بەم نزیکانە سێوی بەرواری باڵا هەناردە دەکرێت

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، بەمنزیکانە سێوی “کانی ماسێ”ی بەرواری باڵا هەناردەی ئیمارات دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2023، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، راگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا سێوی بەرواری باڵا، کە هی ناحیەی کانی ماسێ هەناردەی ئیمارات دەکرێت.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی: “ئێستا وەرزی سێو لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، ئەو سێوانەی کە باشن بۆ هەناردەکردن لە کۆگاکانمان، پڕۆسەی پاکێجینکی ماوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بابەتی تر بەکاری دەهێنین، ئەو پڕۆسەیە تەواو بێت راستەوخۆ هەناردەی دەکەین”.

پێشتریش لە فێستیڤاڵی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی راگەیاندبوو: “ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی سێوی بەرواری باڵا، بۆ ئەوەی بە پاکێجێکی جوان هەناردەی دەرەوەی کوردستان بکرێت”.

لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، جگە لە سێو چەندین جۆر بەرهەمی تری کشتوکاڵی وەک  پەتاتە، هەنار، هەنجیر، گوێز، شیش، چیمەنتۆ و ئاسن هەناردە دەکرێن.