ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
د. هاوڕێ عەزیز مەنسور، توێژەری كورد، لە تازەترین توێژینەوەی خۆی بە ناوی گەڕانەوەی زلهێزەكان بۆ سەر مانگ، ئەم جارەیان تەنها بۆ چەقاندنی ئاڵا نییە، ئاماژەی بەوە داوە چوونەسەر مانگ لە سەردەمی جەنگی سارددا زیاتر نمایش بوو، نمایشی هێز و توانایی. دەگوترا ئەوەی لە بۆشایی ئاسماندا باڵادەست بێت، لەسەر زەوییشدا باڵادەستە.
ئەو توێژەرە كوردە پێی وایە ئەو پەرەسەندنە تەكنەلۆژیانەی زانستی ڕۆكێت و مانگی دەستكرد، وای كردووە دەستگەیشتن بە مانگ ئاسانتر بێت لە جاران. ئێستا لە ڕووكەشدا هەر وا دەردەكەوێت كە وڵاتان توانای گەڕانیان هەیە بە قووڵایی بۆشایی ئاسماندا و لێهاتوویی و ئاستی تەكنەلۆژی خۆیان نمایش دەكەن و براندسازییش بۆ وڵاتەكەیان دەکەن.
مانگ خۆی ملیارەها ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەنجامی بەریەككەوتنێكی زەبەلاحی هەسارەی زەوین و (سییا)دا لە دڵی زەوییوە بەرە و بۆشایی ئاسمان بەرز بۆتەوە. ئەو نیوەیەی مانگ كە ڕووی لە ئێمەیە، ئەرشیف و مێژووی دروستبوونی زەوی لە خۆ گرتووە. بەڵام وڵاتان و زاناكانیان، ئێستا زۆر مەبەستیان نییە كە لە چۆنییەتی دروستبوونی زەوی بكۆڵنەوە، بۆ ئەوەش ناچنەوە سەر مانگ. ئەوەی سەرنجی زاناكانی ڕاكێشاوە دیوە دوورەدەستەكەی مانگە كە لە سەر زەوییەوە لێمان دیار نییە.
لە بەشێكی دیكەی توێژینەوەكەیدا ئەو دەڵێت : ناوچە دوورە دەستەكەی كە ڕووی لە زەوی نییە، ناوچەیەكی ئارامە، دوورە لە ژاوەژاو و لەرینەوەی شەپۆلە ڕادیۆییەكان كە سەرچاوەكەی چالاكی مرۆڤە لە سەر زەویەوە. ژاوەژاوی ئەو شەپۆلە ڕادیۆییانە هۆكارن كە تەلەسكۆپەكان و ئامێرەكانی وەرگرتنی سیگنالە فەلەكییەكان بە ڕوونی و كارایی تەواو، كار نەكەن. دانانی بنكەی فەلەكی و تەلەسكۆپی زەبەلاح لە سەر دیوە دوورەكەی مانگەوە، وەرچەرخانێكی نوێ دەبێت لە پشكنینی گەردوون و ئاشكرا كردنی زەمەنە تاریكەكانی گەردوون (زەمەنی دوای تەقینەوە گەورەكە، كە بووە هۆی دروستبوونی گەردوون).مانگ، هاوشێوەی زەوی، بەرگەهەوای نییە بۆ ئەوەی بەرگری لێبكات لە تیشكە ناوەكییەكانی كە لە خۆرەوە هەلدەقوڵێن. ملیارەها ساڵە مانگ لە ژێر بۆمبارانكردنی تەپووتۆزە تیشكدارەكانی خۆردایە و كارلێكەكان بە شێوەیەك بوون كە چینی دەرەوەی خاك لە سەر مانگدا دەوڵەمەند بێت بە توخمی هیلیۆم-٣. ئەو توخمە دەگمەنە چاوەڕوان دەكرێت ببێتە سووتەمەنییەكی گرینگ بۆ بۆ بزوێنەرە ناوەكییەكان لە داهاتوودا و سەرچاوەیەكی گرینگی وزە لە بۆشایی ئاسماندا. بە هەمان شێوە، یەدەگێكی زەبەلاحی چینە سەهۆڵییەكان لە جەمسەرەكانی مانگدا هەیە، لە تارماییدان و تیشكی خۆر زەفەری پێ نەبردوون و نەتواونەتەوە. بە تەكنەلۆجیای گونجاو لە ئایندەدا، ئەو چینە سەهۆڵانە، دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ ئاوی خواردنەوە و بۆ سووتەمەنی بنكەی ئەتۆمی و هەڵدانی مووشەكەكانیش. ئەو دەستكەوتانە دەتوانن ببن بە پشتیوانییەكی كەم وێنە بۆ باڵادەستبوونی وڵاتانی زلهێز لە بۆشایی ئاسماندا.
هەر لە توێژینەوەكەدا هاتووە كە سەرباری هەموو ئەوانە، هەبوونی بنكەی هەمیشەیی ستراتیژی لە سەر مانگدا زۆر گرینگە بۆ ئەو وڵاتانەی كە تمووحیان سنوورەكانی زەوی تێپەراندووە. چاوەڕواندەكرێت بە هۆی نەبوونی هێزی كێشكردنی ئەوتۆ لە سەر مانگدا، پرۆسەی هەڵدانی مووشەكەكان ئسانتر بێت بە بەراورد لەگەڵ زەوی، هەندێك لەو باوەڕەدان كە دەرگای مەریخیش، بە زاڵبوونی تەواو بە سەر مانگدا دەكرێتەوە. مانگ دەبێت بكرێتە وێستگەیەكی ترانزێتی گەشتە ئاسمانییە دوورەكان. لە ڕووی لۆجیستی و تێچوون و كارئاسانیی تەكنەلۆجی و ژاوەژاوی خەمخۆرانی ژینگە، دەرفەتێكی زێڕینە كە ئەو ولاتانە، بە بێ بەربەستە یاسایی و ئەخلاقییەكانی كە لە سەر زەویدا هەن، هەررچییان بوێت بیكەن. مانگ بەرەیەكی نوێی پێكدادانی جیۆپۆلەتیكی وڵاتانی زلهێزە. ئێستا چوونە سەرمانگیش تەنها بۆ ئەمریكا و ڕووسیا قۆرخ نەكراوە، نیمچە زلهێزە تازەكانی وەك هیندستان، ژاپۆن، كۆریای باشوور، یەكێتی ئەوڕوپاش، بە نیازن كە مانگ بۆ خۆیان بكەن بە قووڵاییی ستراتیژی. گەڕانەوەی زلهێزەكان بۆ سەر مانگ، ئەمجارەیان تەنها بۆ چەقاندنی ئاڵا نییە. ئەجێندای ئەمجارە، بریتییە لە باڵادەستیی تەكنەلۆژیا و بەكارهێنانی سەرچاوەكان و دیاریكردنی ڕێڕەوی داهاتووی شارستانییەتی مرۆڤایەتیە لە بۆشایی ئاسماندا.