عێراقییه‌كان له‌ چوونیان بۆ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان ئێران له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدان

ئه‌نجوومه‌نی جیهانی گه‌شتوگوزاری ئێران ئاشكرای كرد كه‌ له‌ ساڵی 2022 زۆرترین ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی ئێرانیان كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری، هاووڵاتی عێراقی بوونه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ساڵی ڕابردوو ڕێژه‌ی 55%ی گه‌شتیاران بۆ ناوچه‌كانی ئێران هاووڵاتی عێراقی بوونه‌، له‌ ریزبه‌ندی دووه‌میش هاووڵاتییانی ئازه‌ربایجان و توركیا دێن به‌ ڕێژه‌ی 6% و دوای ئه‌ویش پاكستان و كوێت دێت به‌ ڕێژه‌كانی 5% و 2%.

ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه‌: چوونی گه‌شتیارانی بیانی بۆ وڵاتی ئێران له‌ ساڵی ڕابردوودا به‌راورد به‌ ساڵی 2021 به‌ ڕێژه‌ی 73.5% زیادی كردووه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتیاران له‌ كاتی ئه‌نجامدانی گه‌شته‌كان له‌ ساڵی رابردوو بڕی 6.2 ملیار دۆلاریان خه‌رج كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ له‌ ڕووی گه‌شتیاری ناوه‌خۆیشه‌وه‌، رێژه‌كه‌ به‌راورد به‌ ساڵی پێشووتر 40.1% زیادی كردووه‌، هه‌روه‌ها  گه‌شتیارانی ئێرانی له‌ گه‌شته‌كانیان بڕی 316 هه‌زار ملیار تومه‌نیان خه‌رجكردووه‌.

ئه‌نجوومه‌نی جیهانی گه‌شتوگوزاری ئێران جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی ڕێژه‌ی گه‌شتیاری، هه‌لی كاری به‌ ڕێژه‌ی 11.2%ی له‌ ئێران زیاد كردووه‌ و ئێستا زیاتر له‌ 1.44 ملیۆن كه‌س له‌ بواری گه‌شتیاریدا كار ده‌كه‌ن.