سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لێكۆلینەوەی توێژەرێكی كورد لەسەر هەسارەی گونجاو بۆ ژیان

توێژەری كورد لوقمان حەوێز كە لێكۆلینەوەكانی زیاتر لە بارەی فەلەكناسییەوە بڵاو دەكاتەوە تازەترین توێژینەوەی زانستی بە ناونیشانی هەسارە گونجاوەكان بۆ ژیان كردەوە.
لەسەرەتای توێژینەوەكانیدا ئەو نووسیویەتی : ژمارەی ئەو هەسارانەی كە بەردینین وەك گۆی زەوی و دەشێت گونجاو بن بۆ ژیان لەنێو گەلەئەستێرەكەمان گەلێك زیاترن لەوەی پێشتر پێشبینیمان دەكرد؛ یەكێك لە پێوەرەكانی گونجانی هەسارەكان بۆ ژیان ئێستاکە بریتین لە دووریەكی گونجاوی هەسارەكان لە ئەستێرەكانیان بەشێوەیەك تێكڕای پلەی گەرمی بەجۆرێك بێت لەسەر ڕووەكەی ڕێگە بە بوونی ئاو بدات لە دۆخی شلدا.ئەو توێژەرە كوردە ئاماژەی بەوەش داوە كە پێوەرێكی تر بوونی بەرگەهەوایە بەدەوری هەسارەكە، هەروەها پێداویستیەكی تری سەرەكیش بوونی ئاوە لەسەر ڕووەكەی لەگەڵ كۆمەڵێك پێوەری تر لەوانە ڕێژەی چالاكی هەروەها جێگیری دۆخی ئەستێرەكەیە بەدرێژایی سەدەها ملیۆن ساڵ. و دوای هەڵدانی تەلەسكۆپی كێپلەر بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 2009 و كاركردنی تاوەكو ساڵی 2018 دڵنیا بووین لەوەی كە هەسارەی تر هەن و زۆرن لە دەرەوەی كۆمەڵەی خۆر، هەسارەكان بەگشتی هەموویان پاشكۆی ئەستێرەكانن و بە دەوریاندا دەسوڕێنەوە، كێپلەر كە زوومی كردبووە سەر ڕووبەرێكی زۆر زۆر بچوكی گەلەئەستێرەكەمان توانیی لەو ماوەیەدا پتر لە 2600 هەسارە ببینێتەوە و چاودێرییان بكات، بەڕاستی ئەم دۆزینەوەیە بە یەكێك لە دۆزینەوە هەرە گرنگەكان دادەنرێت لە بواری گەردوونناسی چونكە تەواو دڵنیای كردینەوە كە هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆرەكەمان تاقانە نین و هەسارەی زەوینیش تایبەتی نیە لەنێو گەلەئەستێرەكەمان و گەردوون.
هەروەها لوقمان حەوێز نووسیویەتی: لە مانگی نیسانی ساڵی 2018 ئاژانسی ناسا مانگی دەستكردی TESSـی هەڵدا بۆ بۆشایی ئاسمان، تێس كە زۆر پێشكەوتووە و ئامێری چاودێریكردنی زۆر پێشكەوتووتر بەكار دێنێت هەمان كار دەكات بۆ ماوەی چەند ساڵێك كە لەوانەیە بگاتە دە ساڵ؛ پێشبینی دەكرێت لەو ماوەیەدا دەیەها هەزار هەسارە ببینێتەوە لەو ڕووبەرە بچووكەی گەلەئەستێرەی ڕێی كاكێشان Milky.Way كە چاودێری دەكات، ڕێی كاكێشان ئێمە و كۆمەڵەی خۆری ئێمەی تێدایە، تەنیا گەلەئەستێرەی ڕێی كاكێشان لەنێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرەی تێدایە، بەپێی نوێترین لێكدانەوەكانمان لە ئێستادا پێشبینی دەكەین لایەنی كەم پتر لە 20ملیار هەسارە هەبێت كە بەردین بن وەك گۆی زەوی و لە زۆنی گونجاو بن بۆ ژیان تەنیا لە گەلەئەستیرەكەی خۆمان!