زۆرجار وا بیر دهكهیتهوه كه بەپێی پلانەکە باش چوویتەته پێشهوه و زۆرت خوێندووە. تۆ پێت وایە هەموو شتێک باشە. ڕۆژی تاقیکردنەوەکان دێت. خۆت ئامادە دەکەیت بۆ ئەوەی بچیتە قوتابخانە، بەڵام هەست دەکەیت کە هیچ نازانی، مێشكت ڕادهوهستێت. ناتوانی خۆت کۆ بکەیتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەیتەوە کە دوێشەو وەڵامیانت به ئاسانی دەزانی. ئەگەر ئەم حاڵەتانە پێش تاقیکردنەوەکەت بۆت هاته پێش، وادیاره تووشی “دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوە” بوویت.
گرنگیدان بەو شتە خراپانەی کە لەوانەیە لە تاقیکردنەوەکەدا ڕوو بدەن تەنها دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکە زیاد دەکات. بۆ نموونە ئەگەر بەردەوام لە خۆت بپرسیت “ئەی ئەگەر هەموو شتێکم لەبیر بچێتەوە کە دەیزانم چی؟” تۆ دڵەڕاوکێی خۆت بەهێزتر دەکەیت. ئەم بیرکردنەوانە هیچ شوێنێکی دەروونی ناهێڵنەوە بۆ بیرکردنەوە لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوە. ئەو خوێندکارانەی کە زۆر نیگەرانن، کێشەی زیاتریان لەگەڵ دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەدا هەیە. بۆ ئەم کەسانە قورسە ئەو هەڵانە قبوڵ بکەن کە لەوانەیە لە تاقیکردنەوەکەدا بیکەن یان نمرەی کەمتر لە نمرەی تەواو بەدەستبهێنن. لە ئەنجامدا بەبێ هیچ هۆکارێک و مانایەک فشار دەخەنە سەر خۆیان و دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکان لەناویاندا گەشە دەکات. هەروەها ئەو خوێندکارانەی کە ئامادە نیین بۆ تاقیکردنەوەکان، بەڵام ئەنجامەکەی هەمیشە بۆیان گرنگە، ڕووبهرووی ئەم دڵەڕاوکێی دهبنهوه.
پێویسته چی بكهیت؟
دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوە دەتوانێت کێشەیەکی ڕاستەقینە بێت، بەڵام هەستکردن بە ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدایە دەتوانێت دڵەڕاوکێ لە ئاستێکی نزم بهێڵێتەوە. لە خوارەوەدا باسی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم کارەتان بۆ دەکەم:
سترێس بە قازانجی خۆت بەکار بهێنە، سترێس نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوەیه کە یارمەتیت دەدات ئامادەکاری بکەیت بۆ ئەوەی کە خەریکە چی ڕوودەدات. بۆیە بە قازانجی خۆت بەکاری بهێنە. لەبری ئەوەی کاردانەوەت هەبێت بەرامبەر بە فشار و ترس بە گلەییکردن یان نیگەرانی لە تاقیکردنەوەکە، لەگەڵ هاوڕێکانتدا، ڕێگەیەکی جیاواز بگرنە بەر. با سترێس بیرت بخاتەوە پێش تاقیکردنەوەکە بە باشی بخوێنیت و هیچی تر.
پرسیار بکە و داوای یارمەتی بكه ئەگەر تاقیکردنەوەکە ئەوەندە سترێست لەسەر دروست دەکات کە مێشکت بەتاڵ بێت و هەموو ئەو وەڵامانەی کە دەیزانیت لەبیرت دەچێت، ئەوە ئەگەری زۆرە ئاستی دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکەت پێویستی بە گرنگیدانی زیاتر بێت. مامۆستا و توێژهری كۆمهڵایهتی و خێزانەکەت دەتوانن کەسانی گونجاو بن بۆ قسەکردن لەگەڵیان سەبارەت بە ئاستی دڵەڕاوکێت.
ئامادەبە زۆرێک لە خوێندکاران ئهو كاته بۆیان دەردەکەوێت كه دەست بە خوێندن دەکەن، بۆیه دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکانیان کەم دەبێتەوە، ئەمەش مانای زۆری هەیە. تا زیاتر بزانیت متمانەت بەخۆت زیاتر دەبێت. متمانە بەخۆبوون لە تاقیکردنەوەکە بەو مانایەیە کە دەتوانیت بە هێمنی وەڵامی پرسیارەکان بدەیتەوە، دوای ئەوەی بەسەر لەرزینە سەرەتاییە ئاساییەکاندا زاڵ بوویت. بەدیلێک بۆ بیرکردنەوە نەرێنییەکان بدۆزەرەوە “هەرگیز لە تاقیکردنەوەدا باش نیم”، “ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکەم زۆر ترسناک دەبێت” و ڕستە هاوشێوەکان بەو مانایەیە کە بیرکردنەوەیەکی نەرێنیت ههیه. ئەم بیرکردنەوانە بگۆڕە بە پەیامی ئەرێنی ڕاستەقینە وەک “من بە باشی خوێندوومەتەوە و مادەکان دەزانم. بۆیە، من ئامادەم بۆ تاقیکردنەوەکە.
هەڵەکان قبوڵ بکە ئەگەر تۆ کەسێکی تەواوکاریت یان زۆر سەختیت بەرامبەر بە خۆت، ئەوەت لەبیربێت کە ڕاهێنەران و مامۆستایان هەندێک جار هەڵەکان بە “دەرفەتی فێربوون” ناودەبەن. فێربوونی بەرگەگرتنی شکست و هەڵەی بچووک وەک ئەوەی لە تاقیکردنەوەی بیرکاریدا هەتبوو کارامەیییەکی بەنرخە. ئاگات لەخۆت بێت لە کاتی دڵەڕاوکێدا بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێ بۆ ئەوەی خۆت ئارام بکەیتەوە. بۆ هەندێک کەس ڕەنگە ئەمە بە مانای فێربوونی ڕاهێنانێکی سادەی هەناسەدان بێت. ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەناسەدانی ڕێکوپێک (کاتێک سترێست نەبێت) یارمەتیی جەستە دەدات ئەم ڕاهێنانانە وەک ئاماژەیەک بۆ ئارامبوونەوە ببینێت.