تەم چییە و چۆن دروست دەبێت؟

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

تەم دیاردەیەکی سروشتییە، کاتێک ڕوودەدات کە هەورەکان لە ڕووی زەویەوە نزیک بن، تەم سووک یان چڕ دەبێت و لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بینینی ئاسۆیی بەپێی چڕییەکەی، لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینینی ئاسۆیی بەتەواویی ئەگەر زۆر چڕ بێت. چڕی تەم لەگەڵ زیادبوونی چڕی هەڵمی ئاوی هەڵواسراو لە بەرگەهەوادا زیاد دەکات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی پلەی گەرمی هەوا بەشێوەیەکی بەرچاو کە لەوانەیە بگاتە خاڵی شەونم.

ئاسۆ کەریم شارەزا بەبواری کەشوهەوا و تەم، بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: هۆکار گەلێک هەن بۆ درووستبوونی تەم، ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی تەم ئەمانەن وەکو، زیادبوونی ڕێژەی شێ بەشێوەیەکی بەرچاو، بەتایبەت لەسەر وشکانی، کە ڕەنگە بگاتە زیاتر لە ٩٠٪. ڕووبەرە ئاوییەکان تا زیاتر لە سەرچاوە ئاوییەکان نزیک ببینەوە وەک ڕووبار و دەریاکان، دروستبوونی تەم زیاتر دەبێت. لێوارە بەرزەکان، هەرچەند لێوارەکان بەرزتر بن، ڕێژەی تەم لە لوتکەکانیاندا زیاتر دەبێت، چونکە پلەی گەرمی لە لوتکەی لێوارەکان کەمترە لە هەموو ناوچەکانی تر، ئەمەش دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی هەڵمەی ئاو لەو لوتکانەدا و دروستبوونی تەم. پیسبوون، بڵاوبوونەوەی تەم لە ناوچە پێشکەوتووەکان زیاتر دەبێت، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیان و زیادبوونی ژمارەی چالاکییە مرۆییەکان و کارگەکان ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی پیسبوونی هەوا لەو ناوچانەدا، کەیارمەتی چڕبوونەوەی تۆز لە بەرگەهەوادا دەدات کە ئەمەش هۆی دروستبوونی تەمە.
زیاتر گوتی: کاتێک ڕێژەی شێی هەوا بەرز دەبێتەوە، ئەوە دیاردەی تێربوونی هەوا بەهەڵمی ئاو ڕوودەدات بەجۆرێک کە ناتوانێت هەڵیبگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی هەڵمەکە لەسەر تۆز و پیسی و دوکەڵ لە نزیک ڕووی زەوی، بەمەرجێک پلەی گەرمی زۆر سارد بێت، کە بریتییە لە پلەی دروستبوونی شەونم، و لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما ڕێژەی بەهەڵمبوون کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی، و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێرەکانی خۆرهەڵاتن، تەمەکە نامێنێت لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا، کە یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەهەڵمبوون. تەم کاتێک کۆتایی دێت کە بەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا لە ئەنجامی تیشکی خۆر، یان بەهۆی تێپەڕبوونی هەوای سارد و شێدار بەسەر ڕوویەکی گەرمتردا، یان لە ئەنجامی جووڵەی بۆ خوارەوەی لێوارەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆی گەرم بکاتەوە، بەم شێوەیە، کرداری گەرمکردنەوە دەبێتە هۆی نەمانی دڵۆپە ئاوە هەڵواسراوەکان لە هەوادا، ونەمانی تەمەکە، هەروەها کەمەمبوونەوەی ڕێژەی شێی لە هەوادا ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە باران دەوەستێت دوای تێپەڕبوونی بەرەی هەوایی، ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی هەوا وردە وردە.
ئەو شارەزایە باس لە جۆرەکانی تەم دەکات و دەڵێ: تەم بەپێی شێوازی دروستبوونی و ئەو هۆکارانەی کە بەشدارن لە دروستبوونیدا، پۆلێن دەکرێت بۆ ئەم جۆرانە وەکو، تیشکاوەرە تەم، یەکێکە لە سووکترین جۆرەکانی تەمە، و کورتترینیان تەمەنە،شەوانە و بەیانیان زوو ڕوودەدات،
کاتێک دروست دەبێت کە ڕووی زەوی لە شەودا سارد دەبێتەوە، لەم کاتەدا زەوی ئەو گەرمایە لە دەستدەدات کە لە ڕۆژدا لە خۆرەوە هەڵیدەمژێت و ئەم گەرمییە بەرز دەبێتەوە بۆ هەوا و هەواێکی گەرم دروست دەکات و هەوای سەر ڕووی زەوی ساردتر دەبێت، و هەوا ساردەکە هەڵمی ئاو زیاتر لە هەوا گەرمەکە هەڵدەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تیشکاوەرە تەم. تەمی دەریا، کاتێک هەوای گەرم بەسەر ئاوی ساردی دەریادا تێدەپەڕێت و دەبێتە هۆی چڕبوونەوە، هەورێکی تەم دروست دەکات،و بۆ مەودایەکی زۆر لەسەر وموشکانی دەڕوات. تەمی ناو دۆڵەکان، کاتێک دروست دەبێت کە هەوای سارد لە لێوارەکانی شاخەوە بەرەو دۆڵەکان دادەبەزێت لە شەوانی ساماڵ دا، بە مەرجێک ڕێژەی شێ لە دۆڵەکاندا بەرز بێت. بەرە هەواییە تەم، کاتێک دروست دەبێت کە بەرەی هەوایی سارد لاواز بێت بەمەش هەوا بەشێ تێر دەبێت. تەمی دوکەڵی، لە شارە پیشەسازییەکان لە ئەنجامی تێکەڵبوونی دوکەڵی چالاکییە پیشەسازییەکان لەگەڵ تەمدا دروست دەبێت. سەهۆڵیە تەم، کاتێک ڕوودەدات کە پلەی گەرمی هەوا دادەبەزێت بۆ خوار خاڵی بەستن، دواتر ئەو دڵۆپە ئاوانەی کە تەمەکە پێکدەهێنن دەبنە سەهۆڵ.
لەکۆتایی قسەکانیدا ئاسۆ کەریم باس لە کاریگەرییەکانی تەم دەکات و دەڵێ: زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بینین کە لە ئەنجامی دروستبوونی تەمێکی چڕەوە دروست دەبێت، بەتایبەتی ئەو تەمەی کە لەناو شارەکانی پڕ لە خۆڵ و دوکەڵ دروست دەبێت. بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدار و درمیەکان کە لە ئەنجامی تەمێکی باركراو بە دوکەڵ و تۆز و خۆڵەوە دروست دەبێت، کە پێی دەوترێت تەمی دوکەڵی، واتە تەمێکی تێکەڵ بە دوکەڵ. هەروەها تۆز و دوکەڵ دەبنە هۆی تەنگەنەفەسی، ئەمەش دەبێتە هۆی مردن، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسییان هەیە. تەمی ترش دروست دەبێت، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر دار و ڕووەک و شوێنی سەوزایی هەیە.
هەروەها جیاوازی نێوان تەم و هەور وەکو، چڕبوونەوەی هەور کاتێک دروست دەبێت کە چڕبوونەوە لە بەرزایییەکی زۆر بەرز لە سەرووی زەویەوە ڕووبدات، لەکاتێکدا تەم دروست دەبێت کاتێک چڕبوونەوە لە نزیک ڕووی زەویدا ڕووبدات. بەرزی هەور لە هەر بەرزایییەکدا بوونی هەیە، ڕەنگە بەرزی هەورەکە مامناوەند بێت یان زۆر بەرز بێت، بەڵام تەم تەنها لە لە نزیک ڕووی زەویدا هەیە. گرنگی هەور گرنگە، چونکە بەشدارە لە سووڕی ئاو لە سروشتدا، هەور ئاوی هەڵمکراو دەگەڕێنێتەوە سەر زەوی، لەکاتێکدا تەم زۆر گرنگ نییە. بەردەوامی هەور بە درێژایی ساڵ و لە هەموو شوێنەکاندا هەیە، لەکاتێکدا تەم تەنیا لە زستان و شوێنە ساردەکاندا هەیە. چڕی هەورەکان ٠.٥ گرام/م٣، لە کاتێکدا چڕی تەم ٠.٥ گرام/م٣ بۆ ٠.٠٥ گرام/م٣ یە. دروستبوونی هەور کاتێک دروست دەبێت کە هەڵمی ئاو دەگۆڕێت بۆ مادەیەکی شل، بەڵام تەم کاتێک دروست دەبێت کە هەوای نزیک ڕووی زەوی ئەوەندە سارد بێتەوە کە هەڵمی ئاو بگۆڕێت بۆ ئاوی شل یان سەهۆڵ.

ھەواڵی زیاتر