ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
دوای ئەوەی Kurdi Climbing سەرەتای ئەمسال لەژێر ناوی یەكەمین تیمی ئێكسپیدەیشنی كوردستان داوای لە شاخەوانانی كوردستان كرد بەشداری ئامادەسازی سەركەوتنی چیاكانی هیمالایا بكەن. سەرئەنجام كۆمەڵێك لە شاخەوانانی هەموو كوردستان لە گرووپ تیم كۆمەڵەكان، ئامادەیییان دەربڕی بەشدار ببن.
لە كۆتاییدا یەكەمین تیمی ئێكسپیدەیشنی كوردستان سەرەڕای تەگەرە و ئاستەنگیەكان هاتە بوون، سێ كەس لە شاخەوانانی شاری هەولێر، لەلایەن بەشێك لە هاوڕێ و هاوكاران بەڕێ كران بەرەو وڵاتی قرغیزستان.
ماوەی چەند رۆژێكە ڕاهێنانیان لە ناوچەی ئەچیك تاش دەست پێ كردووە، سەرەتا بۆ خۆ ئامادەیی جەستە و راهاتن لەبەرزایی و شێوازەكانی سەركەوتنی چالە سەهۆڵیەكان تەواو بووە.
بە پێی ڕاگێیەنراوێكی تیمی شاخەوانیی Kurdi Climbing تا ئێستا سەركەوتوون بەسەر چیای پیترۆڤۆسكی و یوحین و رازدێلنیا، هەنگاوی دواتر ئەگەر كەش و هەوا خۆش بێت دەچنە لوتكەی لینین و دواتر بەپێی ئەو بەڵێنەی لەلایەنێكەوە پێیان دراوە كە هاوكاری ماددی بكرێن بەڕێدەكەون بۆ لوتكەی خانتنگری. هیوادارین بتوانن سەلامەت و دەستپێشخەر بن بۆ تەواوی شاخەوانانی كوردستان لە گەیاندنی زانیاریی چۆنیەتی سەركەوتنی بەرزایی و شێوازی ژیانكردن لە بەرزاییدا.