چووکبوونەوەی قەبارەی خێزان لە کۆمەڵگەی کوردی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

قەبارەی خێزان لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا دێت بەرەو بچووکبوونەوە دەڕوات و ئەمەش لە چەندین لایەنی وەک سیاسی و ئابوورییەوە گاریگەریی نەرێنی لە کۆمەڵگەی کوردی دروست دەکات.

ئێستاکە خێزانەکان بە هۆکاری سەختبوونی باری گوزەران بەگشتی بیر لە منداڵی زۆر ناکەنەوە، چونکە دەیانەوێت گرنگییەکی تەواو بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بدەن، بەهۆی جەنجاڵی ژیانیش لە ئێستەدا لەگەڵ منداڵی زۆردا ئەمە پەیڕەو ناکرێت، هەربۆیە ژمارەی خێزان لە کۆمەڵگەی کوردی بە تێکڕایی کەم بووەتەوە بۆ چوار یان پێنج کەس بە لایەنی زۆرەوە. ئەگەر سەرنج بدەین لە سێ نەوەی پێش خۆمان دەبینین ڕێژەی لەدایکبوون بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە چونکە ژمارەی ئەندامانی خێزان بە تێکڕایی لە ٨ بۆ ١٠ کەسەوە کەم بووەتەوە بۆ پێنج کەس. کە ئەمەش لە زۆر ڕووەوە زیان بە دانیشتوانی ئەم هەرێمە دەگەیەنێت هەم لە ڕووی کەمبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە ئێراق لە کاتێکدا خێزانە عەرەبەکانی ئێراق گرنگی بە بوونی منداڵی زۆر دەدەن، هەمیش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەستی کار و هەڵکشانی تەمەنی دانیشتوانی هەرێمەکە بە گشتی و وا دەکات ڕێژەی منداڵ و گەنج کەم ببێتەوە و ڕێژەی بەساڵاچوان زیاد بکات.
قەبارەی خێزان لە كۆمەڵگەی كوردیدا بە بەراورد بە كۆمەڵگای عەرەبی عێراقی، جیاوازییان هەیە، چونكە كۆمەڵگای كوردی زووتر بەڕووی دنیادا کراوەتەوە و کاریگەری ڕۆژئاوای زیاتر لەسەرە.
بەپێی ئامارەكان لە ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٢٣ملیۆن كەس بووە، لەو ژمارەیە هەرێمی كوردستان ٤ملیۆن و ٣٠٠هەزار كەس بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ دانیشتوانی ئێراق بووە بە ٣٩ملیۆن كەس و لەم ژمارەیە هەرێمی كوردستان ٥،٨ملیۆن كەسە واتا دەگاتە ڕێژەی لە ١٤٪ی دانیشتوانی عێراق، لەماوەی ١٦ ساڵدا ڕێژەی كورد لە عێراق‌ .٤٪ كەمی كردووە، ئەگەر ڕێژەی گەشەكردنی دانیشتوانی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە ساڵی ٢٠٥٠ دانیشتوانی هەرێمی كوردستان تەنها ٧٪ی جەماوەری ئێراق پێك دێنێ. بۆیە دەكرێ حكومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكان كاری جددی بكەن لەسەر بابەتی زیادكردنی خێزان.
خێزان بنچینەی سەرەکی پێکهێنانی کۆمەڵگەیە و گوزارشتە لە دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتی و یەكەیەكی گرنگی بنیادی كۆمەڵگایە بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە خێزان دەبێتە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەهۆی کەمی ڕێژەی لەدایک بوونی منداڵ و پێشکەوتنی بواری پزیشکی کە وا دەکات دۆخی بەساڵاچووان باشتر بێت لە ڕووی تەندروستییەوە، هەموو پێنج ساڵ جارێک تەمەنی سفر بۆ ١٤ ساڵان لە هەرێمی کوردستان کەم دەکات و تەمەنی سەروو ٦٥ ساڵان زیاد دەبێت.
سیروان محەمەد ئاماژەشی بەوە کرد کە کە ڕێژەی منداڵانی تەمەنی سفر بۆ ١٤ ساڵ ٣٤.٧٪ ی کۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم پێک دەهێنێت و پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ ئەو ڕژەیە کەم ببێتەوە چونکە بەپێ یاسای دیمۆگرافی لە هەرێم ڕێژەی ئەو تەمەنەی دانیشتوان، پێنج ساڵ جارێک کەمبوونەوە بە خۆیەوە ببینێت. پێشبینیش دەکرێت ڕێژەی تەمەنی سەرو ٦٥ ساڵی بەرەو زیاد بوون بڕوات و ئەمەش وا دەکات ساڵ بە ساڵ کۆمەڵگەکەمان لە کۆمەڵگەیەکی پیر نزیک ببێتەوە.
نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لێکۆڵینەوە جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن کە بەهۆی کەمی ڕێژەی لە دایک بوون و پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی لە جیهاندا، تەمەنی دانیشتوانی جیهان بە شێوەیەکی خێرا بەرەو پیری دەڕوات.
بە گوێرەی بنەماکانیش لە هەرێمی کوردستان هەرکەس تەمەنی گەیشتە سەرووی ٦٥ ساڵان، بە پیر هەژمار دەکرێت، بەو پێیەش ٥٪ی دانیشتوانی هەرێم بەساڵاچوونە.
سیروان محەمەد، ڕایگەیاند بەپێیی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی هەرێم، نزیكەی ٧ملیۆن و ٤٢٦هەزار كەسە کە ٦٦٠هەزاریان ئاوارەو ٢٦٦هەزاریان پەنابەرن. وتیشی بەپێی خەمڵاندنێك كە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كراوە، پێشبینی دەكەین تاوەكو تەواو بوونی ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بگاتە ٦ملیۆن و ٥٥٠هەزار کەس جگە لە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران. وە لەم ڕێژەیەش ٥٪ی بەساڵاچوونە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵی پار ئەو ڕێژەیە ٤٪بووە.

ھەواڵی زیاتر