سمۆرە و وێنەگری و بازاڕگەرمی

مەزهەر كەریم – سلێمانی

ئەنوەر فەقێ محەمەد دووكانی وێنەگرتنی هەیە لە شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ لە شاری سلێمانیدا؛ ماوەی نۆ ساڵە لەگەڵ كاری وێنەگرتن سمۆرە لە دوكانەكەیدا بەخێو دەكات؛ ئەو وتی: وەختی خۆی هاوڕێیەك سمۆرەیەكم وەك دیاری پێشكەشم كرد؛ ئێستا بەبێ بەخێوكردنی سمۆرە ئیدارە ناكەم ڕەواجی بۆ كارەكەم پەیدا كردووە.

ئەنوەر فەقێ محەمەد بە “هەولێر”ی وت: دووكانەكەم و كارەكەم بە سمۆرەكاندا دەناسرێتەوە؛ ڕۆژانە چەندین هاوڵاتی بەمەبەستی وێنەگرتن دێنە دووكانەكەم كەسانێكیش بۆ سەیری سمۆرەكان دێنە دووكانەكەم كە چەند قەفەزێكم داناوە لە دەرەوە و ناو دووكانەكەمدا بۆ سمۆرەكان؛ دێن و دەچن یاری لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكەن كە لێیان نزیك دەبنەوە و یارییان لەگەڵ دەكەن.
وتیشی: شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ وێنەگری زۆری لێیە، بەڵام خەڵكانێك بەهۆی سمۆرەكانەوە دووكانەكەم دەناسنەوە سەردانم دەكەن ئەمەش بازاڕگەرمیی بۆ كارەكەم دروست كردوە ڕۆژانە منداڵانی ئەو شەقامە كاتێك سمۆرەكان دەبینن لەگەڵ دایك و باوكیان دێن و دەچن بەتایبەت دێنە سەیری سمۆرەكان و وێنەیان لەگەڵ دەگرن داوا دەكەن تا لەماڵەوە بەخێوی بكەن؛ داوام لێ دەکەن پێیان بفرۆشم بەڵام نایفرۆشم؛ لەگەڵ سمۆرەكاندا وەك هاوڕێمان لێ هاتووە ناتوانم دەستبەرداریان بم.
ئاماژەی بەوەش كرد سمۆرەكان بە شێوەیەكی تایبەت بەخێو دەكات؛ لە وەرزی كۆكردنەوەی بەڕوودا بەڕوویەكی زۆریان لەناو ساردكەرەوە بۆ هەڵدەگرێت؛ هەركات پێویست بكات دایانداتێ‌؛ بەدەر لە بەڕوو هیچ خواردنێكی دیكە ناخۆن؛ دەبێ بە دەستی خۆیشی بیانداتێ‌ ئەگینا نایخۆن.