بازاڕی دەڵاڵخانە و بابەتی کۆنە و نیمداشت

ڕاپۆرت: عەبدولقەهار هەولێری

بازاڕی دەڵاڵخانە، یەکێکە لە بازاڕە میللیە کۆنەکانی شاری هەولێر؛ ئەم بازاڕە دەکەوێتە ناوەڕاستی شار، بەرامبەر دەرگا قەڵا. ساڵانی زوو، بە تایبەت لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکاندا جمەی دەهات؛ پڕ بوو لە کاسبکار و کڕیار و فرۆشیار. هاوشێوەی ئەم بازاڕە لە زۆربەی شار و وڵاتانی دنیادا هەیە. ئەم بازاڕانە جۆرە تایبەتمەندییەکی خۆیان هەیە؛ زۆربەی ئەو کەلوپەل و شتانەی لە بازاڕە میللیەکاندا دەفرۆشرێن، شتی کۆنە و نیمداشت و دەستی دوون، جا هەندێکیان بەهۆی دەگمەنی و کۆنیەکەیانەوە نرخیان زۆر بەرزە.

دەڵاڵخانەی ئەوسا و ئێستا
بازاڕی دەڵاڵخانە ڕێک دەکەوێتە پشت پارکی شارەوە؛ ئەم بازاڕە وەختی خۆی بازاڕێکی چڕوپڕ بوو، لە بەرای ساڵی 2006 کۆمەڵێک بازاڕ و دووکانی لێ بوو؛ بەدرێژای ئەم بازاڕە کاسبکاران مامەڵە و سەودای کڕین و فرۆشتنی جۆرەها کەلوپەلیان دەکرد، بەڵام ساڵی 2005 بۆ 2006 ئەم بازاڕە تێک درا و شوێنەکەی بوو بە پارکی شار، بەڵام دوای چەند ساڵێک هەر لە شەقامەکەی ئەوسا، بەشێک لەو کاسبکارانەی جاران لەم بازاڕەدا کاریان دەکرد دووبارە دەستیان کردەوە بە کاری خۆیان، ئێستا رۆژ دوای رۆژ ئەم بازاڕە جوانی و سیماکەی جارانی بۆ دەگەڕێتەوە و بووە بە بازاڕێکی گەرموگوڕی کڕیاران و فرۆشیاران.

گەرموگوڕیەکەی جاران
مام هادی حەمید، یەکێ لەو کاسبکارانەیە لەم بازاڕەدا خەریکی پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەیەتی؛ ئەو دەڵێت: لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا لەم بازاڕەدا دەستم کردە کارو کەسابەت؛ ئەو کات شتی کۆنە و دەستی دووم دەکڕیەوە و بە بەسوودێکی کەم دەمفڕۆشتەوە، بۆ من ئەو کات خراپ نەبوو. لە قسەکانی بەردەوام بوو، گوتی: بەڵام ئێستا بەهۆی سەختی و نەبوونی بازاڕ ئەم بازاڕە گەرموگوڕیەکەی جارانی نەماوە.

سیمایەکی جوان
سیروان عەلی، ئەویش کاسبکارە؛ مێزێکی بچووکی لە بەردەم خۆی دانابوو کۆمەڵێک تەزبێح و دراوی کۆن و کۆنەوکوتەی دانابوو بۆ فرۆشتن؛ گوتی: ئەم جۆرە بازاڕە میللیانە بۆ هەموو شارێک پێویستە، خەڵکانێک هەن شتیش نەکڕن بەس هەرکە سەردانی ئەم بازاڕانە دەکات چێژی لێ وەر دەگرێت. ئەم بازاڕە میللیانە لە زۆربەی شار و وڵاتانی دیکەی دنیاشدا هەیە ئەوەی من زانیاریم هەبێت، جیا لەوەی سیمایەکی جوان دەبەخشێت بۆتە سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ زۆر کەس.

دوماهی
دوای گەڕان و سووڕانێکی زۆر بەمسەروئەوسەری بازاڕی دەڵاڵخانەدا لە دوایین سەردانم بۆ کوردستان، هەمان چێژ و خۆشی ساڵانی هەشتەکان و ناوەڕاستی نەوەدەکانم وەک شاشە هاتەوە پێش چاو کە رۆژانە لەم بازاڕە هاموشۆم دەکرد، بە دووبارە زیندوو بوونەوەی ئەم بازاڕە دوای چەند ساڵێک لەنەمانی دڵخۆش بوومەوە. من ئێستا کە لە وڵاتی هۆڵەندا دەژیم، هاوشێوەی بازاڕی دەڵاڵخانە لە هۆڵەندا و زۆربەی شار و وڵاتانی دیکەشدا هەیە و ئەو چەشنە بازاڕە میللیانە دەبینم و سەردانی دەکەم، ئەوەی تێبینیم کردبێ لەم جۆرە بازاڕە میللیانە ئەو خەڵکانەی دەچن بۆ ئەو بازاڕانە جیا لەوەی پێداویستی دەکڕن، چێژیش لە بینینی کەلوپەلەکان وەردەگرن.