لە بەریتانیا كوردێك داهێنان لە بواری پرۆگرامێكی ژیرۆی دەستكرد دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ئەكادیمییەكی كورد بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی بەریتانیا توانیی دیزانی پرۆگرامێكی ژیرۆی دەستكرد دروست بكات، بۆ هەڵسەنگاندن و پێشبینی و خێرا دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە مەترسی قاچبڕینەوەیان بەهۆی نەخۆشیی شەكرەوە ھەیە.

ناوەندی تۆڕی ئەكادیمی كوردی كە ناوەندێكی زانستی كوردییە، لە ڕاگەیێنراوێكدا ئاماژەیان بەوە داوە كە د. بەختیار ئەمین لە زانكۆی ھوودسفێڵدی بەریتانیا لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوەڵەكانی بە سەرپەرشتیی بەڕێزان پڕۆفیسۆر گریگۆریس و دكتۆر پۆڵ لە دەزگای تەندروستی (NHS) توانیویانە لە كۆنفراسی ژیرۆی دەستكرد (AI) لە زانكۆی مانچستەر تازەترین توێژینەوە بخەنە ڕوو.
ناوەندەكە دەڵێت د. بەختیار ئەمین وەكو كوردێك بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی بەریتانیا توانیویەتی دیزانی پرۆگرامێكی ژیرۆی دەستكرد دروست بكات بۆ هەڵسەنگاندن و پێشبینی و خێرا دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە مەترسیی قاچبڕینەوەیان هەیە بە هۆی نەخۆشی شەكرەوە؛ ئەم توێژینەوەش ناو نراوە: AI-based Models for Predicting the Risk of Developing Diabetes
ئەم پرۆژەیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی وڵاتی بەریتانیاوە فەند كراوە و زیاتر لە ١٠هەزار كۆدی پرۆگرامینیگی كۆمپیوتەری لەگەڵ مۆدیلەكانی ژیرۆی دەستكرد، تێدا بەكار ھاتووە.