قەرەج کێن و چۆن دەژین؟

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

قەرەج یاخود قەرەچی، خەڵێکی گەڕۆک و بێنیشتمانن، بە پێنج قوڕنە یاخود کیشوەری جیهاندا بڵاو بوونەتەوە؛ بە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و بە کوردستانیشدا دێن و دەڕۆن؛ ژمارەیان لە جیهاندا نزیکەی ١٢ملیۆن کەسە و دابونەریتی تایبەت بە خۆیان هەیە. پشت بە کۆمەڵێک شتی سادە دەبەستن بۆ پەیداکردنی بژێوی؛ بەختگرتنەوە، مۆسیقاژەنین، دەرۆزەکردن و پیشەی سادە.

قەرەجەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاو بوونەتەوە بە تایبەت لە قوڕنەی ئەوروپا و قوڕنەی ئاسیا؛ نە دەوڵەتیان هەیە نە ناسنامە. ئەوان سنوور ناناسن و بۆ هەرکوێ بیانەوێت دەچن، هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە بە دەوڵەت و نیشتمانی خۆیان دەزانن.
قەرجەکان بەهۆی ئەوەی کە شوێنێکی دیاریکراوی نیشتەجێبوونیان نییە هەمیشە هەوڵیان داوە کارێک بکەن کە لەگەڵ شێوازی ژیانیاندا بگونجێت، بۆیە بە گشتی قەرەجەکان لە سەرتاسەری جیهان بە دەرۆزەکردن و سەماکردن و گۆرانیچڕین و مۆسیقاژەنین و بەختگرتنەوە ناوبانگیان دەرکردووە، بەڵام سەرەڕای سەرقاڵییان بەو پیشە سەرپێییانە..
لەنێو کۆمەڵگەی قەرەجدا، ژن ڕێز و پێگەیەکی گەورەی هەیە، چونکە دەتوانێت کاری بەختگرتنەوە بکات و پارەیەکی زۆری دەست بکەوێت، بەوپێیەی سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی خێزانە و کاری پیاویش سەرچاوەی دووهەمی دارایییانە.
ژمارەی قەرەجەکان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە ٢ملیۆن و ٥٦٣هەزار کەس و بە دۆم ناسراون کە بەسەر چەند گرووپێکدا دابەش بوونە و لە ناوچەکانی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا دەژین، واتە لە ئێران و میسر و فەڵەستین و ئوردن و عێراق و سووریا، تەنانەت پاکستان و ئۆزبەکستانیشدا.
هەرێمی کوردستان هەمیشە بووەتە لانەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، وەک زۆرینەی پێکهاتەکانی تر قەرەجەکانیش لە زۆربەی شار و شاۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن و لە سنووری پارێزگای دهۆکیش کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونیان بۆ تەرخان کراوە بە ناوی کۆمەڵگەی ڕزگاری.
کۆمەڵگەی رزگاری بۆ قەرەجەکانی دهۆک، ساڵی ٢٠٠٧ دروست کراوە، سەرەتا ٢٦٤ ماڵ بوون، ئێستا نزیکەی ٦٠٠ ماڵ دەبن و ٢٦٠٠ کەسن.
یونس زاهیر، کوێخا (موختار)ی کۆمەڵگەی رزگاری کە تایبەتە بە قەرەجەکان لە دهۆک وتی: “لە هەرێمی کوردستان شوێنی نیشتەجێبوونمان بۆ دابین کراوە و هەلی کارمان بۆ رەخسێندراوە، منداڵەکانمان مافی خوێندنیان لە قوتابخانە و زانکۆ هەیە و دەکرێن بە فەرمانبەر، ئێمە زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین”.