کۆمپانیای مێتا بەبڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار سزا درا

سزایەکی پێوانەیی بە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە 1.3 ملیار دۆلار، بەسەر کۆمپانیای “مێتا”ی خاوەنی فەیسبووکدا سەپێنرا.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، رۆژی دووشەممە، 22ی ئایاری 2023، کۆمیسیۆنی پاراستنی زانیارییەکانی ئێرلەندا بە نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەنجومەنی پاراستنی زانیارییەکانی ئەوروپا فەرمانی بە کۆمپانیای مێتا کردووە، بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ سزای کارگێڕی کۆبکاتەوە، لە بەرامبەریشدا مێتا رایگەیاند، کە تانە لە بڕیارەکە دەدات.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، بە هۆی پێشێلکردنی یاسای ئەوروپا پەیوەست بە زانیارییە کەسییەکان، کۆمپانیای “مێتا” دوو سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا، کە کۆی گشتی سزاکان 390 ملیۆن یۆرۆ بوو کە دەکاتە 422 ملیۆن دۆلار.

کۆمیسیۆنی پاراستنی زانیارییەکانی ئێرلەندا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “میتا ” پابەندییەکانی شەفافیەتی خۆی پێشێلکردووە و پشتی بە بنەمایەکی یاسایی هەڵە بەستووە لە پرۆسێسکردنی زانیارییە کەسییەکان بۆ مەبەستی رێکلامی ئامانجدار.

سزاکەی ئەوروپا بۆ مێتا، بەهۆی گواستنەوەی داتای بەکارهێنەرانی “یەکێتی ئەوروپا” بوو بۆ ئەمەریکا.