا دەبرێن بەڵام ئەگەر بڕەكەی زۆر بوو هەندێكیان لە جەمسەرەكانی هەسارەی زەویەوە دزە دەكەن و دێنە نێو چینە هەرە بەرزەكانی بەرگە هەوای زەوی و لەگەڵ گازەكانی نێو بەرگە هەوا كارلێك دەكەن و ئەوڕۆڕا دروست دەكەن، لەبەر ئەوەی تەنۆلكەكان بارگاوین بۆیە بەپێ تێن و بڕیان دەشێت كاریگەری و زیانیشیان هەبێت لەسەر سەتەلایتەكان و هەروەها هەندێك لە ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و ئامیرە كارەباییەكان لەسەر ڕووی زەوی.