لە ساڵی ڕابردوو، ٢٦٠ هاوسه‌رگیریله‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا تۆمار كراوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

تەنیا لە پارساڵدا 260 حاڵه‌تی هاوسه‌رگیری له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆماركراوە. له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٢٣، ١٠٠ هاوسەرگیری هه‌بووه‌ و، له‌ شه‌ش مانگی دووه‌میشدا، ١٦٠ حاڵه‌ت تۆمار كراوە.

پارێزەر محەمەد ساڵح، دەربارەی چۆنییەتی و سزای ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: بە پێی بڕگەی ٥ لە مادەی ١٠ ی یاسای باری کەسیەتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراودا، هەر کەسێک گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام بدات لە دەرەوەی دادگا، سزا دەدرێت بە غەرامەیەک کە لە ملیۆنێک دینار کەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن زیاتر نەبێت.
هەروەها سزا دەدرێت بە حەبس کردن لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر هاتوو هاوسەرگیرییەکی تر بکات لە ژیانی هاوسەریی دا واتە ژنی دووەم یان زیاتر بێنێت لە دەرەوەی دادگا.
ئەو پارێزەرە زیاتر ئاماژەی پێدا و گوتی: هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەیە، لەو هاوسەرگیرییەدا ژنان زەرەرمەندی یەکەمی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگان، چونکە لە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ژنان هەموو مافێکیان دەفەوتێت.
چالاکوان و پارێزەر ئەمیر محەمەد، دەربارەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا هۆکارێکی سەرکییە بۆ جیابوونەوە، چونکە زۆربەی ئەوانەی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ئەنجامدەدەن هاوسەرگیری دووەمیانە یان کچەکە تەمەنی یاسای تێپەر نەکردووە. ئەگەر چی بەپێی یاسا پێویستە پرۆسەی هاوسەرگیری سەرەتا لە دادگا ئەنجام بدرێت پاشان لەلای مامۆستای ئاینیی، بەڵام تا ئێستا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بەردەوامی هەیە.
زیاتر گوتی: بەپێی ئەو ئامارانەی كە بڵاوکراونەتەوە لەلایەن دادگاوە لە پارساڵدا٢٦٠ حاڵەتی هاوسەرگیری هەبووە لە سنووری هەولێر کە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیریان ئەنجامداوە و لەو ژمارەیەش ٢٠٠ حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگا جیابوونەتەوە تەنیا ٦٠ حاڵەتیان لە دادگا جیابوونەوەیان ئەنجامداوە.
ئەو پارێزەرە زیاتر ئاماژەی پێدا و گوتی: بەڕاستی کارەساتە بۆ ژنان کاتێک لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، چونکە هەموو مافێکیان دەفەوتێت و ئەو ژنە کاتێک منداڵی دەبێت ناتوانێت ناسنامە بۆ منداڵەکەی دەربکات کاتێکیش ئەو منداڵە بچێتە قوتابخانە ئەوە بێ ناسنامە قەبوولی ناکەن و لەکاتی جیابوونەوەی دوو هاوسەر مافەکانی ژنان هەمووی دەفەوتێت، چونکە ناتوانین لە دادگا داکۆکی لە مافی ژنەکە بکەین بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری(عقد زواج)، بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری ناتوانین لە دادگا پارە لە پیاوەکە بستێنین بۆ قەرەبووکردنەوەی ژن و منداڵەکەی، چونکە بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری(عقد زواج)، دادوەر ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک پشتگیری ژنان بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری(عقد زواج)، پیاوان دەتوانن لە شارەکانی دیکەی هاوسەرگیری بکەن بەبێ ئەوەی دادگا ئاگاداربێت کە ئەم پیاوە هاوسەری هەیە و رێگە نەدات جارێکی دیکە هاوسەرگیری ئەنجام بدات. ئێمە بەردەوام سیمینارمان ئەنجامداوە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کچان سەبارەت بە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا کە چۆن لێکەوتی خراپی لێدەکەوێتەوە.
یەکێک لە لێکەوتە خراپەکانی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ئەوەیە کە ژنان لەکاتی جیابوونەوەدا هەموو مافەکانیان دەفەوتێت، لە ماوەی دوو مانگدا نزیکەی ٢٠ حاڵەتی لەم جۆرەمان بۆ دێت کە ئەو ژنە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری ئەنجامداوە، ئێمەش هەوڵ دەدەین مافی ئەو ژنە نەفەوتێت بەڕاستی زۆر زەحمەتە بتوانین مافی تەواوی ئەو ژنە بستێنین. کاتێک ژنێک لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری ئەنجام دەدات پاشان هەوڵی تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەی بدات لە دادگا پێویستە دوو کەس ئامادەبن بۆ ئەوەی شایەدی بدەن لەسەر هاوسەرگیری ئەو کەسە، بەڵام بەمەرجێک پیاوەکە نکۆڵی لەم هاوسەرگیریە نەکات، هاوسەرگیری دەرەوەی یاسا لێکەوتی خراپی زۆر دەبێت و ژنان زەرەرمەندی یەکەمی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگان، چونکە مارەکردن لەلای مامۆستای ئاینی دانپێنراو نیە لەلایەن دادگا، ئەمەش مافی ئەو ژنە دەفەوتێت لەکاتی جیابوونەوە، هەروەها کاتێک ئەو ژنە مندالی دەبێت بەشێوەیەکی فەرمی هاوسەری نیە بۆیە کێشە دروستکردنی بەڵگەنامە بۆ ئەو منداڵە دروست دەبێت.
بۆیە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ جیابوونەوەی دوو هاوسەر، چونکە زۆربەی ئەوانەی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ئەنجامدەدەن هاوسەرگیری دووەمیانە یان کچەکە تەمەنی بچوکە و تەمەنی یاسای تێپەر نەکردووە بۆ هاوسەرگیری کردن، وە زەرەرمەندی یەکەمی ئەم پرۆسەیە ژنانن

ھەواڵی زیاتر