هەڵە نییە ئەگەر وا وێنا بكهیت کە هەر لە سەرەتاوە هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی هەڵوێست و بۆچوونەکان لە ڕاستیدا پێی دەگوترا “پڕوپاگەندە”. ململانێی ئەقڵانی هێندهی مێژووی مرۆڤایەتی کۆنە. لە شارستانیەتی ئاسیای کۆن، پێش دەرکەوتنی ئەسینا وەک ناوەندی گەورەی کولتووری مرۆڤایەتی، مرۆڤ لە ژێر ستەمکاریدا دەژیا. لە ئەسینای پایتەختدا، ئەو یۆنانیانەی کە چینی هاووڵاتییانیان وەک گرووپێک پێک دەهێنا، ئاگاداری بەرژەوەندییەکانی خۆیان و کێشە و کاروباری ئەو شار-دەوڵەت بوون کە سەر بە خۆیان بوو. جیاوازی لە بابەتی ئایینی و سیاسیدا بووە هۆی بەربڵاوی پڕوپاگەندە و لە لایەکی دیکەوە دژایەتیکردنی پڕوپاگەندە.
ئەسیناییە خۆبەزلزانەکان هەرچەندە ئامرازی وەک سۆشیالمێدیا و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و فیلمیان نەبوو، بەڵام توانیان بزوێنەری بەهێزی تری پڕوپاگەندە بەکاربهێنن بۆ داڕشتنی هەڵوێست و بۆچوونەکان. یۆنانیەکان یاری و شانۆ و كۆبوونهوه و دادگا و فێستیڤاڵی ئایینییان هەبوو، بەم شێوەیە، دەرفەتی بانگەشەکردنی بیرۆکە و بۆچوونهكانیان ڕەخساندبوو. لەو کاتەوە هەر کاتێک کۆمەڵگەیەک زانیاری هاوبەش و هەستی بەرژەوەندی هاوبەشی هەبووبا، پروپاگهندهی بەکاردەهێنا. هەر لە سەدەی ١٦دا، گەلان شێوازگەلێکیان بەکاردەهێنا کە هاوشێوەی پڕوپاگەندە مۆدێرنەکان بوون.
تێرمی “پڕوپاگەندە” بۆ یەکەمجار لە ئەنجامی چالاکییهكانی مژدهدهرهكانی کەنیسەی کاسۆلیکی لە ئەوروپا بڵاوکرایەوە. لە ساڵی ١٦٢٢ پاپا گریگۆری شازدەهەم کۆمەڵەی بڵاوکردنەوەی ئایینی لە ڕۆما دامەزراند. لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە قۆناغە مێژووییەکانی دواتردا تا سەردەمی مۆدێرن، پڕوپاگەندە ئەنجام دراوە. پڕوپاگەندە یەکێک بوو لەو چەکانەی کە لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی ئەمریکادا بەکارهێنرا و لە شۆڕشی فەرەنساشدا ههر چالاک بوو. لە سەردەمی شاژن ڤیکتۆریا و تەنانەت جەنگی جیهانی دووەمیشدا پڕوپاگەندە بەکار دەهێنرا. لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا هیتلەر لە کتێبێکدا هێرشی پڕوپاگەندەیی خۆی دەست پێکرد و لە بەرامبەردا ئەمریکا بە هاوکاری ژمارەیەک دەروونناس و زانا ڕووبەڕووی هیتلەر و گروپەکەی بووەوە.
پڕوپاگەندە چییە؟
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، شایەتی چەند ڕووداوێک بووین کە بوونەتە هۆی ئازار و سەختی بۆ مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا. دوورخستنەوە و گواستنەوەی گەلانی ڕەسەن لە ئەمریکای باکوور، هۆلۆکۆستی جولەکەکان لە جەنگی جیهانی دووەم و پاکتاوکردنی نەتەوەیی توتسیەکان لە ڕواندا لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا تەنها چەند نموونەیەکن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لە کاتێکدا هەر یەکێک لەمانە، خراپترین لایەنەکانی مرۆڤایەتی پیشان دەدەن، بەڵام نموونەی بەکارهێنانی سەرکەوتووانەی پڕوپاگەندەن. پڕوپاگەندە شێوازێکە لە پەیوەندیکردن کە بۆ دەستکاریکردن یان کاریگەری لەسەر بۆچوونی گروپەکان یان بۆ پشتگیریکردن لە هۆکارێک یان بۆچوونێکی دیاریکراو بەکاردێت. بەدرێژایی سەدەکان، پڕوپاگەندە شێوەی هونەر، فیلم، قسەکردن و مۆسیقای وەرگرتووە، هەرچەندە تەنیا لەم جۆرە پەیوەندیانەدا سنووردار نییە. هەرچەندە بەکارهێنانی پڕوپاگەندە تەنیا نەرێنی نییە، بەڵام زۆرجار بریتییە لە زیادەڕۆیی لە جەختکردنەوە لەسەر سوود و فەزیلەتییەکانی بیرۆکەیەک یان گرووپێک، لە هەمان کاتدا ڕاستییەکان دەشێوێنێت یان دژە ئارگیومێنتەکە سەرکوت دەکات. بۆ نموونە پارتی نازی بە پێشخستنی ئەو بیرۆکەیەی کە ئەڵمانیا خەمۆکی ئابووریی هەبووە، بۆ دەسەڵات سەرکەوت.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، پڕوپاگەندە بە هۆکاری جیاواز لە کاتە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێت و دەتوانرێت بە شێوازی جیاواز لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. پڕوپاگەندە زیاتر بێ ئامانجە و بەزۆری بەشێکە لە هەڵمەتێکی دەروونیی گەورەتر بۆ وەرچەرخانی خەڵک بەرەو بۆچوونێکی دیاریکراو، کە تەنانەت ڕەنگە درۆی ڕاشکاوانە یان زانیاری هەڵە و سانسۆریش لەخۆ بگرێت. پڕوپاگەندەی سیاسی بە دەست لێدان لە هەستەکان لە ڕێگەی وێنە و دروشم و بەکارهێنانی هەڵبژێردراوی زانیاری یان کۆنترۆڵکردن و سانسۆرکردنی ڕاستییەکانەوە کاردەکات. ئەمە بە تایبەتی حکومەتێک کە بە سانسۆر میدیا کۆنترۆڵ دەکات یان میدیایەکی هەیە کە خاوەنی هەموو شتێکە، وەک لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا، هەبوو.
هەندێک جار پڕوپاگەندە لایەنێکی نەرێنی نیشان دەدات. هەمیشە حکومەت یان دامەزراوە نییە کە پڕوپاگەندەی سیاسی تایبەت بەکاردەهێنێت. کۆمپانیاکان و گروپە قازانج نەویستەکان و گروپەکانی بانگەشەی سیاسی تەکنیکگەلێکی زۆر هاوشێوەی پڕوپاگەندە بەکاردەهێنن بۆ کاریگەریکردن لەسەر نرخی پشکەکان یان بارودۆخی بازاڕ، بۆ دەرکردنی یاسایەک، یان بۆ ئەوەی کاندیدێکی ڕکابەر خراپ دەربکەوێت. ئەم شێوازە دەتوانێت ئەوەندە سادە بێت کە دەنگۆیەک لەسەر کۆمپانیایەکی ڕکابەر دروست بکەیت یان هەندێک ڕەفتاری کاندیدێکی سیاسی ڕوون بکەیتەوە.
تەنانەت ئەگەر زانیارییەکان درۆش بن، ئەگەر سایتێکی هەواڵی تایبەت دەنگۆیەک هەڵبگرێت و دەست بکات بە پرسیارکردن، دەکرێت پووچەڵکردنەوەی زۆر قورس بێت. هەروەها دەکرێت پروپاگەندە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەواڵی ساختەوە هەبێت. دەکرێ بڵێین لەگەڵ سەرهەڵدانی سایتەکانی بەناو هەواڵی ساختە، پڕوپاگەندەی تەواو نوێ دروست بووە. بۆ گەڕان بەدوای داهاتی ڕیکلام لە ڕێگەی بینینی لاپەڕەکانەوە، بڵاوکەرەوەکان بابەتی “هەواڵی” ناڕاست یان ساخته لە شێوەی هەواڵدا بە مانشێتێکی هەستیار یان مشتومڕاوی دروست دەکەن.
لەگەڵ دەستپێکردنی بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتانە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، زۆر ئەستەمە پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەیان. لە سەدەی بیستەمدا، وشەی پڕوپاگەندە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا مانایەکی نەرێنی بەدەستهێنا. ئەمەش بە واتای بڵاوکردنەوەی بە ئەنقەست پاساوی زۆرجار درۆینە بەڵام “ناچاری” هەندێک ئایدۆلۆژیای سیاسی بوو. بانگخوازەکە هەوڵی دەدا تێڕوانینی خەڵک بۆ پرسێک بگۆڕێت بۆ بەرژەوەندی گروپە دڵخوازەکەی.
تەکنیکەکانی پڕوپاگەندە
پێنج جۆری تەکنیکەکانی ڕیکلام کە لە پڕوپاگەندەدا بەکاردەهێنرێن بریتین لە ڕازیكردن، سهلماندنی، گواستنەوە، دووبارەکردنەوە و هەست. مەبەست لە ڕازیكردن بریتییه له ڕازیکردنی خەڵک بۆ ئەوەی کارێکی دیاریکراو بکەن و بۆ نموونە ئەوە نیشان دەدات کە کڕینی بەرهەمێکی دیاریکراو وا دەکات لەوانی تر جیاواز بیت، چونکە جەماوەری باو توانای کڕینی نییە. پڕوپاگەندەی سهلماندنی، قسەی پسپۆڕێک یان کەسایەتییەکی ناودار بەکار دەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی بیرۆکەیەکی دیاریکراو.
بۆ نموونە وەرزشوانێک نیشان دەدات کە مارکەیەکی تایبەتی پێڵاو پێشنیار دەکات. بۆیە لەم شێوازەدا کەسانی ناودار بەکاردەهێنرێن بۆ بانگەشەکردنی هەندێک بەرهەم. لە تەکنیکی گواستنەوەدا، تایبەتمەندییەکانی کەسێکی ناسراو پەیوەستن بە بەرهەمێکەوە بۆ پەرەپێدان یان لەناوبردنی. دووبارەکردنەوە کاتێکە کە ناوی بەرهەمەکە چەند جارێک لە کاتی ڕیکلامێکدا دووبارە بکرێتەوە. شێوازی هەست و سۆز واتە دروستکردنی هەستی ئەرێنی لە مێشکی جەماوەردا و هەندێک وشە بەکاردەهێنرێت بۆ وروژاندنی هەستەکان لە مێشکی مرۆڤەکاندا کە پەیوەندییان بە بەرهەمەکەوە هەیە.
بۆچی پڕوپاگەندە بەکار دەهێنرێت؟
پڕوپاگەندە بەزۆری ئامرازێکی گروپە سیاسیەکان یان چالاکوانەکانە کە دەیانەوێت خەڵک ڕازی بکەن کە وەک ئەوان بیربکەنەوە و مامەڵە بکەن. ئەم شێوازە بەزۆری هەستەکان دەکاتە ئامانج و وا لە بینەر دەکات تا ڕادەیەکی زۆر هەستەکانیان بورووژێنن لەبری ئەوەی کاردانەوەی لۆژیکی پیشان بدەن.
سهبارهت به پڕوپاگەندەی نەرێنی دهتوانین بڵێین كه جۆرێکە لە ڕیکلام کە بۆ بێڕێزیکردن یان بوختانکردنی گروپێکی دیاریکراو بەکاردێت، کە دەتوانێت وڵاتێک بێت، کولتوورێک بێت، بازرگانییەک بێت، یان گروپێکی کۆمەڵایەتی بێت. هەروەها لە ڕابردوودا پروپاگەندەی نەرێنی بۆ هاندانی خەڵک لە دژی یەکتر بەکارهێنراوە. یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکان کە ئەدۆلف هیتلەر توانیی دەسەڵاتی ئەڵمانیا بگرێتە دەست، دروستکردنی هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەی نەرێنی بوو کە دەیویست زۆرینەی دانیشتوانی ئەڵمانیا هان بدات دژی ئەو جولەکانەی کە لەو سەردەمەدا لە ئەڵمانیا دەژیا، بهڵام پڕوپاگەندەی ئەرێنی جۆرێکە لە ڕیکلام کە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک یان هاندانیان بۆ ئەوەی کارێک بکەن بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگا بەکاردێت. بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی نەرێنی کە زیاتر پشت بە درۆ و زانیاری هەڵە دەبەستێت، لەم یەکەیهدا شێوازی بیرکردنەوەی جیاواز کە لەسەر بنەمای ڕاستییەکان دامەزراوە، تیشک دەخرێتە سەر و بە خەڵک دەناسێنرێت.
نموونەی ئەم پڕوپاگەندەیە هەڵمەتی ڕیکلامە کە بۆ هاندانی ژنان بۆ کارکردن لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا داڕێژراوە. ئەم پۆستەرانە پەیامی وەک “دەتوانین بیکەین”یان تێدابوو و مەبەست لێی ئەوە بوو ژنان قەناعەت پێبکەن کە ئەوانیش بە هەمان شێوەی پیاوان توانای کارکردنیان لە کارگەکانی تەقەمەنیدا هەیە. نموونەیەکی دیکەی پڕوپاگەندەی ئەرێنی دەتوانرێت لە سەردەمی مۆدێرن لە گروپەکانەوە ببینرێت کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەدەن سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا. ئەم ڕیکلامانە تیشک دەخەنە سەر ئەو ڕاستیانەی کە چۆن ڕەفتاری مرۆڤەکان هەسارەکەمان دەگۆڕن بۆ ئەوەی هانی خەڵک بدەن دەستکاری شێوازی ژیانیان بکەن بۆ ئەوەی کەمتر زیان بە ژینگە بگەیەنن.
جۆرەکانی پڕوپاگەندە
• دەستپێکردنی کەمپەین: مەبەست لەم کارە هاندانی خەڵکە بۆ ئەنجامدانی کارێک تەنها لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر ئەو کارە دەکەن.
• پشتگیری و ڕاسپاردەی کەسانی دیکە: ئەم جۆرە پڕوپاگەندەیە پشت بە کەسانی پسپۆڕ و سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەبەستێت بۆ بەرەوپێشبردنی بیرۆکەیەکی دیاریکراو.
• ئاماژەدان: ئەم جۆرە پڕوپاگەندەیە تایبەتمەندییەکانی کەسێکی ناسراو بە بەرهەمێکەوە دەبەستێتەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوە یان دابەزینی. پەیوەستکردنی شتێک بە کەسێکی بەڕێزەوە ئاماژەیەکی ئەرێنییە، بەڵام بەراوردکردنی کەسێکی ڕق لێ بوو و بەرهەمێک ئاماژەیەکی نەرێنییە.
• دووبارەکردنەوە: دووبارەکردنەوەی پەیامێک یارمەتیدەرە بۆ كاریگهردانان لەسەر مێشکی بینەر.
• بەکارهێنانی زمانی سۆزداری: بەمەش پەیامەکە بە هەست و سۆزێکی زیاترەوە دەگوازرێتەوە و بینەر باشتر ڕادەکێشێت.