كەریم ئەحمەد:”یەكەم وەستای پەنچەرچی‌و رۆنگۆی ئۆتۆمبیلم لەشاری سلێمانی تائێستا كاردەكەم”

مەزهەر كەریم – سلێمانی

كەریم ئەحمەد ناسراو بە وەستا كەریمی رۆنگۆڕو پەنچەرچی یەكێكە لەوەستا دیارەكانی پەنجەرچی‌و رۆنگۆڕی ئۆتۆمبیل لەشاری سلێمانی. لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی هێشتا بەردەوامە لەكاركردن. ئەو دەڵێت” یەكەم وەستا بەنجەرچی‌و رۆنگۆڕی ئۆتۆمبیلم، تائێستا كاردەكەم. ماوەی پەنجا ساڵە ژیانی خێزانەكەم بەو كارە دابین كردوه.

وەستا كەریمی پەنجەرچی‌و ڕۆنگۆڕ بە “هەولێر”ی وت:” لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو لەسەردەمی دەوڵەتی حیزبی بەعسدا لەشارؤچكەی پێنجوێنەوە چومەتە شاری سلێمانی لەسەر وەسیەتی (سۆفی ئەحمەد)ی باوكم لەلای عومەر ڕەشیدی پەنجەرچی‌و رۆنگۆڕ، كە ئەوكات یەكەم پەنجەرچی‌و رۆنگۆڕ بوە لەشاری سلێمانی فێری پیشەی پەنجەرچی‌و رۆنگۆڕی ئۆتۆمبیل بووم. پاش چەند ساڵێك گەڕامەوە بۆ شاروچكەی پێنجوێن و دوكانی خۆمم داناوە”.
وەستا كەریمی پەنچەرچی‌و ڕۆنگۆڕ، براو برازاو خوشكەزاكانیشی فێری هەمان پیشەی خۆی دەكات ، وتی:” هەریەك لەدەروێش ابراهیم‌و سۆفی خدری برام پێكەوە فێری ئەو كارەبوون، پاشان لەڕێگەی ئەوانەوە خوشكەزاو برازاكانی دیكەشم فێری پەنجەرچی‌و ڕۆنگۆڕی ئۆتۆمبیل بوون. بەڵام لەئێستادا ته نيا خۆم‌و كوڕێكم بەناوی یاسین ئەو كارە دەكەین، لەگەڵ چەند خوشكەزایەكم هەریەك لە براكانم بەهۆی هەڵكشانی تەمەنەوە لەماڵەوەن وازیان لەكارەكەیان هێناوە”.
وتیشی:”هەرچەندە لەئێستادا تەمەنم هەڵكشاوە وەك جاران ناتوانم كاریكەم، بەڵام گرنگی بەكارەكەم دەدەم. ڕۆژانە لەكاتی خۆیدا دەچمە دوكانەكەم. خۆشەویستیيەكی زۆرم هەیە بۆ كارەكەم، لەگەڵ ئەوەشدا چاوم بەكەسانێك دەكەوێت لەدۆست‌و هاوڕێیانم ئەوانیش رؤژانە هەواڵم دەپرسن دەیانەوێت چاویان بەمن بكەوێت و ناچنە جێگەی دێكە پەنجەر‌و رۆنی ئۆتۆمبیلەكەیان بگۆڕن. ئەوان باسی ساڵانێكی كۆن دەكەن. هەرچەندە من زۆرینەیانم بیرنەماوە بەهۆی ئەوەی كەسانێكی زۆر لەو هەموو ساڵەدا سەردانیان كردووم”.
وەستا كەریمی پەنجەرچی‌و ڕۆنگۆڕ ئاماژە بەوەش دەكات كەسانێكی دیار لە شاری سلێمانی لەسەرجەم چین‌و توێژەكان سەردانی دوكانەكەی دەكەن وەك بەرپرسی سیاسی‌و پزیشك‌و هونەرمەند‌و شاعیرو گۆرانی بیژو نوسەرو رۆژنامەنووس‌ و مامۆستای زانكۆو ئەندازیار كە زۆرینەیان پێشتر منداڵ بوون ئێستا وەك یادگاری دەچنەوە دوكانەكەی سەردانی دەكەن.
وتیشی:” شانازی دەكەم بەكارەكەم وەك یەكەم پەنجەرچی‌و ڕۆنگۆڕی ئۆتۆمبیل لەشاری سلێمانی تا ئێستا بەردەوامم لەكاركردن. ئەوەی دروستمكردوە لەناوبانگی كارەكەم، مێژووی چەندین ساڵەی بەردەوامی كارەكەمە. ڕۆنگۆڕو پەنچەرچیەتی بۆتە عەشقێكی گەورە لەژیانمدا”