لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا بازاڕی سەروپێ لە کوردستان گەرمدەبێت

کۆمەڵێک خۆراک هەن کە لە وەرزی سەرمادا تام و چێژێکی تایبەتییان هەیە و خەڵکی بە تایبەت بۆ خواردنی کۆ دەبنەوە و چێژێکی تایبەت لە خواردنی و پێکەوە بوونەکەی وەدەگرن.

سەروپێ (پاچە) یەکێکە لە خواردنە میللیە باوەکان کە لە وەرزی سەرمادا خواستێکی زۆری لەسەرە و خەڵکێکی زۆر ئارەزووی دەکەن چونکە لەو خواردنانەیە کە کالۆرییەکی زۆری تێدایە و وزە و گەرمییەکی زۆر بە جەستە دەبەخشێت و وا دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر مرۆڤ بە تێری بهێڵێتەوە.
پاچە خواردنێکی کۆنی کوردەوارییە، وەک یەکێک لە خواردنە تایبەتەکان تەماشا کراوە، بۆ میوانی پایەبەرز و ڕێزدار ئامادەکراوە خواستێکی زۆری لەسەرە بە تایبەت لە وەرزی زستان،وەک کابانەکانیش ئاماژەی پێدەکەن، پیاوان زیاتر لە ژنان ئارەزوی خوردنی پاچە دەکەن.
جگە لە تامە خۆشەکەی یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندە بە کۆمەڵێک ڤیتامین و کانزای جۆراو جۆر کە سودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت و ڤایرۆس و ژەهری گەدە لە جەستە فرێدەداتە دەرەوە و بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر کۆلاجین تیایدا بە چارەسەرێکی زۆر بەهێزی ئێسک و جومگەکان دادەنرێت.
ساڵانە لە سەرەتای وەرزی زستانەوە و لەگەڵ دەستپێکی ساردی کەشوهەوا، گەرمی دەکەوێتە بازاڕی پاچەوە و بۆ دەستکەوتنی پاچە، خەڵک لە بەردەم گۆشتفرۆشەکاندا نۆرە دەگرن و خاوەن خواردنگەکانیش سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە بەرەبەیانی زوودا بۆ خواردنی سەروپێ ڕوو لە خواردنگەکانیان دەکان.
پسپۆڕیکی تەندروستیش ئاماژە بەوە دەکات کە خواردنی سەروپێ سودێکی زۆر بە تەندروستی دەبەخشێت چونکە بڕێکی باش پڕۆتین و چەوری بە سودی تێدایە و بەرگری لەش بەهێز دەکات بەو مەرجەی لە ژەمی بەیانیان یاخود نیوەڕواندا بخورێت بەڵام لە ژەمی ئێواراندا خواردنی سەروپێ تەندروست نیە و زیانی لە سودی زیاترە.
ڕەسوڵ عەبدوڵا كە ئامێری تایبەتی هەیە بە چاككردنی سەروپێ‌ لەناو بازاڕی شاری هەولێر، وتی نرخی سەروپێی چاككراو ئێستە بەپێی جۆری ئاژەڵی گەورە و بچووک دەگۆڕێت.
باسی لەوەش كرد، لە هاوینان ڕۆژانە ٥٠ بۆ ١٠٠ سەروپێ‌ دەفرۆشرا و زۆر لە خاوەن فرۆشگاكان نەیاندەكڕی، چونكە كڕیاریان نەبوو، بەڵام ئێستە خواستێكی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ سەروپێ‌ تەنیا لای من چاك دەكرێت.
بەم دواییانەش لەگەڵ زیاتر پەیرەوکردنی ڕژێمی خۆراکی کیتۆ لەلایەن هاوڵاتییانەوە لە کوردستان پسپۆڕانی خۆراک و تەندروستی پێشنیاری ئەم خواردنە بۆ هاوڵاتیان دەکەن و باس لەوە دەکەن کە بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی بەرزی چەوری تەندروست لە سەروپێدا دەیکاتە خواردنێکی زۆر بە سود و گونجاو بۆ ئەوانەی ئەم جۆرە ڕژێمە خۆراکییە پەیڕەو دەکەن و ئەگەر بێ برنج و نان بخورێت دەبێتە هۆی سوتاندنی بڕێکی باش چەوری و دابەزاندنی کێشی لەش.