ئەمساڵ خواست لەسەر كڕینی جلوبەرگی كوردی زیادی كردووە

لەگەڵ نزیكبوونەوەی نەورۆز، بازاڕی جلوبەرگی كوردی گەرم بووە، هاووڵاتییان بە دوایی قوماش و دیزاین و دروونێكی باشدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بۆ سەیران و گەشتەكانیان جلوبەرگی كوردی بە جوانترین شێوە بپۆشن.

جلوبەرگی كوردی، یەكێك لە هێما فەرهەنگی و نەتەوەییەكانی كوردە كە مێژوویەكی كۆن و دێرینی هەیە و وێڕای هێما و توخمە نەتەوەییەكانی دیكەی وەك زمان، خاك، ئاڵا و سروودی نەتەوەیی، بووەتە تایبەتمەندییەكی جیاواز كە نەتەوەی كورد لە نەتەوەكانی دیكە جیا دەكاتەوە.
جلوبەرگی كوردی زۆر ڕەنگ و مۆدێلی هەیە، لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت، هەر ناوچەیەك بە شێوەیەك جلوبەرگی كوردی لەبەر دەكەن. جلوبەرگی پیاوان، ڕانك و چۆغە، كەوا و پانتۆڵ، شاڵ و شەپك، كورتەك و شەرواڵ، پشتێن، كڵاو و جامانە. بەڵام جلوبەرگی ئافرەتان، كراس، فیستان، كەوێ، خەفتان، سخمە، كوڵەنجە، سەڵتە، هەوری، لەچك، گوڵوەنی، پشتوێن، فەقێیانە، لەوەندی، چەفتە، دەسماڵ، چارۆگە، ژێركراس، سەروبەست، كۆفی، كڵاوی ڕازێندراو و هەوری لەخۆ دەگرێت.
ڕۆژی 10ـی ئادار بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك ڕۆژی جلوبەرگی كوردی ناسراوە بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێك لە قوتابخانەكان و دامودەزگاكانی حكوومی ڕێوڕەسمی جیاواز بەڕێوە دەچێت.
بەشێكی زۆری قوماشی جلوبەرگی كوردی لە ئیتالیا، توركیا، چین و هیندستانەوە هاوردە دەكرێن، بەڵام بە گوتەی فرۆشیاران قوماشی ئیتالی كواڵێتی زۆر باشە، ئەوەش وای كردووە زیاتر خواستی لەسەر بێت، لە دوای ئەویش قوماشی چینی.
سدقی موحسێن، كە بۆ دروونی جلوبەرگی كوردی ڕووی لە دووكانێكی جلوبەرگی كوردی لە سۆران كردبوو، بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: بڕیارم داوە جلوبەرگی كوردی بكڕم و بۆ نەورۆز بیكەمە بەرم، چونكە جلوبەرگی كوردی لای من تایبەتمەندی خۆی هەیە و بە بەهای نەتەوەكەم دەزانم.
حەسەن مەحموود، كە زیاتر لە 20 ساڵە جلوبەرگی پیاوان دەدورێت بۆ “هەولێر” گوتی: ئەمساڵ خواستێكی زۆر لەسەر جلوبەرگی كوردی هەیە و رۆژانە لە 8ی بەیانی تا 6ی ئێوارە 3 كەس جلوبەرگی كوردی دەدورن، ئەوجاش فریای داخوازی هاووڵاتییان ناكەوین، جگە لەوەی چەندین داواكاریمان ڕەت كردوونەتەوە.
حەسەن مەحموود، گوتیشی: جلوبەرگی كوردی جۆری زۆرە و نرخەكەشی لە 80هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە 170هەزار دینار، تەنها دروونی تاخمێكی جلوبەرگی كوردی پیاوان 50 تا 80هەزار دیناری تێدەچێت، بەڵام جلوبەرگی ئافرەتان لە نێوان 15 تا 35هەزار دیناردایە.
فەهمی ستار، لە بازاڕی سۆران كاری فرۆشتنی جلوبەرگی كوردی ئافرەتان دەكات، بۆ “هەولێر” دەڵێت: ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بازاڕمان زۆر گەرمە، ڕۆژانە ئافرەتێكی زۆر بۆ كڕینی قوماشی كوردی ڕوومان تێ دەكەن، چەند نزیكی نەورۆز ببینەوە خواست لەسەر جلوبەرگی كوردی زیاتر دەبێت.
ستار، دەشڵێ: ساڵانە زۆرترین گۆڕانكاری لە ڕەنگ و نەخش و پێكهاتەی قوماشەكەیاندا دەكەن و لە شێوازی دروومانەكەش گۆڕانكاری دروست بووە، ئەوەش وای كردووە ساڵانە ئافرەتان چەندین قوماشی نوێ بكڕن و بكەنە جلوبەرگی كوردی