خاوەن پێداویستیەكی تایبەت: لە سپێدەی بەیانیانەوە تا درەنگانی شەو، خەریكی خزمەتكردنی گوڵ و گیای باخچەكەمم

مەزهەر كەریم – سلێمانی

جەبار حەسەن كە لە منداڵیەوە لە جووڵەی هەردوو قاچی بێبەش بووە؛ ئەوەندە ئەشقەوگوڵە، خانووەكەی لە گەڕەكی وڵووبەی شاری سلێمانیدا بە گوڵی جۆراوجۆری سروشتی ڕازاندۆتەوە و، نۆژەنی ناكاتەوە؛ دەڵێ “ڕۆژانە لە كاتژمێر حەوتی بەیانیانەوە تا دوانزەی شەوان وەك خولیاو ئارەزوویەك خزمەتی باخچەكەم دەكەم”.

بە دەم خزمەتكردنی گوڵەكانەوە، وتیشی “سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ گرنگیم بە گوڵی ناسرۆشتی دەدا، بەڵام ئەوە دوانزە ساڵ دەبێت گرنگی دەدەم بە گوڵی سروشتی؛ سەدوپێنج ئینجانەم لە گوڵی جۆراوجۆر ڕازاندۆتەوە؛ هەر جۆرێکیانم لە شوێنێكەوە هێناوە؛ گوڵ هەیە لە هەورامان و پێنجوێن ‌و چەند ناوچەی دیكەوە هێناومە”.
ناوبراو ئاماژەشی بەوە كرد شەتڵگە نەماوە گوڵی لێ نەكڕیبێت لە شاری سلێمانی؛ ئەو وتی”لەگەڵ خاوەن شەتڵگەكانی گوڵفرۆشتندا بوومەتە هاوڕێ؛ كاتێك دەمەوێت گوڵێك یان دار و دەوەنێک بۆ باخچەكەم بكڕم زۆر هاوكارم دەبن؛ هەر لە منداڵیەوە زۆر ئارەزووی گوڵ و دار و درەخت بووم؛ ئەوە ئارەزووی پەسەندكراوی ژیانمە”.
ئەو باس لەوەش دەكات ئەم دوانزە ساڵەی ڕابردوو دەملیۆن دیناری داوە بە ئینجانە و گوڵ بۆ ڕازاندنەوەی باخچەكەی؛ جەبار وتی “ساڵانە باخچەكەم پێویستی بە گوڵی زیاتر و خزمەتكردنی زیاترە؛ هەندێكیشیان لەناو دەچن سەرلەنوێ گوڵی دیكە جێگەیان دەگرێتەوە”.
وتیشی “ماڵەكەم و كۆڵانەكەمانم ڕازاندۆتەوە؛ هەر پارەیەكم دەست دەكەوێت دەیدەمە گوڵ؛ ڕۆژانە منداڵانی كۆڵان دێن دەڵێن مامە جەبار ئاوت بۆ بێنین بۆ گوڵەكان؟ یارمەتم دەدەن؛ گەر خەڵكی خۆبەخش و ئەندامانی خێزانەكەم نەبن ئەوا بە تەنیا ناتوانم خزمەتی باخچەكەم بكەم”.
ئەو باسی دراوسێكانیشی دەكات ڕۆژانە چەند جار سەردانی دەكەن بۆ سەیركردنی گوڵەكانی، داوای گوڵی لێ دەكەن ئەویش لە وەڵامدا لە پێشی ماڵەكەی بە خەتێكی گەورە نووسیویەتی تكایە كەس داوای گوڵ نەكات؛ دەڵێ “ئێستا دەستم کردووە بە هەڵمەتی ڕازاندنەوەی باخچەكەم بە گوڵ؛ دراوسێكان زۆرینەیان لە گوڵی باخچەكەی منیان بردووە بۆ ڕاندنەوە باخچەی ماڵەكەیان؛ وەك هاندانێك تا بەردەوام بن لە ڕازاندنەوەی ماڵەكەیان، هیوادارم ئەمە ببێتە كولتوور كە زۆرینەی ماڵەكانی ئەم شارە گرنگی بە سەوزایی و گوڵ ‌و دراودەوەن بدەن و بەشێكی ژیانی بۆ تەرخان بكەن.