لەسلێمانی نیپاڵی و بەنگلادیشی سەریانكردۆتە كڕینی بەرد

مەزهەر كەریم – سلێمانی

هاوڵاتیانی نیپاڵی و بەنگلادیشی لەناو وردەواڵە فرۆشانی شاری سلێمانی سەریان كردۆتە كڕینی بەردی یاقوت و مەرجان و زەفیر بڕوایان وایە لەنەخۆشی و چاوی پێس بەدوور دەبن و ومرازیان حاسڵ دەبێت بەوهۆیەوە دەیبەنەوە وڵاتانی خۆشیان.

بەكارهێنانی بەردی مێژوویی و كۆن لەلایی زۆربەی نەتەوەكانی جیهان بەكاردەهێنرێت و قسەو باسی جۆراو جۆری لەوبارەوە دەكرێت لەئێستادا ئەم بەردانەش لەبازاڕەكانی سلێمانی و كوردستان بوونیان هەیە. كەسانێك وەك نیپاڵی و بەنگلادیشی دەیكڕن و وەك ئەفسانه یەك بەكاری دەهێنن.محمدر جەعفەر لەبەردەرگای مزگەتی گەورە لەسلێمانی لەسەر مێزێك چەندین جۆر بەردی ڕەنگا و ڕەنگ و قەبارە جیاوازی دانابوو لەوبارەوە بۆ “هەولێر” گووتی:” بەردی یەشیم و قەمەری ڕەنگ سپی و ڕەنگ تاوسیم هەیە لەوڵاتانی ئەمریكا و هیندستا و كەنداوی عەرەبیەوە هاتونەتە كوردستان هەرچی بەردی ئۆپاڵیشە هاوردە دەكرێت كە هیی وڵاتانی ئوسترالیا و ئەفریقا و مەكسیك و ئیدۆنیزیایە لەڕێگەی وڵاتی ئێرانەوە دەگاتە دەستمان” .ئەو لەبارەی نرخی بەردەكان و كڕیارەكانی وتیشی:” ئەم بەردانە نرخیان لە دوو هەزار دیناری عێراقیەوە دەست پێدەكات بۆ دوو ملیۆن دینار، زۆرینەی كڕیارەكانیش بەنگلادیشی و نیپاڵین و عەرەبیش ناوبەناو دێن دەیكڕن،بەڵام كوردەكەی خۆمان هێندە شارەزایان لەجۆرەكانیدا نییەو هێشتا پێی ئاشنا نەبوون، دێن و پرسیار دەكەن هەیانە دەیكڕێت بۆ جوانی بەكاری دەهێنێ”. (جەعفەر محەمەد) دەشلێت:” هاووڵاتیانی خۆمان بەردی یاقوتی ڕەنگ زەرد و شێوە ئەستێرەی، رۆڤیستار و زەفیر و زەمڕوت دەناسێتەوە هەرچی بەردی جەزعو، دەمار و عەتف ‌و بەردی شەرق شەمش ‌و بەردی پرین ‌و تۆماس‌و ئەندێس ناناسنەوە و نازانن بۆچی بەكاردەهێنرێت بەڵام بەنگلادشی و نیپاڵی عەرەب ئەم بەردانە زۆرجاك دەناسنەوە و دەزانن بۆچیش بەكاردێت و زۆریش باوەڕیان پێیەتی”. وتیشی:” بەردی سلێمان و جەزعەكانی عاجی فیل و عاجی كەركەدەن بۆ ئەوە بەكاری دەهێنن، ئەو كەسانه ئاواتێك دەخەنە دڵییانەوە لەسەر بەردەكە هەڵیدەكۆڵن تابەوهۆیەوە ئاواتەكەیان بێتە دیی. بەتایبەت نیپاڵی و بەنگڵادیشی پاشان فارس و عەرەب دەیكڕن و باوەڕیان پێیەتی بەڵام خەڵكی خۆمان بەوەریان بەوە نیە”. لەبارەی ئەوەی لەكوردستان بەردی جوان و بەنرخمان هەیە یان نا ئەو وتی:” بەردی زۆر جوان و بەنرخمان هەیە لەكوردستان بەس نەبەدوایدا گەڕاوین نەگرنگیمان پێداوە بۆنموونە جۆرە بەردێكمان هەیە زۆر لەبەردی دوڕی نەجەفی دەچێت كەلایی ئەوان پیرۆزە و دۆعای لەسەر دەنووسن، بەڵام لایی ئێمە بەگرنگ سەیر ناكرێت و بایەخی پێنادرێت”. ئەو باسی لەوەش كرد بەردی دوڕی یەمەنی جیاواز لەبەردی دوڕی نەجەفی لەهەموو بەردەكانی دیكە پڕفرۆشترە لەبازاڕەكان عەرەب زۆر دەیكڕن وەك هێزێكی ڕۆحانی بەكاردی دەهێنن .ئەم بەردە بەپێی قەبارە و تەمەنی نرخەكەی دەگۆڕێت باشترینی نرخی دەچێتە یەك ملیۆن دینار.