مێژووی ڕەگ و ڕیشەی گەلانی ناوچەكە دەگۆڕێ

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

د. دڵشاد زاموا شوێنەوارناسی ناسراوی كورد، لە تازەترین توێژینەوەیدا باسی لەوە كردووە کە باپیرانمان دوانزەهەزاروپێنسەد (١٢٥٠٠) ساڵ لە ئەشكەوتی شاندەردا ژیاون

ئەم شوێنەوارناسەی كورد پێی وایە كە زانستی شوێنەوارناسی لەم سەردەمەدا پشت بە چەندین زانستی تر دەبەستێت لە توێژینەوە و ساغكردنەوەكانیدا پشت بە چەند زانستێكی كرداری و مرۆیی دەبەستێت. یەكێك لەوانە زانستی دی ئێن ئەی و جینەكانە. لە چینی (بی) ئەشكەوتی شانەدەر لە چیای برادۆست لە خۆرهەڵاتی هەولێر ئێسكی مرۆڤێكی راوچی كۆچەر دۆزرایەوە كە نزیكەی دوانزەهەزاروپێنسەد ساڵ لەمەوبەر لەو ئەشكەوتە ژیاون هەروەها لە پشكنینی دی ئێن ئەی ئەم ئێسكەدا دەركەوتووە كە بە ڕێژەی لە سەدا پەنجاوچواری كوردی ئەم سەردەمەی شارەكانی كوردستانی باشوور پەیوەستن بەم مرۆڤەوە و باپیریانە. هەروەها ئەوەی جێی سەرنجە هەر ئەم مرۆڤە باپیرانی ئەوانەشە كە لە زاگرۆس ئێستا بە فارسی دەدوێن و بەشێك لەوانەی بە توركمانی و عەرەبی دەدوێن.
د. دڵشاد زاموا لە بەشێك لە توێژینەوەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم دۆزینەوەیە زۆر گرنگە و هەموو بیردۆزەی ئاری و بەشێك لە هیندوئەوروپی هەڵدەتەكێنێت، كە خۆشبەختانە ئێمە وەك شوێنەوارناس لە هیچ توێژینەوەیەكدا پشتگیری بیردۆزەی خاكی خاڵی و كۆچی ئاری و ئەوانە نەبووین و هەروەها ئەم دۆزینەوەیە لایەنێكی گرنگتریش دەخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە ئێستا ئەو ئەگەر بەهێز دەبێتەوە كە مرۆڤی ئەشكەوتەكانی زاگرۆس و كوردستان، دوایی دابەزیون و كشتوكاڵیان داهێناوە و ڕۆیشتوونەتە باشووری مێسۆپۆتامیا و یەكەم لادێكانیان دامەزراندووە. لەوەش گرنگتر، ئەم مرۆڤە باپیری خەڵكانێكی تری دووری ناوچەكەیە و تا ناوەڕاستی ئەوروپا نەوەكانی بڵاو بوونەتەوە.