دۆشاوی شۆكە لەبازاڕەكان خواستی زۆری لەسەرە و دەست ناكەوێت

هەموو سەرەتای پایزێك بەبوون یان نەبوونی دۆشاوی شۆكە دیاری دەكرێت. ئەمساڵیش وەك پار و پێرار ساڵ ساڵی دۆشاوی شۆكە نەبوو. هەموو سالێك جووتیارانی سنووری گوندەكانی پێنجوێن و شارباژێر بەهیواوە دەڕوانە دۆشاوی شۆكە، كە شیلەیەكی سروشتیبە لەسەر گەڵای درەختان دە بارێت .

(بەهادین خدر) شارەزایەكی باشی لەدروستكردنی دۆشاوی شۆكە هەیە كە لەئێستادا لەبازاڕەكانی كوردستان كڕیارێكی باشی هەیە. ئەو باسی ئەوەی بۆ “هەولێر” كرد:” شۆكە بەرهەمێكی خۆماڵی سروشتی كوردیە. پاییزان وەك شیلەی سپی دەبارێتە سەر گەڵای دار بەڕوو، جووتیارەكانیش بەڕێگەی تایبەت كۆیدەكەنەوە و پاشان لەئاودا شیلەكە دەكوڵێنن تا خەست دەبێتەوەو دەبێتە دۆشاو”.
(بەهادین خدر) كە خۆی خەڵكی پێنجوێنەو شارەزایەكی باشی لەو ناوچەیە هەیە ئەوەی بۆ “هەولێر” باسكرد:” بەم ساڵەوە ماوەی سێ پایز دەبێت لەسنووری پێنجوێن و شارباژێر هیچ شۆكەیە نەبوە و نەباریوەتە سەر گەڵای درەختەكان ئەمەش وایكردوە ژمارەیەك لە جووتیاران كە چاوەڕێ بوون شۆكە هەبێت خۆیان بۆ ئامادەكردبوو به ڵام نەبوو، هەر چەندە ساڵانە داواكاریەكی زۆری لەسەرە لەناو بەرهەمەخۆماڵیەكاندا لە بازاڕەكانی كوردستان.
پەیامنێری هەولێر لەگوزەری هەنگوین فرۆشەكانی سلێمانی بۆ یەكەم جار لەدوكانەكەی (ئەبوبەكر عەلی) كە فرۆشیاری بەرهەمە خۆماڵیەكانە چاوی بەدۆشاوی شۆكە كەوت. ئەو دۆشاوی شۆكەی لەناو دەبەیەكدا هەڵگرتبوو كاتێك ئێمە لەبارەی دۆشاوەكەوە پرسیارمان لێكرد دەبەكەی بۆ دەرهێناین و نموونەی دۆشاوەكەمان تامكرد كە تامێكی شیرینی هاوشێوەی هەنگوینی هەبوو، بەدەم تامكردنی دۆشاوەكەوە ئەوە ی گووت د” شۆكە یەكێكە لەو بەرهەمە سروشتیانەی كە خەڵك زۆر خواستی لەسەری هەیە و دەڵێن بۆ ناوسك زۆرباشە بەتایبەت لەوەرزی پایزدا.
(ئەبوبەكر) خۆی خەڵكی پێنجوێنە دەبەیەكی تایبەت لەشۆكەی بۆخۆی دروستكردبوو پێكهاتبوو لەگوێزو فستق وكە تامێكی زۆر تایبەتی هەبوو.
وتیشی” لەئێستادا شۆكە لەبازاڕەكانی كوردستان كیلۆی پانزە بۆ بیست هەزار ددینار دەكات بەڵام ئەوە بۆ سێ ساڵ دەبێت شۆكە نیە ئەوەشی هەیە و بەكاری دەهێنین هیی ساڵانی ڕابردووە، ئەگەر لەشوێنی باش هەڵبگیرێت تا سێ چوار ساڵ هیچی لێنایەت،ە
قسەكانی ئەبوبەكر ئەو ڕاستەی تێدایە كەچەند سالێك دەبێت بەهۆی دۆخی داراییەوە خەڵكی زیاتر چاوی لەخواردنە خۆماڵیەكانە لەگەڵ ئەوەشدا لەئێستادا گوند نشینەكان بەهۆی بێكاریەوە پەنایان بردۆتە بەر كارەكانی پێشوویان كە جاران فەرامۆشیان كردبوو.
(یاسین) خواستی لەسەر دۆشاوی شۆكە هەیە هەمان رای هەیە و بڕوای وایە دۆخی خراپی دارایی خەڵك ئەو لایه نه ی باش بوە كه خەڵكی دووبارە ئاشتكردۆتەوە لەگەڵ كۆمەڵێك پیشەدا كەبەهۆ نەبوونی مووچە یان كاری دیكەوە فەرامۆشكرابوو بۆیه گووتی: ” ئەوە دووساڵە لە جووتیارانی سنووری پێنجوێن دەپرسم بۆ دۆشاوی شۆكە ئەوان لەوەڵامدا دەڵێن زیاتر لەجارێك چوینەتە كوێستانەكانی ئەو ناوچەیە ئامادەكاریمان كردووە بەڵام نیە ئەگەر ساڵی ئایندە شۆكە هەبێت. چونكە تەجروبەمان كردوە كە چەند سالێك شۆكە نەبێت ئەوە ساڵانی داهاتوو باش دەبێت.
(یاسین) باسی ئەوەشی كرد بۆ هەولێر:” چەند ساڵە دۆشاوی شۆكە بەكاردەهێنێت كێشەی لەنرخەكەیدا نیە، خۆماڵیە،ترسی ئەوەی نیە زیانی تەندروستی هەبێت، هەتا دۆشاوی شۆكە هەبێت دۆشاوەكانی دیكەی وەك خورما و ترێ و جۆرەكانی دیكە بەكارناهێنێت. برا و خزم و كەسوكارەكانیشی لەشاری سلێمانی دۆشاوی شۆكە بەكاردەهێنن.
شۆكە و بەرهەمە خۆماڵیەكان هەرچەندە كەمبووبن بەڕای ئابووری ناسان لەم دۆخەدا خواستی زۆریان لەسەرە ئەمەش ئەرك دەخاتە سەرشانی هەموولایەك ئەم بەرهەمانه گەشە . پێبدەن. (د. كامەران ئەحمەد) مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە :”شۆكە بەرهەمێكی خۆماڵیە كەبەرهەمی نیشتمانی كوردن و نەبوونیان لەبازاڕەكان هەبوونی خواست لەسەری زیانی ئابووری دەبێت. ئەم جۆرە بەرهەمانە پەیوەستن بەبازاڕەوە ئەگەر ئەمساڵیش نەبێت، كه خواستیان لەسەر بێت ئەوە لەساڵانی ئایندەدا زیاتر پەرەدەستێنێت، ئەگەر خواستی لەسەر نەبێت بەرهەمەكە دەپوكێتەوە، بەنموونە تووتن چونكە خواستی كەمی لەسەرە چەند كەسێكی كەم لەسنووری پشدەر لێیدەزانن.
هەرچەندە شۆكە بەرهەمێكی خۆماڵیەو خواستی لەسەرە، بازاڕی پەیداكردوە و رێژەكەیشی لە سالێك بۆ ساڵێكی دیكە زیاد و كەم دەكات. جووتیاران بەتوانای خۆیان بەرهەمی دەهێنن ئەمەش شتێكی باشە، بەڵام شۆكەی ڕوون هەیە جۆریەتی باش نیە، هەشە خەستە و كوالێتیەكەی زۆر باشە.