لە وەرزی سەرمادا خواست لەسەر سۆبەی دار زیاد دەکات

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا بەهۆی گرانی نرخی سوتەمەنی و کەمی کارەباوە خواستی هاوڵاتیان لەسەر بەکارهێنانی سۆبەی دار بۆ خۆگەرمکردنەوە زیاد دەکات بەتایبەت لە گوندەکان و ناوچە ساردەکانی دەوروبەری شارەکاندا.

هەرچەندە جاران تەنها لە گوند و باخ و ڤێلای دەوروبەری شارەکان سۆبەی دار بەکاردەھات، بەڵام ئێستا بەهۆکاری جیاجیا خەڵک لەناو شارەکانیش خواستیان لەسەر سۆبەی دار ھەیە کە دیارترینیان هۆکاری گرانبوونی نرخی نەوت و نەبوونی کارەبایە هەندێکیش تەنها وەک خولیا و ئارەزوو، کورەی ئاگر بۆ دیکۆر و خۆگەرمکردنەوە بەکار دەهێنن.
ئەو سۆبە دارانەی کە لە بازارەکانی هەرێمیش دەفرۆشرێن، زۆرینەیان دروستکراوی بازارەکانی ناوخۆی هەرێمن کە چەندین وەستای دەسترەنگین لەو بوارەدا لە بازاری شارە جیاوازەکانی هەرێمدا کار دەکەن و هەندێکیان پیشەکەیان لە باوباپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن ئەوان پلێتەکان لە وڵاتانی تورکیا و ئێران دەهێنن و دواتر لێرە خۆیان سۆبەی داری شێوە جیاوازی لێ دروستدەکەن.
وەستا لوقمان حەسەن ماوەی نیو سەدەیە لە شاری هەولێر پیشەی دروستكردنی سۆبەی دارە كە لە باوكییەوە بۆی ماوەتەوە، ئەو ساڵانە بە بیرۆكەی نوێ دەست دەكات بە دروستكردنی سۆبەی دار و لەئێستاشدا، لەبری سۆبەی بازنەیی، سۆبەی چوارگۆشە بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست دەكات كە خواستی ئەو شێوازەیان هەیە.
چەند ساڵێک پێش ئێستا هاوڵاتیانی ناو شارەکانی هەرێم ڕویانکردبووە بەکارهێنانئ سۆبەی غازی شل(ئێل پی جی) بۆ گەرمکردنی ماڵ، بەڵام دوو ڕووداوی تراژیدیی لە سلێمانی و دهۆك، خواستی لەسەر ئەو ڕێگەیە كەمكردەوە، دوای ئەوەی ساڵی پار زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی بەهۆیەوە گیانیانلەدەستدا و ٥٠ كەسیش بەهۆی تەقینەوەی سیستەم و تانکی غازەوە برینداربون.

محەمەد لادێ

ھەواڵی زیاتر