فەلەكناسێكی كورد توێژینەوەیەكی تازە لەسەر دۆزینەوەی تاریکەچاڵێکی گەردوون بڵاو دەكاتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

تیمێك لە گەردوونناسان لە زانكۆی Durham لە بەریتانیا تاریکەچاڵ (كونەڕەش)ێکی ئێجگار زەبەلاحی نێو گەردوونیان دۆزیەوە؛ تاریکەچاڵەکە لە چەقی گەلەئەستێرەی هێلكەیی واتە لە Abell.1201.BCGدایە؛ ئەم گەلەئەستێرەش تەنیا یەكێكە لە گەلەئەستێرەكانی نێو هێشوە گەلەئەستێرەی 1201.Abell و، 2.7 ملیار تیشکەساڵ لە خۆمانەوە دوورە، واتە ئەم تاریکەچاڵە گەلێك دوورە و لەنێو قووڵایی گەردووندایە و هیچ مەترسیەكی بۆ كۆمەڵەی خۆرەكەمان نابێ. بەپێی ئەو هێزی كێشكردنەی ئەم تاریکەچاڵە دروستی دەكات كە لە ڕێگەی gravitational.lensing پێوانە كراوە دەردەكەوێت بارستاییەكەی ئێجگار زۆرە و نزیكەی 32.7 ملیار هێندەی بارستایی خۆرەكەمانە…

سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو تاریکەچاڵە، لوقمان حەوێز كە فەلەكناسێكی كوردە توێژینەوەیەكی زانستیی لەم بارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: تاریکەچاڵە لە داڕمانی كڕۆكی زلئەستێران دروست دەبێ كاتێك تەمەنیان تەواو دەبێت و بەشێوەی سۆپەرنۆڤا یان هایپەرنۆڤا دەتەقنەوە؛ دوای داوەشانی ئەو ئەستێرانە هێزی كێشكردن لە چەقی داوەشانەکەدا هێندە زۆر دەبێت‌ و ئاسمان هێندە دەچەمێننە و چاڵی دەكەن بەشێوەیەك هەرچی بارستەی زۆر نزیكە لەو تاریکەچاڵە هەڵدەلووشرێت و دەچێتە نێو چاڵەکەوە؛ تاریکەچاڵ هێندە هێزی ڕاكێشانی زۆرە تەنانەت تیشكیش هەڵدەلووشێ و قووتی دەدا.