توێژەرێكی كورد: فیزیکناسان نزیك بوونەتەوە لە دۆزینەوەی هێزی پێنجەمی نێو گەردوون

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

توێژەرێكی كورد پێی وایە كە فیزیکناسان لە تاقیگەی فێرمی پێیان وایە نزیك بوونەتەوە لە دۆزینەوەی هێزی پێنجەمی نێو گەردوون.

توێژەری كورد (لوقمان حەوێز) لە تازەترین توێژینەوەیدا، كە هەفتەیەک لەمەوبەر بڵاوی كردەوە دەڵێت: ئێمە دەزانین تا ئێستا چوار هێزمان هەیە لەنێو گەردووندا كە هەموو ڕووداوەكان و دیادەكانی نێو گەردوونمان بۆ ڕوون دەكەنەوە، ئەو هێزانەش بریتین لە هێزی كێشكردن و هێزی كارۆموگناتیسی و هێزی ناوەكیی بەهێز‌ و هێزی ناوەكیی لاواز، بەڵام لە كۆمەڵێك تاقیكردنەوە لە تاقیگەی فێرمی (Fermi.Lab)دا لە شیكاگۆ دەردەكەوێت تەنۆچكەی میۆن بە تەواوەتی لەو چوار هێزە و ئەو یاسا فیزیکیانە پەیڕەوی ناكات كە تا ئێستا هەمانە، ئەمەش ئاماژەیە بە بوونی هێزێكی شاراوە لەنێو گەردووندا كە لەوانە هێشتا نەماندۆزیبێتەوە یان نەزانین چیە.
ئەو توێژەرە كوردە دەشڵێت: تەنۆچكەی میۆن muons.particles دروست دەبێت لەنێو بەرگەهەوای هەسارەی زەوی كاتێك لەگەڵ تیشكەكانی خۆر پڕۆتۆنی وزەبەرزیش دەگەنە نێو بەرگەهەوای زەوی بە خێراییەك نزیك لە خێرایی تیشك بەر گەردیلەی گازەكانی نێو بەرگەهەوای زەوی دەكەون، میۆن تەنۆچكەیەكی بنچینەییە وەكو نیۆترینۆ و ئەلیكترۆن و بارگەكەشی سالیبه، دەشێت دژە میۆنیش هەبێت كە بارگەی موجەب دەبێت لەو دۆخە، میۆن تەنۆچكەیەكی بنچینەییە واتە ناتوانرێت وردتر بكرێتەوە بۆ تەنۆچكەی وردتر لە خۆی، میۆن بارستەی دووسەد هێندەی ئەلیكترۆنە و تەمەنی نزیكەی دوو میللی چركەیە دوای دروستبوونی یەكسەر دەبێتە ئەلیكترۆن و نیۆترینۆ، لە تاقیگەی فێرمی میۆن دروست دەكرێت بە بەیەكدادانی زۆر خێرای پڕۆتۆنەكان بە یەكتر، ئەو تەنۆچكەیە ساڵی 1936 دۆزرایەوە.