چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دیپ فەیک (ساختەکاری قوڵ)،هەڕەشە گەورەکەی سەر مرۆڤایەتی

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لە سەرەتای سەر هەڵدانییەوە تا ئێستا، تەکنەلۆجیا لە زۆر ڕووەوە خزمەتی گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە و زۆر کاری گرانی بۆ ئاسان کردوین و زۆر ڕێگەی درێژی بۆ کورتکردووینەوە. بەڵام ئێستاکە و لەم ئاستەی پێشکەوتنیدا ڕەنگە لە جێی خزمەت، زیان بە تاکەکانی مرۆڤایەتی بگەیەنێت و بگرە ڕەنگە هەڕەشەش بێت بۆسەر دانیشتوانی جیهان.

لەگەڵ بەرەوپێشچونی شۆڕشی تەکنەلۆجیا، تەکنیکەکانی وێنە و دەنگ و گرافیک و ڤیدیۆ و دەستکاریکردنی تایبەتمەندییە بنەرەتییەکانی تاک گەیشتوەتە ئاستێک، زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیش دروستکردووە. شۆڕشی تەکنەلۆجیا بووەتە بەشێک لە ژیانی سەرجەم تاکەکانی دانیشتوانی گۆی زەوی و لەپاڵ کۆمەڵێک سود و کاریگەری ئەرێنی لە بواری زانستی و پیشەییدا، بەجۆرێک کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکوڵی بکات لە کرانەوەی دەروازەکانی جیهان بەهۆی تەنکنەلۆجیاوە بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە بووەتە هۆی دروستبونی کۆمەڵێک کێشە چ لەسەر ئاستی تاکەکەسی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
زیرەکی دەستکرد چەندیین جۆر و شێوازی هەیە و بە چەند شێوازێکی جیا جیا بەکاردێت بەڵام مەترسیدارترینیان تەکنەلۆجیای (دییپ فەیک)ە واتە ساختەکاری قووڵ کە تەکنەلۆجیایەکی زیرەکە و بەکاردێت بۆ دروستکردنی ڤیدیۆیەک یان دەستکاری کردنی ناوەڕۆکەکەی بەتەواوی بۆ ئەوەی شتێک دروستبکات و پیشانبدات کە لە بنەڕەتدا بوونی نیە.
ئەم تەکنەلۆجیایە وێنەی کەسێک بەبێ ویست و ئاگاداری خۆی، دەگۆڕێت بۆ گرتەی ڤیدیۆیی و دەم و ڕوخساری کەسەکە دەخاتە جوڵەو بە دەنگی هەمان ئەو کەسە قسە دەکات. بە واتایاکی تر بەرنامەکە بەکاردێت بۆ دروسکردنی ڤیدێۆی ساختە کە بە جۆرێک وورد و قەناعەتپێهێنە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڤیدیۆی ڕاستەقینە نیە. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تاکەکەسی هەیە بەجۆرێک کە بەم دواییانە کەسایەتییە ناودارەکانی وەک سیاسییەکان و ئەکتەر و یاریزانان کەوتونەتە بەرهێرشی ئەم تەکنەلۆجیایە.
دەکرێت بڵێین کە تەکنەلۆجیا نوێیەکە لە هەندێک ڕووەوە خزمەتی بە هەندێک بواری تایبەت کردووە لەوانە لە بواری سینەما و پیشەسازی فیلمدا یارمەتیدەرێکی زۆر باشبووە بۆ کەمبونەوەی تێچوی بەرهەمهێنان و زیاد بوونی قازانج هاوکات لە پیشەسازی بازارکردن و ڕیکلامیشدا بەهەمان شێوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکەوت کردنی خەرجییەکی زۆر. بەڵام هێشتا زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە کە ئەگەر بمانەوێت سود و قازانجی ئەم تەکنەلۆجیایە زۆ تر بێت لە زیانەکانی، ئەوا پێویستە بەکارهێنانی سنوردار بکرێ بە جۆرێک کە هەموو کەس نەتوانێت بەکاریبهێنێت بەڵکو تەنها ئەو کەسانە بەکاریبهێنن کە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرن.
ئەم تەکنەلۆجیایە سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٧ تەنیا بۆ جوڵاندنی دەم لە فیلمەکانی هۆڵییود بەکار دەهات بەڵام دواتر و لەساڵی ٢٠١٧ بەدواوە ئاسانکاری زیاتر لەم تەکنەلۆجیایە کرا بە جۆرێک کەسانی ئاسایی توانیان بەکاریبهێنن و بەم هۆیەشەوە کەسایەتیە دیارەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گیرۆدەی خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە بوون.
فەرهاد عوسمان خۆشناو توێژەری کۆمەڵایەتیە و پێیوایە ئەم بابەتانە لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتییان دەبێت و بە پێویستیشی دەزانێت هۆشیاری لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبکرێتەوە، ناوەندەکانی خوێندن و میمبەرەکانی مزگەوتیش بە شوێنێکی گونجاو دەزانن بۆ ئەم هۆشیارکردنەوەیە. وتیشی دەبێت هەموان لە مەترسیەکانی ئەم تەکنەلۆجیایە ئاگاداربین و بە هەموو شێوەیەکیش هەوڵی هۆشیارکردنەوەی دەوروبەرمان بدەین..
فەرهاد عوسمان خۆشناو گوتیشی: باشتر وایە هەمووان لەوە تێبگەین کاتێک وێنە یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبینین، ڕاستەوخۆ کاردانەوەمان نەبێت بەڵکو لە سەرچاوەی ڤیدیۆ و وێنەکە بکۆڵینەوە چونکە ڕەنگە ئەوە یەکێک بێت لەو بابەتە ساختانەی نێو تەکنەلۆژیا، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوە و ودەکارییەکی باش بکرێت چونکە کاردانەوەی خێرا کارەساتی گەورەی بەدواوەیە.