دوو شاخەوانی کورد دوای هەڵزنان بە چیای لینیندا لە زنجیرەچیاکانی هیمالایا، گەیشتنەوە کوردستان

و – محمد لادێ – هه‌‌ولێر

دوو شاخەوانی کورد بە ناوەکانی حسێن قادر و ئاری عوسمان گەیشتنە سەر لوتکەی چیای لینین لە وڵاتی قرقیزستان و لەوێ ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە.
ئەو دوو شاخەوانە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر و دوای گەڕانەوەیان پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.

لوتکەی چیای لینین ٧١٣٤ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دەکەوێتە وڵاتی قرقیزستان و یەکێکە لە بەرزترین لوتکەکانی جیهان کە بەهۆی لەخۆگرتنی بەفرێکی زۆرەوە سەرکەوتن بەسەریدا سەختترە و پلەی گەرما لەوێ زۆر نزمە.
ئاری عوسمان وتی: ”سەرکەوتنەکەمان بەرهەمی چەندین مانگ و ڕۆژ ڕاهێنان و ماندوویەتی و سەرکەوتنە بەسەر زنجیرەچیاکانی کوردستان و ئێمە لە هەڵگوردەوە فێری سەرکەوتن بەسەر چیا بووین.“ وتیشی: ”هیوادارم کە ئێمە دوایین کورد نەبین و و ببینە هاندەر و ڕێچکەشکێنێک تا دوای ئێمەش شاخەوانانی تری کورد بتوانن بە هەمان شێوە بەسەر لوتکە بەرزەکانی جیهاندا سەر بکەون.“
جێی باسە لە سەرەتادا سێ شاخەوان بوون بەڵام یەکێکیان بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیوە لە گەشتەکەی بەردەوام بێت و تەنها ئەم دوو شاخەوانە توانیویانە شانبەشانی کۆمەڵێک شاخەوانی تری جیهانی کۆتایی بە گەشتەکەیان بهێنن کە تەواوی گەشتەکەیان نزیکەی مانگێکی خایاند و گەشتی شاخەوانییەکەیشیان ٢١ ڕۆژی خایاند و لە گەڕانەوەدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن شاخەوانان و خزم و دۆستانیانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.