كچێک: باوكم هێندە ئازاری دام سەری خۆمم هەڵگرت

مەزهەر كەریم – سلێمانی

كچێكی تەمەن ٢٨ ساڵان كە پێشتر لە گرتووخانەی چاكسازیی سلێمانیدا ژیانی بەسەر بردووە دەڵێت: “لەو كاتەوەی دەستگیر كراوم، كەس سۆراغی لێ نەگرتووم تەنانەت باوك و برا و كەسوكارەكەشم.”

باوكم هێندە ئازاری دام تا ماڵەكەم بۆ بەجێ هێشت
“س. ع” لەچاكسازی ژنان ڕاگیراوەو خەڵكی ڕانیەیە، چەند ساڵێكە دایكی نەماوە و لەگەڵ باوك و براكەی بەتەنیا ژیان بەسەردەبات، ئەو وتی: باوكم زۆر خراپ بوو لەگەڵم بەردەوام ئازاری دەدام و لێی دەدام؛ جوێنی زۆری پێ دەدام ڕۆژانە چەندین كاری جۆراوجۆری پێ دەكرم و دەیناردمە دەرەوە لە ماڵ، كە لە توانای مندا نەبوو، ماوەی چەند ساڵێك دەبێت دایكم نەماوە؛ دوای مردنی ئەو منی لێ زیاد بوو، چارەی منی نەدەویست، رقی لێم بوو دەیویست هەرچۆنێك بێت لەو ماڵە وەدەر بنێت ‌و لە كۆڵی ببمەوە، نازانم بۆچی ئاخری منی خستە سەر جادە”.

بۆ تەكسی نێردرام بڕیارم دا نەگەڕێمەوە
“س.ع” وتی” چەند ساڵێك لەمەوبەر كاتژمێر دەی سەرلەبەیانیەک بوو، ناردمی تەكسیەیەکی بۆ بهێنمە بەر دەرگا، هەرچەندە ماڵەكەمان ئەوەندە لە شەقامی سەرەكیەوە دوور نەبوو، هەر ئەوكات نەچوومەوە ماڵەوە و پەنام بردە بەر ماڵی دراوسێكەمان، كە چەند ماڵێك لە ماڵی خۆمانەوە دورە بۆ ئەوەی نەڕۆمەوە”.
وتیشی” ماوەی چەند شەوێك لای خۆیان گلیان دامەوە ئێوارەیەكیان دوو كوڕی گەنج میوانیان بوون منیان بە میوانەكان ناساند و دوایی یەكێك لە میوانەكان داوای لێكردم بچینە دەرەوە لە پاركێكدا دانیشین؛ ڕازی بووم بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لە پارێكێكی شاری ڕانیە ماینەوە و شەومان بەسەردا هات، دواتر ڕۆشتینەوە بۆ ماڵەوە. دەمزانی چەند پارچەیەك حەبی پێ بوو هەر چەند كاتژمێرێك دەنكێك حەبی دەخوارد؛ بە منیشی دەوت كە بیخۆم، من نەمدەخوارد و نەمدەزانی حەبی چییە ئەو دەیوت حەبی ئازارە”.

هاتم بۆ چاڤی لاند دەستگیر كرام
“س.ع” ئاماژە بەوە دەكات لەو ماڵەی لێی ماوەتەوە و ژیانی تێدا بەسەر بردوە، ڕۆژێكیان هاوسەری پیاوەكەی پێیوتوە دەچین بۆ دیدەنی سبەی ئێوارە تۆش دەبێت لەگەڵ میوانەكاندا بچیت بۆ سلێمانی و دواتر بگەڕێیتەوە و نایەڵم كەس بتبینێت بچۆ شاری یاری چاڤی لاند. ئەو وتی” منیش وتم باشە ڕازی بووم، كاتژمێر هەشتی شەو بەڕێ كەوتین بۆ سلێمانی لە بازگەكە ئەو كوڕەی كە لەگەڵما بوو وتی بڵێ خوشک و براین، منیش وتم باشە، هەركە گەشتینە بازگەكە پرسیاریان لێ كردم نەمزانی چی بڵێم لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراین و ڕەوانەی بینای ئاسایش كراین، ئەو كوڕەی كە لەگەڵما بوو دوانزە پارچە حەبی ترامادۆڵی لێ گیرا؛ ئیتر نازانم چەند پارچە حەبی دیكەی لە ئۆتۆمبیلەكەیدا شاردبووەوە.

لەو كاتەوەی گیراوم كەس لێی نەپرسیومەتەوە
“س.ع” باس لەوە دەكات كە ماوەی چەندین مانگ دەستگیر كراوە هیچ كەسێك پرسیاری لێ نەكردووە و نەیویستوە سەردانی بكات، ئەو وتی” تەنانەت باوك و برا و كەسوكارەكەشم و ئەو ژن و مێردەی كە منیان گەیاند بەم ڕۆژە، گەر ئەوان نەبوونایە من نەدەبوومە قوربانی و فێری حەب خواردن و چەندین تاوانی دیكە نەدەبووم.
وتیشی” ئەو ڕۆژەی دادگایی كرام دانم بەهەموو تاوەنەكانمدا نا لە بەردەمی حاكمدا و وتم بەڵێ لاقەش كراوم؛ پەشیمانم لەو تاوانانەی كردوومە؛ جارێكی دیكە ناچمەوە سەری؛ ژیانێكی نوێ دەست پێ دەكەم؛ من قوربانی دەستی باوك و برا و ئەو ژن و مێردە بووم كە پەنام بۆ بردن، بەڵام ئەوان بۆ بەرژوەندی خۆیان منیان كرد بە قوربانی؛ دەبێت من باجەكەی بدەم، پێویستە دایكان و باوكان زۆر ئاگاداری منداڵەكانیان بن با وەک منیان بەسەردا نەیەت”.