زمان و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی

زمان جۆرێکە لە ئامرازی کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕکردن کە مرۆڤەکان ئەزموون و بیرکردنەوە و بیرۆکە و خوو و بەها و نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیان لەگەڵ یەکتردا لە مایکرۆ (کردەی بەرامبەر) و ماکرۆ (گواستنەوەی کولتووری)دا بەیەکەوە دەبەستنەوە و ئەم ئاڵوگۆڕەش ده‌بێته‌ بنەمای پێکهاتنی شارستانیەتی کۆمەڵایەتی و کولتووری نەتەوەیەک یان کۆمەڵگایەک. بنەمایەکی لەم جۆرە، جەخت لەسەر ڕۆڵی فێربوونی زمان وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە کۆمەڵگادا دەکاتەوە. 5

لە توێژینەوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا، زمان وەک ئامرازێکە بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لە ڕاستیدا زمان یەکێکە لە پێداویستییە گرنگەکانی هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکان کە لە ڕێگەیەوە ئەندامانی کۆمەڵگا بە ناچاری دەتوانن پەیوەندی و کارلێک لەگەڵ یەکتر دابمەزرێنن؛ بۆ ئەوەی بەم شێوەیە پێداویستییەکانی یەکتر دابین بکەن. ئەم جۆرە پەیوەندییە یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی مرۆڤ.توانای پەیوەندیکردن لە ڕێگەی زمانەوە یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگ و ئاڵۆزەکانی مرۆڤ. زمان بۆ دەربڕینی هەموو شتێک لە پێداویستییە جەستەییەکانەوە تا ئارەزووی ڕۆحی بەکاردێت. زمان ڕێگە بە مرۆڤ دەدات کە کولتوور، دروست و کەڵەکە و ئەزموون بکات و هەمان شێوازەکانی ڕەفتار لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوازێتەوە. 

لێرەدا بۆ دەربڕینی بنەما گشتییەکانی کۆمەڵناسیی زمان و پەیوەندییەکەی لەگەڵ چەمکە بنەڕەتییەکان و میتۆدۆلۆژیای هاوبەش لە کۆمەڵناسییدا، پێویستە ئاماژە بە کۆمەڵناسی فەرەنسیی (ئه‌میل دۆرکایم) و دید و بۆچوونی ئەو سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان بكه‌ین. ئەم بابەتە بە تایبەتی لەو ڕوانگەیەوە گرنگە کە دەوترێت کۆمەڵناسیی زمان بە تایبەتی ڕەگ و ڕیشەی لە بیرکردنەوە و میتۆدۆلۆژیای (دۆرکایم)ـدا هەیە. (دۆرکایم) بە گشتی پێیوابوو کە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ لە دەرەوەی بوونی تاک لەبەرچاو بگیرێن، بۆ ئەوەی بیرکردنەوە و بۆچوونە کەسییەکان و ئەو پێشوەختانەی کە پێشتر کڕاون و مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، کاریگەری لەسەری بەجێنەهێڵن. ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ پرسی خۆکوشتن بڕوانین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت که ڕێژه‌ی خۆکوشتن له هه‌ندێک کۆمه‌ڵگا و له نێو هه‌ندێک چینی کۆمه‌ڵایه‌تی و له هه‌ندێک وڵاتدا ڕێژه‌كه‌ی زیاتره له چاو شوێنه‌کانیتر. لەسەر ئەم بنەمایە ناتوانرێت خۆکوشتن بە کردەیەکی تاکەکەسی هەژمار بکرێت. هەندێک فاکتەر و بارودۆخی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤە کۆمەڵایەتییەکان کاتێک خۆیان لەو فاکتەرانە یان لەو بارودۆخانەدا دەبیننەوە، بەشداری ئەم کردارە بکەن، بە واتایەکی تر، لە ڕاستیدا ئەوە پێکەوەگرێدانی بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکانە کە ڕەوایەتی بە بزووتنەوەکە دەدات و ئاراستەی دەکات و پاڵنەرەکانی کەسەکە بریتیی ده‌بن لە خۆکوژی.

(دۆرکایم) لە کتێبی (ڕێساكانی میتۆد له‌ كۆمه‌ڵناسیی)دا دەنووسێت: “کۆمەڵگە تەنها کۆی سادەی تاکەکان نییە، بەڵکو سیستەمێکە لە یەکگرتنی تاکەکان، کە وەک واقیعێکی دیاریکراو دەردەکەوێت و تایبەتمەندی دیاریكراوی هەیە”. بێگومان ویژدانی بەکۆمەڵ بەبێ ویژدانی تاک بوونی نییە، بەڵام ئەم مەرجە هەرچەندە پێویست بێت، هه‌مدیسان بەس نییە، چونکە بۆ ئەوەی پرسێکی کۆمەڵایەتی سەرهەڵبدات، دەبێت ویژدانی تاک بە شێوەیەکی تایبەت یه‌كدی بخەنە پاڵ یەکترەوە و لەگەڵ یەکتردا به‌ شێوازێکی تایبەت کۆببنەوە. هه‌روها (دوركهایم) دەشڵێت:” گروپەکان بە شێوەیەک بیردەکەنەوە و هەست و مامەڵە دەکەن کە هەریەک لە ئەندامانی پێکهێنەرەکەی ئەگەر جیاواز بوونایە نەیاندەکرد. بۆیە به‌ پشتبەستن بە مرۆڤەکان، ناتوانین له‌وه‌ تێبگەین کە لە گرووپدا چ ڕوودەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێژەی بەرزی خۆکوشتن ڕێسای خۆی هەیە، بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین، پێویستە ڕەچاوی دۆخ و مەرج و یاساکانی بەڕێوەبردنی پێکهاتە جیاوازەکان بکرێت و بۆ پاساوی لۆژیکییەکەی، پێویستە بواری ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتیانەی کە کاریگەرییان لەسەر تاک هەیە، لەبەرچاو بگیرێت. بە واتایەکی تر، بۆ دۆزینەوەی هۆکاری خۆکوشتن پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە شێوازی پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتی و دامودەزگا په‌یوه‌ستداره‌كان لە هەر کۆمەڵگایەک و بەهاکانی پەیوەست بەو دامەزراوانە بدرێت”.

یەکێکی دیکە لە کۆمەڵناسە بەناوبانگەکان کە هاوتەریب لەگەڵ هێڵی بیرکردنەوەی (دۆرکایم)ـدا جووڵەی کردووە و بیر و بۆچوونەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ بنەماکانی کۆمەڵناسیی زمان و میتۆدەکانی هەنووکەیی یەکدەگرنەوە، (لیڤی ستراوشسـە، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناسراوی قوتابخانەی بونیادگەرایی لە کۆمەڵناسییدا. ئەو مانای “بونیادی” لە قوتابخانەی بونیادگەراییدا بە تێکەڵکردنی تایبەتی پەیوەندی بونیاده‌كانی کۆمەڵەیەک بە ئامانجێکی دیاریکراو دەزانێت.