دووەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام دەستی بە کارەکانی کرد

دووەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بە بەشداری ٢٥ کورتە فیلم و سپۆنسەری ( لا میدیا) دەستی بەکارەکانی کرد و ٣ ڕۆژیش بەردەوام دەبێت.

(ڕێبەر دۆسکی) بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەکە لە لێدوانێکی بۆ (هەولێر) ڕایدەگەیەنێت:”فیستیڤاڵەکە هونەرییەکەمان دووەم خولیەتی ئەمساڵ بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بەڕێوەدەچێت و گرنگیەکی تایبەت بە ژن و فیلمسازانی ژن دراوە و ئامانجیان لە فێستیڤاڵەکە نیشاندانی کولتووری کورد و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و جیهاندا”.
گوتیشی: “22 فیلم بەرهەمی فیلمسازانی کوردن لەم فیستیڤاڵەدا، کە لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەشدارن، ٣ فیلمیش بەرهەمی فیلمسازیی نەتەوەی دیکەن، بەڵام چیرۆکەکانیان کوردییە، دەسپێکی فیستیڤاڵەکەش بە فیلمی (دەروازەی خەونەکان)، لە دەرهێنانی (نگین ئەحمەد)ـی دەستی بە چالاکییە هونەرییەکانی کرد و ١٤ـی ئەم مانگەش ناوی باشترین ئەکتەر و باشترین و فیلم و دەرهێنان ئاشکرا دەکەین، کە دەبنه براوەی خەڵاتی فیستیڤاڵەکە”.