چایخانەی شەڕەكەلەشێر

مەزهەر كەریم – سلێمانی

چایخانەیەك لە سلێمانی كە بە چایخانەی شەڕەكەلەشێر ناسراوە بۆ یەكەم جار لە كۆتاییی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن كەسێك بە ناوی ڕەحمانە سوورەوە لە بازاڕی سەعید تاكۆی شاری سلێمانی دانراوە؛ ئێستا چەند كەسێك لە جێگەیەكی دیكە چایخانەكەیان داناوەتەوە.
كەمال مەحمود ڕەشید کە خاوەنی ئێستای چایخانەكەی شەڕەكەلەشێرە لە سلێمانی بە “هەولێر”ی وت: لەپاش وازهێنانی ڕەحمانە سوور لە چایخانەكەی، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكمدا لە سەرەتای نەوەتەكانەوە چایخانەكەی شەڕەكەڵەشێرمان دانایەوە وەك هیوایەتێك بەردەوامیمان پێ داوە، بەردەوامیش دەبین.
ئەو وتی: چایخانەكەما لە كاتژمێر شەشی ئێوارە كراوەیە بۆ كاتژمێر دوانزەی شەوو، ئەو كەسانەی سەردانمان دەكەن كەڵەشێریان هەیە دەیهێنن ‌و نمایشتی دەكەن مامەڵە و كڕین ‌و فرۆشتن بە كەڵەشێرەوە دەكەن؛ لە چایخانەكەماندا زیاتر كەڵەشێری شامی جێگەی سەرنجە ‌و باس ‌و خواستی زۆری لەسەرە جۆرەكانی دیكەی كەڵەشێر وەك پێویست باس ناكرێت و نیە.
وتیشی: كەڵەشێری شامی كە زۆرترین مامەڵەی پێوە دەكرێت بەپێی كەڵەشێرەكە نرخەكەی لە ١٥٠هەزار دینارەوە دەست پێدەكات؛ باشترین كەڵەشێر، تایبەتمەندی شەڕكردنی هەیە ‌و توخماتی لە شامیی دووڕەگ بێت و لە شەڕەكەڵەشێردا نەبەزێت بیباتەوە ‌و چاوی كوێر نەبووبێت، دەندووكی نەشكابێت، تەمەنی زۆر نەبێت، نرخەكەی بەرز دەبێتەوە بۆ ٢ملیۆن ‌و ٥٠٠هەزار دینار و زیاتریش.
لەبارەی ئەوەی هەرچی بچێتە چایخانەكەیان بڕی دووهەزار دیناری لێ وەردەگرن ئەوكات دەتوانێت بینەری شەڕەكەڵەشێر بێت وتی: لە كاتژمێریل نۆی شەو بە دواوە هەتا دوانزەی شەو شەڕەكەڵەشێر لە چایخانەكەمان بەردەوامە لە گۆڕەپانێكی دیاریكراوی بازنەیدا، هەر كەسێك بێتە ژوورەوە‌، هەتا ئەوكاتەی دەڕواتەوە ‌و شەڕە كەڵەشێرەكە تەواو دەبێت هەرچی چا و ئاو بخواتەوە و چەند دابنیشێت هەر ئەو دووهەزارەی لێ وەردەگیرێت ئەوەش بە ڕەزامەندیە.
ئەوەشی وت: كەسانێك بەشداری شەڕەكەڵەشێر دەبن زیاتر ئەو كەسانەن كەڵەشێریان هەیە؛ جۆرەكانی توخمی كەڵەشێری شامی لە رێگەی گۆڕینەوەی هێلکە و جووجکەوە ئاڵوگۆڕ دەكەن، ئەو كەسانە داهات ‌و ژیانی ڕۆژانەیان بۆتە كڕین‌ و فرۆشتن‌ و بەخێوكردنی كەڵەشێر ئەو كارە بۆتە بەشێك لە ژیانیان، ناتوانن دەستبەرداری پیشەكەیان ببن؛ پارەیەكی باشیان لەو رێگەیەوە دەست كەوتووە جیاواز لەوەی هیوایەتێكیشە بەخێوكردنی كەڵەشێر”.
ئاماژەشی بەوە كرد بەخێوكردنی كەڵەشێر هێندە قورس نیە؛ ئەو كەسانەی كەلەشێر بەخێو دەكەن شوێنی تایبەتیان بۆ دابین كردووە بەپێی وەرزەكان بۆ هاوین‌ و بەهاران، ئاو و گەنم‌ و سەوزەی دەدرێتێ چونكە فێنكە، بەڵام لە وەرزی زستان ‌و پاییزاندا خواردنی گەرمی دەدەنێ وەك گەنمەشامی‌ و ئاڵف (عەلەف) ‌و پەتاتە، تا لە سەرما پارێزراو بێت؛ لە كاتی شەڕدا و هێنانیان بۆ چایخانەكە، كەڵەشێركە خواردنی زۆری نادرێتێ، تا زۆر ماندوو نەبێت.