بەدیارکەوتنی مانگی تابان لە كوردستان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ئەمساڵ لە بەرواری 2023/7/3 لە كوردستان یەكەم مانگی تابانی ئەمساڵ بینرا؛ مانگی تابان یان super.moon چیە و چۆن و بۆچی ڕوو دەدات..؟

مانگی تابان ئەو كاتەیە كە مانگ لە نزیكترین خاڵ و شوێندایە لەگەڵ هەسارەی زەوی و لەهەمان كاتیشدا پڕە و چواردەیە بۆ دیدی ئێمە لەسەر هەسارەی زەوی، لە ڕاستیدا مانگ لە هەموو سووڕێكیدا جارێك دەكەوێتە نزیكترین خاڵ لەگەڵ زەوی، بەڵام ئەگەر لەكاتی نزیكبوونەوەكە مانگ چواردە و پڕ بوو بۆ دیدی ئێمە ئەوا دەبێته مانگی تابان واتە super.moon؛ لوقمان حەوێز فەلەكناسی كورد لەم باریەوە نووسینێكی بڵاو كردۆتەوە دەڵێت دیاردەی مانگی تابان بۆچی و چۆن ڕوو دەدات..؟
دەبێت بزانین خولگەی مانگ بە دەوری هەسارەی زەویدا هێلكەییە و بازنەیی نیە، تێكڕای دووری مانگ لە زەوی 384،000 كیلۆمەترە، لە نزیكترین خاڵدا دووریەكەی لەگەڵ زەوی دەبێتە 362،600 كیلۆمەتر، كاتێكیش لە خولگەكەی لە دورترین خاڵدایە لەگەڵ زەوی دوریەكەی دەبێتە 405،400 كیلۆمەتر، شەوی سێی ئەم مانگە، مانگ گەیشتە نزیكترین خاڵ لە خولگەكەی بە دەوری هەسارەی زەویدا، بۆیە ئەم دیاردەیە ڕووی دا.
ئەم فەلەكناسە كوردە لە نووسینەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە مانگی چواردە لە كاتە ئاساییەكان بڕێك ڕووناكی دەدات كە دەگاتە نزیكەی 0.16 لۆكس؛ لۆكس Lux یەكەی پێوانەی ڕووناكاییە، لەكاتی نزیكبوونەوەی مانگ بۆ كەمترین دووری لە زەوی بڕی ڕووناكاییەكەی یان پرشنگی دەگاتە 0.3 لوكس، واتە پرشنگ و ڕووناكیی مانگی تابانی ئەمشەو دوو هێندەی پڕشنگی مانگی چواردە دەبێت له دۆخێكی ئاساییدا، بۆ بەراوردیش لە ڕۆژدا خۆر پرشنگ و ڕووناكی لە نێوان 32هەزار بۆ 100هەزار لۆكسە.