ژیان بەبێ پلاستیک؛ یەک جار بەكاری دەهێنین و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ئەگەر پارچە پلاستیكێک ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروست كرابێت، تا ئەمڕۆش دەمایەوە؛ باوەڕ دەكەی؟

بەرپرسێكی دامەزراوەیەكی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان پێی وایە پلاستیك لە ١٠٠ بۆ هەزار ساڵ دەخایەنێت تا دەگۆڕێت بۆ مایكرۆپلاستیك، یان بۆ گەردیلەی بچووكی پلاستیك. ئەم پارچە پلاستیكیانە لە ژینگە و زەریاكانماندا دەمێننەوە، ماسی دەیخۆن و ئێمەش بە نۆرە ماسی دەخۆین! لە ساڵانی ١٩٥٠وە تا ئێستا ٨.٣ملیار تۆن پلاستیك بەرهەم هێنراوە.
مەعروف مەجید بەرپرسی ڕێكخراوی ‎سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە‎ لە تازەترین توێژینەوەیدا باسی لەوە كردووە ئەو شتە چییە كە جارێك لە ژیانماندا بەكاری دەهێنین بەڵام بۆ هەمیشە لە ژینگەكەماندا دەمێنێتەوە؟
وەڵام: شتومەكی پلاستیكی یەک جار بەكارهێنراو، لەوانە: كیسی نایلۆن، دەفر، كوپ و چەقۆ (چنگاڵ و كەوچكی پلاستیكی و کێرد). ئەم ئامرازانە بە خێرا بەكارهێنان دادەنرێن بەو پێیەی پێویست ناكات تاك پاكیان بكاتەوە و ئینجا بەكاریان بهێنێتەوە، بەڵام زۆر خراپن بۆ تەندروستی ئێمە و زیندەوەرە زیندووەكان و ژینگە!

پلاستیك نامێنێت و شی نابێتەوە
لەوانەیە سەرت سڕبمێنێ كە بزانیت ئێستا ٥ترلیۆن پارچە پلاستیك لە زەریاكانماندا هەیە، كە بەسە بۆ ئەوەی زیاتر لە ٤٠٠ جار بە دەوری زەویدا بسووڕێتەوە. پلاستیك لە ماددە كیمیاییەكان دروست دەكرێت كە لە سروشتدا ناتوانرێت لەناو ببرێن.
بۆیە زۆربەی بەفیڕۆدانی بەرهەمە پلاستیكیەكان بەتایبەت كیسی نایلۆن بە ئاسانی فڕێ نادرێن و ناتوانرێت هەموویان ڕیسایكل بكرێنەوە، تەنها 9% ڕیسایكل دەكرێت و بەم شێوەیە بارگرانییەكی گەورە لەسەر ژینگە و مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە و زیندەوەرە زیندووەكان پێكدەهێنێت.

ئایە چارەسەر چییە
هەنگاوی یەكەم لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیكی یەكجار بەكارهێنانەوە دەست پێدەكات، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بەكاربەر بەشێك لە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت بە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیك لە هەڵبژاردنەكانی ڕۆژانەیدا.
لە هەمووی گرنگتر، بەرەنگاربوونەوەی پلاستیكە لە سەرچاوەوە، لە كۆمپانیاكانەوە كە پلاستیكێكی یەكجار بەكارهێنراو لە بەرهەمەكانیاندا بەكاردەهێنن و بەكاربەر هیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەستدا ناهێڵنەوە، ئێمە وەك تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە دەبێ بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن گۆڕانكاریی سوودبەخش لە ژینگەدا بكەین. بزووتنەوەیەكی گەشەسەندنی كەسانێك هەیە كە ئەو گێڕانەوە كۆنە ڕەت دەكەنەوە كە دەڵێن پلاستیك بۆ یەك جار بەكارهێنان شتێكی حەتمییە و دەزانن كە مرۆڤەكان ئەم كێشەیەی دروست كردووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئێمە هێزی چارەسەركردنیمان هەیە.
ئایا هێشتا هەڵدەبژێریت خواردنەكەت بە چەقۆ و چنگاڵێكی پلاستیكی بخۆیت؟ ئایا هێشتا لە هەر گەشتێكدا بۆ ماركێتەكە چەندین كیسە بەكار دەهێنیت، دەزانیت لە گەدەی ئاژەڵێكدا كۆتایی دێت؟
پێموانییە، ئەگەر بە ڕاستی بڕیارت داوە گۆڕانكارییەك بكەیت، ڕێنمایی ژینگەیی دابەزێنە، چۆن دەتوانیت یارمەتیدەر بیت بۆ وەستاندنی بۆ جیهانێكی بێ پلاستیك . با لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین