ئاژەڵی کێوی سروشت جوانتر دەکا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بنار و پێدەشت و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان ماڵ و پەناگەی چەندین جۆری جیاواز لە باڵندە و ئاژەڵی کێوییە کە سروشتی کوردستانیان جوانتر کردووە و سەرنجڕاکێشییان بە دیمەنی ناوچەکە بەخشیوە؛ جگە لەمەش ئاژەڵە کێوییەکان بەشێکی زیندووی سروشتین؛ هۆکاری ڕاگرتنی هاوسەنگیی ژیان و جوانین بۆ مرۆڤایەتی.

بەڵام زۆرینەی ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان زۆرجار تووشی سەختی و زەحمەت دەبن بۆ دەستکەوتنی ئاو و خۆراک بە تایبەتی لە وەرزی سەرما و گەرمادا.
زۆرینەی ئەوانەی لە ناوچە سارد و بەفراوییەکاندا دەژین لە زستاناندا کێشەی دەستکەوتنی خواردنیان هەیە و تەنانەت هەندێکیان بەهۆی برسێتییەوە لەناو دەچن و لە هاوینانیشدا لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی وشکەساڵییەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ لەناو چووە.
ئەمە جگە لەوەی ساڵانە لەلایەن ڕاوچییەکانەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ ڕاو دەکرێت کە بەو هۆیەوە چەندین ئاژەڵی کێوی لە ناوچەکانی کوردستاندا دوایان بڕاوەتەوە و جۆرەکانیان لەناو چووە و چیدی بەرچاو ناکەون.
ئەو ناوچەیەی کە لە کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە باڵندە و ئاژەڵی کێوی بناری قەندیلە، ناوچەیەکی فراوان و سەختە کە ساڵانێکی زۆر پڕ بوون لە باڵندەی کێوی و ئاژەڵە شیردەرەکان و هەندێک جاریش ئاژەڵی گۆشتخۆری وەک پڵنگ و ورچ دەبینران بەڵام ئێستاکە بەهۆی هۆکاری ژینگەیی و ڕاوکردنی زۆرەوە ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان لەو ناوچانەش کەم بوونەتەوە.
بەپێی یاسای ڕاوکردن و کوشتنی باڵندە و ئاژەڵی کێوی بە تاوان دادەنرێت چونکە سامانێکی ژیگەیین و ڕاوکردنیان دەچێتە چوارچێوەی تاوانی ژینگەیی و ئەمەش بە یاسا ڕێک خراوە کە کەسی ڕاوچی و سەرپێچیکار سزا دەدرێت بە بەندکردن یان پێبژاردن.
بەپێی ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٥)ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم کە تایبەتە بە قەدەغەی ڕاوکردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم، سزای ڕاوکردن و کوشتنی ئاژەڵەکان، پێبژاردنە بە بڕی ١ملیۆن دیناری عێراقی کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕاوچی نا بەرپرسانە بەردەوامن لە ڕاوکردن و قرکردنی ئاژەڵە کێوییەکان کە هەندێکیان وەک حەز و خولیا و هەندێکی تریشتان بۆ دەستکەوتی ماددی ڕاو دەکەن.
لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٢٧ کەس لەسەر ڕاوکردنی نایاسایی دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە ٤٨ کەسیان ڕاوی باڵندە و ئاژەڵی کێویان کردووە، ٧٩ کەسەکەی دیکەش بە نایاسایی ماسیان ڕاوکردووە.
دڵشێر ئیبراهیم، سەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل وتی“ماوەیەک پێش ئێستا دیاردەی ڕاوکردن لە بناری قەندیل زۆربوو، بەڵام ئێستا لەهەر گوندێک کەسێکیان ڕاسپاردوە کە چاودێری ناوچەکەی خۆی بکات، هەر کەسێک هەوڵی ڕاو کردن بدات، دەستگیر دەکرێت و سزاکەشی چەند بەرامبەرە.
زۆر جار ژینگە دۆستان لە نووسینەکانیاندا گلەیی ئەوەیان هەبوو کە سزاکانی سەرپێچیکاران کەمە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە بۆ پاراستنی ژینگە و خەڵکی هەر بەردەوامن لە ڕاوکردن؛ بۆیە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، ڕێنوێنییەكانی پاراستنی ئاژەڵی كێوی لە هەرێمی كوردستان هەموار كرایەوە و بەپێی هەموارەكە، سزاكان دژی ڕاوچی زیاد كراون و بەوەیش ڕەنگە كوردستان هەنگاوێك لە پاراستنی ژینگەدا بچێتە پێشەوە.
بەپێی ڕێنوێنییە نوێیەكان، سزای پێبژاردنی ڕاوی ئاژەڵ زیادكراوە، بەم شێوەیە:
هەركەسێك پڵنگێك یان ورچێك بكوژێت، ٢٠ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
سزای ڕاوی مامز و بزنەكێوی، ١٥ ملیۆن دینارە.
سزای كوشتنی پشیلەكێوی ٥ملیۆن دینارە.
لە بەشێكی تری سزاكاندا هاتووە، “ڕاوكردنی مراوییەكێوی سزاکەی ١ملیۆن دینارە و ڕاوی مریشكەكێوی ٥٠٠هەزار دینار و قازیش بكوژی ٢ملیۆن دینار باجەكەیەتی.”