٨٠ ساڵانە و ٦٠ ساڵە كەبابچیەتی دەکا

مەزهەر كەریم – سلێمانی

بەكر محەمەد ناسراو بە بەكر كەبابچی یەكێكە لە كەبابچیە كۆنەكانی شاری سلێمانی، لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنیشدا هێشتا دەچێتە دوكانەكەی ڕۆژانە كار دەكات ئەو دەڵێت: تەمەنم هەشتا ساڵانە و ماوەی شەست ساڵە كەبابچیم لە شاری سلێمانیدا؛ بەردەوامیش دەبم لە كاركردن.

بەكر كەبابچی بە “هەولێر”ی وت: لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر دەستی وەستا (عومەری ئەجێ) لە شاری سلێمانی فێری كەبابچێتی بووم، كە ئەو كات سەرەتا تەنیا كاری قیمەكردنی گۆشتەكەی پێ دەكردم؛ قیمەكردنی گۆشتەكە بە مەكینەی دەستی بوو لەسەر تەختەیەك قایم كرابوو، گۆشتی كەبابەكەم قیمە دەكرد، تا چەند ساڵێك پاشان دەستم شیشی كەبابەكانی گرت‌ و بوومە كەبابچی دوای چەند ساڵێك دووكانم بۆ خۆم دانا لە سەرای سلێمانی.
بەكر كەبابچی یەكەم كەبابچیە لە خێزانەكەیاندا بە شاگردی‌ و بەهەوڵ‌ و ماندبوونی خۆی فێری ئەو كارە بووە؛ خۆی گوتەنی: برا و كەسوكارەكەم ئەو كارەیان نەكردوەوە و نایشیزانن، بەڵام هەردوو كوڕەكەمم فێری كەبابچیەتی كردووە چەند ساڵێك لەمەوبەر كوڕە گەورەكەم بە نەخۆشی ئەمری خوای کرد؛ كوڕە بچووكەكەم كە تەمەنی چلوپێنج ساڵێك دەبێت بەردەوام هاوكاریم دەكات ڕۆژانە پێكەوە كار دەكەین.
وتیشی: لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا زۆركات پێم دەڵێن واز لە كارەكەم بهێنم‌ و بچمەوە ماڵەوە، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی كاری كەبابچیەتی ناتوانم لە ماڵەوە دانیشم هەر دێمە دووكانەكەم هەرچیم بۆ بكرێت دەیكەم چی برژانی كەبابەكە بێت یان شیشلێدانی كەباب بێت یان هەركارێكی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە كۆمەڵێك مشتەری دۆست‌ و هاوڕێی قەدیم بۆ بینینی خۆم دێنە دووكانەكە نانێك دەخۆن‌ و چاومان بەیەك دەكەوێت ئەمەش خۆشە بۆ من.
ئەوەیشی وت: ئەو هەموو ساڵە لەكاری كەبابچێتی شانازیەكی پێ بەخشێوم لەسەر دەستی مندا دەیان كەس لە شاری سلێمانی بوونەتە وەستای كەباب؛ ئێستاکە لە شوێنە جیاكانی سلێمانی دووكانی كەبابیان هەیە كارەكەیان پەرە پێ داوە بازاڕیشان بۆ كارەكە فراوانتر كردووە، پێشتر كاری كەبابچیەتی وەك ئێستا نەبوو خەڵكی هێندە نەیاندەناسی‌ و كەباب نەدەخورا بەتایبەت كەبابی مەحشی، كە گۆشتەكە سیر و بیبەری توونی تێ دەكرێت‌ و ئەوكات دەكرێتە كەباب.
ئاماژەیشی بەوە كرد هەرچەندە كەبابخۆرەكان زۆر بوونە و خەڵكی زۆر كەباب دەخوات بەڵام كەبابی ساڵانی زوو تامێكی تایبەتی و خۆشی هەبوو، ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی ئەو گۆشتەی دەكرایە كەباب كۆشتێكی تەبیعی بوو گۆشتی كەبابەكە هیچ شتێكی دیكەی تێ نەدەكرا بەڵام ئێستا وەك جاران نیە گۆشتی مەسڵەحەش دەكرێتە كەباب وردەنانی تێ دەكرێت.