چاندنی توتن لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە و خەریکە بەرەو نەمان دەچێت!

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

هەرێمی کوردستان، خاک و ئاو و کەشوهەوایەکی لەباری هەیە بۆ بەرهەمهێنانی توتن، بەڵام جێی داخە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی زۆری هاوردەکردنی جگەرەی بیانییەوە کەس گرنگی بەم بەرهەمە ناوخۆییە نادات و خەریکە وردەوردە چاندنی ئەو بەرهەمە بەرە و نەمان دەچێت کە ساڵانێکی زۆر سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی زۆرینەی جوتیارانی گوندەکانی هەرێم بوو.

ساڵی ١٥٧١ توتن بە باشترین ڕووه‌كی پزیشكی پۆلێنكرا کە وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ کێشە تەندروستییەکان بەکار دەهێنرا، كاتێك نیكۆلاس مۆناردیس پزیشكی ئیسپانی كتێبه‌كه‌ی له‌باره‌ی “مێژووی ڕووه‌كه‌ پزیشكییه‌كان له‌ جیهان” بڵاو كرده‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد‌ توتن توانای چاره‌سه‌ركردنی زیاتر له‌ ٣٦ كێشه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتووانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا ڕوو بكه‌نه‌ به‌كارهێنانی توتن و ئه‌و باوه‌ڕه‌یان بۆ دروست بوو كه‌ توتن هه‌موو شتێك چاره‌سه‌ر ده‌كات، له‌ بۆنی ناخۆشی ناوده‌مه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌. بەڵام ئێستاکە بەهۆی ناڕێکی لە بەکارهێنانیدا یەکێکە لە کوشندەترین ڕووەکەکانی سەر زەوی؛ ساڵانە بەهۆی کێشانی ئەو جگەرەیەی کە لە توتن بەرهەم دەهێنرێت؛ نزیکەی ٣ملیۆن کەس لە جیهاندا گیانیان دەردەچێ و چەندانی دیکەش کێشەی گەورەی تەندروستیان بۆ دروست دەبێت.
لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئازارەوە دەست بە چاندنی ڕووەکی توتن دەکرێت و بە شێوەیەکی بەردەوام ئاو دەدرێت تا کۆتاییی هاوین و سەرەتای پاییز کە ئەو کاتە وردەوردە هەڵدگیرێتەوە و کاتێک وەختی دروێنە و بڕین و کۆکردنەوەی گەڵاکان دەستپێدەکات، پاشان دەخرێتە بەر تیشکی خۆر تا بەتەواوی وشک دەبنەوە بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ فرۆشتن لە بازاڕەکاندا. لە کوردستاندا چەند جۆرێک توتن دەچێنرێت لە بەناوبانگەکانیشی بۆنداری خاڵخاڵ و گرژە و قوچە.
جێی باسە لە ساڵانی پێش ٢٠٠٠، توتن سەرجاوەی بژێوی زۆرێک لە جوتیارانی کوردستان بوو بەتایبەت لە ناوچەکانی سەر بە سنوری پارێزگای سلێمانی و ڕانیە و پشدەر و هەڵەبجە کە گرنگییەکی زۆریان بە چاندنی توتن دەدا بە تایبە لە پارێزگەی هەڵەبجە کە ٨٥٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە توتن داچێنرابوون. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هاوردەی جگەرەی وڵاتانی دیکە بووەتە هۆی لەناوچوونی توتنی خۆماڵی و ژمارەیەکی زۆر کەم لە جوتیاران توتن دەچێنن.
دوای ئەوەی بازاڕی ئێراق کرایەوە بە ڕووی جیهانی دەرەوە بە تایبەت ساڵانی دوای و ڕوخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، بازاڕەکان پڕبوون لە چەندین جۆری بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازی کە لە وڵاتانی دراوسێوە دەهاتن، بەتایبەتی جگەرە و جۆرە جیاوازەکانی جگەرە کە دەستیان کرد بە کێبڕکێکردن لەگەڵ بەرهەمە ناوخۆییەکان و بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکانیان لاواز کرد.
ئەوەی جێی داخە ئەوەیە کە لە بری کردنەوەی گارگەی نوێ و زیاد کردنی بەهەمی خۆماڵی کەچی دەبینین کارگەی جگەرەکەی سلێمانی کە ساڵانێکی زۆر جێی ئامادەکردن و وشککردنەوە و پێچانەوەی توتن بوو، هەلێکی زۆری هەم بۆ جووتیاران و هەمیش بۆ کرێکارانی ناو کارگە ڕەخساندبوو، جگەرەیەکی بە ناوبانگی بەرهەم دەهێنا و بازاڕێکی باشی هەبوو بەڵام ئێستاکە تەواوی بەشەکانی لەکارکەوتون و لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ئەو کارگەیە داخراوە و بە جۆرێکی تر نۆژەنکراوەتەوە و کراوە بە جێی نماییشکردنی کارە هونەرییەکان.
دەربارەی کەمبوونەوە و بەرەو نەمانچونی چاندنی توتن لە کێڵکەکانی هەرێمدا جوتیاران ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشتر دڵنیایی دەدرا بە جوتیاران و کارگە هەبوو بەرهەمەکنی لێوەردەگرتن بەڵام ئێستاکە ئەگەر بیچێنن بەرهەمەکانیان بۆ ساغ ناکرێتەوە بۆیە وازیان لە چاندنی توتن هێناوە.