لە ئەمریكا خەڵاتێکی گرنگ بەخشرایە کوردێک

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لێكۆڵەری كورد و خەڵكی شاری دیواندەرەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خەڵاتی ناوەندی زانیاری و تەكنۆلۆژیی ئەمریكای بەدەست هێنا.

دكتۆر “مەهدی ڕەحمانی”، خەڵكی گوندی “گادمە”ی سەر بە شاری دیواندەرەی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خەڵاتی ناوەندی زانیاری و تەكنۆلۆژیی ٢٠٢٣ی ئەمریكای بەدەست هێنا.
لەم خولەی ئەو خەڵاتەدا ١٠ كەسی بژاردە و بلیمەت لە وڵاتانی جیاوازی سەرانسەری جیهان هەڵبژێردران و بەشداری بەدستهێنانی ئەو خەڵاتە بوون، بەڵام د. مەهدی ڕەحمانی، بژاردەی كورد خەڵاتەكەی بەدەست هێنا.
بە پێی راگەیێنراوێكی ناوەندی نووسەرانی كوردستان لقی باشور ئاماژە بە دراوە كە ناوەندی زانیاری و تەكنۆلۆژیی ئەمریكا، نزیكەی ٨٠ ساڵە دامەزراوە و بە هاوكاریی ناوەندەكانی OCLC و ALA لە بواری زانیاری و تەكنۆلۆژیدا خەریکە. ئامانجی چالاكییەكانی ئەم ناوەندە چارەسەركردنی بۆشایییەكانی بواری زانیاریی پێویست لەنێوان پیشە و توێژینەوە (بۆچوون و پراكتیك)دایە.
هەوڵی هەزاران توێژەر، مامۆستای زانكۆ، پزیشك و خوێندكار لە سەرانسەری جیهان و لە بواری زانست و تەكنۆلۆژیدا، بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ئەم ناوەندە ببێتە بەشێكی گرنگی گەشەپێدانی ئەم زانستە و زانیاریی پێویستی ئەو بوارە پەرە پێ بدات.