پارادۆکستەکانی خوێندن و سیستمی نوێی پەروەردە

یەکێک لەو کتێبە پەروەردەییە گرنگانەی لە هەفتەی ڕابردوو چاپ و بڵاوکرایەوە کتێبی “پارادۆکسەکانی خوێندن؛ ڕۆشناییەک بۆ سەر سیستمی پەروەردە و خوێندنی مۆدێرن و دیموکراسییانە لە دانمارک”، کە لە نووسینی مامۆستا و پەروەردەکار “شەرمین ڕەشید”ە و لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندە، کتێبەکە لە دوتوێی 375 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. 

نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت: “ئەم پەرتووکە بەرهەمی ئەزموون و ماندووبوونی بەردەوامی بیست و شەش ساڵ قاڵبوونمە لە بواری پەروەردە و فێربووندا لە دانمارك، هەم وەك وانەبێژ، چاودێر، ڕێكخەری تیمی مامۆستایان و پەروەردەکاران، و هەم وەك ڕاوێژکارێكی دەروونیی بواری سایکۆلۆژیای ئەرێنی. گەڵاڵەی هەندێك لە بابەتەکانی پسپۆڕیمە لە بواری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی لە وڵاتێكی دیموکراتیك، کە ساڵانە دانیشتووانەكەی بە گەورە و بچووکەوە بە یەكەم، یان دووەم نەتەوەی دڵخۆشی جیهان دەستنیشان دەکرێن.”

نووسەر هەوڵیداوە لە ڕێی کۆکردنەوەی ئەزموون و شارەزایی خۆیەوە و بەدواداچوونەکانییەوە تیشک بخاتە زۆر لایەنی پەروەردە و فێرکردن لە دانمارک و کتێبەکەی پێ دەوڵەمەند بکات. ئەم مامۆستا و پەروەردەکارە نیوەی زیاتری تەمەنی لەئەوروپا بردووەتە سەر و ئەمەش دەبێتە ئەزموونێکی دەوڵەمەند بۆی، بەڵام وێرای هەموو ئاستەنگەكانی تاراوگە و شۆکی کولتووری و ئازاری نێو بەرداشی غوربەت و دووری وڵات، خۆشەویستی بۆ زانست و بۆ مرۆڤایەتی هانی داوە لە ڕێی ئەم کتێبەوە خوێنەران بە ئەزموونە پەروەردەییەکانی ئاشنا بکات. نووسەر پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە “پیشەی مامۆستایەتی تەنیا وانەوتنەوە نییە، بەڵکو ڕەهەندی تریش لە خۆ دەگرێت و بەرپرسیارێتی گەورەتریش لەخۆدەگرێت، وەك بەشداریکردن لە دروستکردنی تاك.” لێرەوە دەتوانین قسە لەسەر ئەوە بکەین ئایا هەموو مامۆستایەک درک بەم سەختییەی بوون بە مامۆستا دەکات؟ یەکێک لە سیماکانی پەروەردەی مۆدێرن ئەوەیە کە بوون بەمامۆستا تێیدا ئاسان نییە و سەختی خۆی هەیە. بۆیە ئەم کتێبە باسکردنە لەو قۆناغانەی کە مامۆستا دروست دەکات و وێنەیەک لە مامۆستای ڕاستەقینە پیشان دەدات.

سەبارەت بەوەی کە پەرتووکەکە ئاراستەی کێیە نووسەر دەڵێت “ئەم پەرتووکە ئاڕاستەی مامۆستا و پەروەردەکار و سەرپەرشتیار و ڕاوێژکاری خێزانی و توێژەری کۆمەڵایەتی کراوە، ئاڕاستەی هەموو ئەو کەسانەیە کە بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ منداڵ و گەنجان لە خوێندنگەکاندا.” بەدەر لەوەش نووسەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە خێزانەكانیش دەتوانن سوودمەند بن لە خوێندنەوەی، بە تایبەت خێزانی کوردی نیشتەجێی تاراوگە، تا زیاتر بزانن سیستمی خوێندن لە وڵاتێكی دیموکراسی و مۆدێرندا چۆن بەڕێوە دەچێت؟

نووسەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە سیستمی پەروەردەی مۆدێرندا “هەر مامۆستایەك، میتۆد و شێوازی جیاواز بە خۆی هەیە بۆ کار و پەیڕەوی دەکات. هاوکات ئەو کاتانەی بەر خوێندکار و خێزانی خوێندکاران و هاوکارانی خۆی دەکەوێت.”

ئەم کتێبە لە حەوت بەشی چڕو پڕی پڕ لە پرس و دیدی پەروەردەیی پێکهاتووە کە نەک تەنها پەروەردەکاران، بەڵکو هەموو خێزانێک بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەی دەتوانێت لێی سوودمەند بێت. چونکە تەنها باس لە میتۆدی وێنەوتنەوە ناکات، بەڵکو ڕێنمایی پەروەردەیی و دەروونیش بۆ خێزانەکان و هەموو تاکێک کە ئارازووی لە سێکتەری پەروەردە هەبێت دەخاتەڕوو.

دەستخۆشی بۆ مامۆستا و پەروەردەکار “شەرمین ڕەشید” و ئەم هەوڵە گرنگ و ماندوو نەناسانەیەی بە ئومێدی ئەوەی هەوڵی نوێتری بەدوادا بێت.