ئەڵوەند دڵشاد چەلەبی:دیزاین بە گشتی بریتیە لە پڕۆسەی دروستبوون و داهێنان

دیمانە: هێمن خەلیل – هه‌ولێر

مامۆستا ئەڵوەند چەلەبی مامۆستایە لە لقی دیزاین-بەشی شێوەكاری كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەلاحەدین، ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی (شێوازەكانی ڕێكخستنی كەلوپەل و پەیوەندیە جوانكاریەكانی دیزاینی ناوەوە)یە، تایبەت بە ماستەرنامەكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد .

لەسەرەتا لە مامۆستا (ئەڵوەند) مان پرسی دیزاینی چییە ؟ لە وەڵامدا گوتی :”دیزاین بە گشتی بریتیە لە پرۆسەی دروستبوون و داهێنان، واتە کۆکردنەوەی توخمەکان لە ژینگە و دانانی لە پێکهاتەیەکی دیاریکراودا بۆ پێدانی شتێک کە ئەرکێک یان مانایەکی هەبێت، هەندێک جیاوازی لە نێوان پێکهاتە و دیزاین دەکەن و دەڵێن پێکهاتە بەشێکە لە پرۆسەی دیزاین، چونکە دیزاین بیرکردنەوەی مرۆڤ و ئەزموونی کەسی لەخۆدەگرێت، دیزایینی ناوەوە بە گشتی بە هۆی (ڕەنگ و ڕووناکی) وە هەروەها شێواز و قەبارەی کەلوپەلەکان و دابەشکردنیان و جەخت کردنەوە لە سەر ڕێڕەوی جووڵە، هۆکاری گێنەری ڕاستەوخۆی جوانی و سایکۆلۆژیە بۆ هەستی بەکار هێنەر.”
لە پرسیارێكی تر لەو مامۆستایەمان پرسی بیرۆكەی ڕۆشنبیری شێواز لە دیزاینی ناوەوە چۆنە ؟ لە وەڵامدا ئاماژەی دا :”بیرۆکەی ڕۆشنبیری شێواز (Style)بە مانا گشتییەکەی فراوانە، ئەمەش وا دەکات پێناسەکردنی چەمکێکی دیاریکراو بە تایبەتمەندی ڕوون و ئاشکرا و زەحمەت بێت، بۆیە پێناسەکانی شێواز و چەمکە بیرۆکەکانی جۆراوجۆرن، بە پێی کەلەپورە جیاوازەکان لە هەموو کۆمەڵگاکان و بەپێی پێڕەوی بنەڕەتی هەر شێوازێک و هەر پسپۆڕیەکی هونەری، هەروەها ڕەوتە جیهانیەکان کە لە سەردەمانی کلاسیک و مۆدێرن و پۆست مۆدێرن و هاوچەرخ دا کاریگەرن لەسەر بیرۆکەکە، واتا بیرۆکەی شێواز لە لایەن دیزاینەری ناوەوە ڕێگایەکی جیاوازە لە کار و دەربڕین، بەم هۆیەوە دەتوانرێت لە ڕێگەی کرداری خۆیەوە دەستنیشان بکرێت، وەک دەرکەوتەی بینراوی کەلوپەل لە دیزاینی ناوەوە، کە بە کارەکانی تری دیزاینەر خۆیەوە یان خودی ڕێبازەکەی، یان جوڵەی هونەری یان ڕۆشنبیری هونەری دەبەستێتەوە، هەروەک دەکرێت تێگەیشتن لە شێواز، وەک (هاوکێشەکان یان پێکهاتەکان لە توخمی دیزاینێکی دیاریکراو وە لە کاتێکی دیاری کراودا بێت، هەروەها لە ناو شێوازی (دیزاینەر) بێت.”
دەربارەی ڕێكخستنی كەلوپەلی ناوەوە ئەو مامۆستایە ڕای وایە :”ڕێکخستنی کەلوپەل لەدیزایندا جیاوازی هەیە بەپێی ئامانجی دیزاینەر، کە هەموو دیزاینەرەکان هەمان ماتریاڵ و توخم و بناغە و زۆرجار تەکنیک بەکار دەهێنن، کەلوپەلەکان لە پرۆسە و ئامادە کردنی بۆشایی دا بە پێی پیشە و ڕووبەر و جۆری بەکارهێنەر و جۆری بۆشاییەکە جیاوازیان هەیە، هەروەها کات و شوێن هەر یەکەیان کاریگەری خۆی هەیە لەسەر شێوەی دیزاین و ڕێکخستن و بەرهەمی هونەری دا، هەریەکە و بە مەبەستی خۆی بۆ ڕاکێشانی ئەنجامی دیزاین و نمایشی هونەری بە پێی ئەو مەبەستەی کە بۆی دیزاین کراوە. وە (ئەرنهایم) دەڵێ “پرۆسەی دەستتێوەردانە لەزۆر بواردا بۆ دروستکردنی چەندین کەرەستە یان بەش کە لاوەکین، وە گرووپن لەهەمان سیستەمدا بۆ بەدیهێنانی دۆخی تێکەڵیەکبوونی تەواو”. ڕێکخستن لە بۆشای ناوەوە بریتیە لە پەیوەندی نێوان دیزاین و شێواز و قەبارەی کەل وپەلەکان لەگەڵ پانتای پێکهاتەی تەلارسازی، پاشان دابەشکردنیان بە جۆرێک کە ڕێڕەوی جوڵەی مرۆڤ فەراهەم بکرێت لەگەڵ هونەری پیشەی کە پەیوەندی بەپلان و دیزاین و ڕێکخستنی بۆشاییەکانی ناوەوە هەیە، بۆ دابینکردنی ئاسودەیی و جوانی و گونجاندن بۆ چالاکیەکانی مرۆڤ.”
تایبەت بە چەمكی جوانی لە ئەدەبدا مامۆستا ئەڵوەند ڕای وایە :”چەمکی جوانی لە ئەدەبدا بە شێوەیەکی فراوان بەکار هاتووە، چونکە ئەدەب ماوە ئەدات بە بیرۆکە و گەشە سەندنی وێنەی خەیاڵی، دیزاینەر تێیدا سوودمەند دەبێت بۆ داڕشتنی بیرۆکەکە، (ئەفلاتۆن) ئاماژەی بەوە کردوە کە جوانی، وێنەی عەقڵییە و سەر بە جیهانی (نموونە)یە، ئەوەی شتەکە جوان دەکات فۆرم و ناوەڕۆک نییە، بەڵکو بەستنەوەیەتی بە هەمووی، وەک هاوگونجان، پاکی، تیشک و هاوسەنگی). لە لایەن “ئەرستۆ” جوانی سیفەتێکە کە بوونی هەیە لە مۆتیڤ بە درکی هەستیارییەوە ئاگاداری عەقڵە بە هۆی تایبەتمەندی و سیفەت و پەیوەندی بابەتیانەی نێوان بەشەکانییەوە، هەروەها هاوڕابوو لەگەڵ “ئەفڵاتوون” کە جوانی نوێنەرایەتی (هاوسەنگی- هاوبەندی-ڕێژەیی- ڕێکخستن)ی ئەو پێوەرانە دەکات، کە لە ڕووی نایابی هونەری بۆشایی ناوەوەیە لە جوانیدا، واتا جوانی تایبەتمەندیه بۆ شێوە ڕاستەقینەکان، وە لە ڕووی جوانییەوە کەموکوڕییەکانی واقیع تەواو بکات، بەو پێیەی کە جیاوازی لە چەمکی جوانی باس کراوە، زۆرێکیان لە سروشتن و ئەوانی تریش لە درک پێکردنی هێماکان و کاریگەری کات و شوێنە، واتە جوانی هەستێکی بێ پێوەرە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ وە لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە وە زۆر جار سەردەم گۆڕانکاری لێ دەکات، ئەویش بە کاریگەری کەلتور و کەلەپوور و ژینگەی ناوچەکە هۆکاری گۆڕانکاریەکە دەبێت.”
دەربارەی دیزاینی ناوەوە ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕای وایە :”بیرۆکەی دیزایینی ناوەوە لە چەمکی ڕێکخستنی یەکەی کەلوپەل و ڕووناکی و تەکنیک تەنسیقیان لە ڕۆشنایی و پێداویستی پیشەیی و جوانناسییەکانەوە بووە، بۆ ئەوەی پێکهاتە نوێکان و شێوە دەربڕینەکان لە چوارچێوەی شارستانی دا لەخۆ بگرێت کە لە ئاواتی بەکار هێنەرانی بێت، هەروەها دیزاینەر کاریگەری ڕاستەوخۆ ئەکاتە سەر بۆشایی ناوەوە، لەسەر (ڕەفتار و چالاکی مرۆڤ بە پێی زۆر لە گۆڕاوەکان کە گرنگترینیان ئاستی ڕوشنبیری خۆی و کەڵەکەبوونی شارستانیە، دیزاینی ناوەوە و کەشی ناوخۆیی گونجاو بۆ مرۆڤ و پێویستییە پیشەیی و جوانکاریەکان و هەروەها ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئاسودەیی دەروونی و جەستەیی و سەلامەتی بەکارهێنەرانی بۆشای ناوەوە دەستەبەر دەکات).”