کڵاش ئەو پێڵاوەی تەنیا تایبەتە بە کورد

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

کڵاش بە پێڵاوێکی قایم و خۆڕاگر ناسراوە کە بەرهەمێکی خۆماڵی کوردییە و زیاتر لەگەڵ جلی کوردی لەبەر دەکرێت و مەڵبەندی دروستکردنەکەی ناوچەی هەورامانە و زیاتر لەوێ پەرەی پێدەدرێت و بووەتە سەرچاوەی سەرەکی بژیوی زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە.

بەهۆی کەمبوونەوەی پیشەکە و پیشەگەرانی بە یەکێک لە هونەرە دەستییەکانیش هەژمار دەکرێت، کڵاشی کوردی جۆرێکە لە پێڵاوی چنراوی دەستی کە لە دووبەشی جیاواز پێکدێت و بە دوو قۆناغ دروستدەکرێت؛ یەکێکیان ڕووکاری کڵاشە کە بە دەستی ئافرەتە گوندنشینه‌کان لە دەزووی تایبەت دروستدەکرێت کە پێی دەوترێت (بەن) و بە دەرزییەکیش دەچنرێت کە بە (تەون) ناسراوە.
بەشەکەی تریفشیان، تەختی پێڵاوەکەیە کە بە ژێرەی کڵاش ناسراوە بەرزییەکەی سانتیمەترێک دەبێت کە لە قوماشی تیکە تیکەی خام (پەڕۆی) پێ دەڵێن دروست دەکرێت کە شێدار کراوە و بە ئامێرێکی ئاسنین دەکووترێت و دەپەستێورێت تا پتەو دەبێت کە ئەمەش ده‌رخه‌ری لێهاتوویی و داهێنه‌ریی درووستکه‌ره‌که‌یه‌تی.
بەشی سەرەوەی کڵاش سپییە و بنەکەشی دەکرێت شین یان سوور یاخود تێکەڵیەک بێت لەو دوو رەنگە. جیاوازی کڵاش لەگەڵ پێڵاوی ئاسایی لەوەدایە ڕاست و چەپی نییە واتە لەو ڕووەوە تایبەتە؛ ئەو پێڵاوەی بۆ لاقی ڕاست ببێ، بۆ لاقی چەپیش گونجاوە.
بە گشتی چەند جۆرێکی کڵاش هەن، کە بەپێی ناوچەی جوگرافی و پێکهاتە و کواڵێتیان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بۆ نموونە، هەیانە پێیان دەگوترێت کڵاشی مەلیکی، کە بە پەتی ئاوریشمی ناسک و نزیک لەیەکەوە دەچنرێت و هەشیانە بابەتی گشتین و چنینەکەیان درشتترە، و هەندێکیشیان بۆ کارکردنی ڕۆژانەی ئاسایی بەکاردێن کە ژێرەکەیان چەرم یان پلاستیکی تایبەتن.
وەستا یان شارەزایانی بواری دروستکردنی کڵاش بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن چوونکە دروستکردنی تەنها یەک جووت کڵاش ئەرک و ماندووبوون و شەونخونییەکی زۆری دەوێت. هەر بۆیەش نرخی جووتێک کڵاشی باش نزیکەی ١٠٠هەزار دینارە
ئەمڕۆکە گەنجانی کورد بۆ بۆنە تایبەتییەکان «کڵاش» لە پێ دەکەن، بۆ نموونە رۆژانی نەورۆز، بەشێک لە بەتەمەنەکانیش تەنها کڵاش لەپێ دەکەن لە هەموو بارودۆخێک دا.
فرۆشیارانی کڵاش، باس لەوە دەکەن کە «کڵاش تەنیا لە کوردستان لە پێ ناکرێ. بەڵکوو بەردەوام لە دەرەوەی وڵات یان لە لایەن ئەو کوردانەی دەیانەوێ ئەم پێڵاوانە پێشکەش بە هاوڕێیانیان لە دەرەوەی وڵات بکەن، داوایان لێدەکرێت». ئاماژەی بەوەش کرد کڵاش زۆر بە باشی هەناردەی شوێنەکانی تری نێوخۆی عێراق دەکرێ.