پەیامی خاوەن پێداویستییەکی تایبەت, هەرچەند ئامانجەکەت سەخت بێت، گەر ئیرادە و هیوا هەبێت گەیشتن پێی ئاسانە و سەخت نییە

رزگار خدر مستەفا، ناسراو بە رزگار مەلا خدر، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ شارۆچکەی خەلیفانە، دەرچووی پۆلی ١٢ی وێژەییە، خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە؛ ئێستا خاوەن کاری خۆیەتی؛ ناوبراو بە ڕۆژنامەی هەولێری راگەیاند “له‌ ساڵی ٢٠١٧وە ده‌ستم كرد به‌ كاری دووكانداری له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پێداویستییەكدا كه‌ خاوه‌نی كاره‌كه‌ بوو، بۆ ماوه‌ی ٢ ساڵ كاره‌كه‌مان به‌ هاوبه‌شی ده‌كرد، بەڵام دوایی بیرم کردەوە كه‌ ببم به‌ خاوەن كاری سه‌ربه‌خۆ بۆیه‌ ساڵی ٢٠١٩ بڕیارم دا و بووم به‌ خاوه‌ن دووكانی پەڕاوگە و فۆتۆکۆپی خۆم كه‌ تاکو ئێستاش به‌رده‌وامم لە کارەکەمدا؛ پێشتر كاری فرۆشتنی كارتی مۆبایل و ئینته‌رنێتم دەكرد بۆ ماوه‌ی ٢ ساڵ له به‌رده‌م دووكانه‌كانەوه‌ هه‌موو هیوا و ئاواتم ئه‌وه‌ بوو ببم به‌ خاوه‌ن كارێكی له‌م جۆره‌ کە ئێستا هه‌مه‌؛ سپاس بۆ خوای گه‌وره‌ كه‌وا به‌ ئاواته‌كه‌م گه‌یشتم. لێیمان پرسی ئایا کێشە و گرفتی جەستەیی نەبۆتە رێگر لە بەردەم راییکردنی کارەکان و پرۆسەی هاوسەرگیری و ژیانکردن بە گشتی؟ ناوبراو گوتی ” نەخێر، من هەر لە لەدادیکبوون (زگماکی)یەوە کێشەی جەستەیی ئێسکەنەرمەم هەبووە بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنم زیاتر هەستم پێکرد و چەندین نەشتەرگەریم بۆ کراوە لە دەرەوەی وڵات؛ ئێستا تەندروستیم باشە و کێشەیەکی ئەوتۆم نییە؛ سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەمێک سەختە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت؛ وا باوە دەبێت هەردوو هاوسەرەکە کێشەیەکیان هەبێت و خاوەن پێداویستی بن بەڵام گەرچی من خاوەن پێداویستی تایبەتم، خۆشبەختانە هاوسەرەکەم هیچ کێشەیەکی نییە و خاوەن پێداویستی تایبەت نییە.
بۆیە لەم سۆنگەوە پەیامم بۆ گەنجان و خاوەن پێداویستی تایبەتەکان، ئەوەیە بەربەست و رێگری هەرچەند گەورە بن، گەر ئیرادە و هیوا و ئارامی هەبێت گەیشتنەئامانج ئاسان دەبێ و پێی دەگەین. هەرچەند لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەلی کار کەمە بە گشتی و بەتایبەت بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستی، بەڵام گەر سوور بی و پێداگری بکەیت لەسەر ئامانجەکانت ئەوە هەر بەدەست دێت.