ژیری و هۆشی دەستکرد هەڕەشەیە بۆ دەستی کار

هۆشی دەستکرد، لقێکی فراوانی زانستی کۆمپیوتەرە و ئامانجی بنیادنانی ئامێری زیرەکە کە توانستی جێبەجێکردنی ئەرکی پێڕاسپێردراوی هەیە بە شێوەیەکی ئاسایی بەبێ پێویستی مرۆڤ.

هۆشی دەستكرد كە بە شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی ناو دەبرێت لەگەڵ خۆیدا دەمانبات، مرۆڤ بۆ ئەوەی بەشێك بێت لەم سیستمە پێویستە هەر لە ئێستاوە هەوڵ بدات لێی تێبگات و سوودی لێ ببینێت. 

د. شادمان عەزیز كەریم، كە توێژەرە لە زانكۆی كالیفۆرنیای ئەمەریكا، لە پێناسه‌ی‌ هۆشی ده‌ستكرددا دەڵێت “هۆشی دەستکرد، کۆمەڵێک هاوکێشەی‌ ماتماتیکییە کە لەڕێی کۆمپیوتەر یاخود سۆفتوێرێکی‌ کۆمپیوتەرەوە بیر دەکەنەوە وەکو مرۆڤی هۆشمەند، ئەم سۆفتوێرانە لەبری‌ مرۆڤ، یان وه‌ك مرۆڤ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌”.

شادمان ئەوەش روون دەكاتەوە كە هۆشی دەستکرد بە شۆڕشی پیشەسازی چوارەم ناودەبرێت، کە دوا داهێنانی‌ مرۆڤه‌ و، دوای ئەمە، مرۆڤایەتی ناتوانێ هیچ داهێنانێکی دیکە بکات بەبێ بەکارهێنانی هۆشی دەستکرد، هه‌ر داهێنانێكی‌ دیكه‌ بكرێت به‌هۆی‌ هۆشی ده‌ستكرده‌وه‌ ده‌كرێت كە ئامێرە زیرەكەكان توانای بیركردنەوە و خێرایی‌ و پێشبینیكردنیان لە توانای زەین‌ و ئەقڵی مرۆڤ زیاترە؛ ئەو دەڵێ “ئێستا هۆشی دەستكرد لە هەموو بوارێکدا به‌كار ده‌هێنرێت‌ و کاری پێ دەکرێت، هەر لە پیشەسازی‌ و بازرگانی‌ و بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكانەوە بگرە تا دەگات بە بواری تەندروستی‌ و پەروەردەوفێركردن‌ و هەواڵگری‌ و سەربازی”.

هۆشی دەستكرد، لە بواری بازرگانیدا شۆڕش‌ و گۆڕانکارییەكی گەورەی بەدی هێناوە؛ كاریگەرییەکەی بە ئەندازەیەكە كە پێشبینی دەکرێت لەمەولا هەر كۆمپانیایەك لە بوارەكانی بازرگانی‌ و پیشەسازیدا هۆشی دەستكرد بەكار نەهێنن، جا ئیتر بەكارهینانی رۆبۆت بێت وەكو میكانیك، یاخود بەكارهێنانی سۆفتوێر بۆ بیركردنەوە و بڕیاردان لە بواری ماركێتینگ و لە بواری بەرهەمهێنان‌ و فیدباكی كڕیاردا، بەجێ دەمێنن‌ و لەكار دەكەون؛ ئەو وتی “لەئێستاوە ئەوە یەكلایی بووەتەوە، بۆیە هەموو كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان‌ و بوارەكانی تر كە زیاتر پەیوەندییان هەیە بە بواری بازرگانی‌ و فرۆشتنەوە ناچارن‌ كە هۆشی دەستكرد بەكار بهێنن، ئەگینا لە بواری بەرهەمهێنان دوا دەکەون.

شادمان ئەوە ڕوون دەکاتەوە كە پێویستە لەسەر بازرگان‌ و پیشەسازكاران‌ و خاوەن كارانی كوردستان درك بەوە بكەن لەسەرتاسەری جیهاندا رۆژ بەرۆژ كۆمپانیاكان زیاتر هۆشی دەستكرد بەكار دەهێنن كە كارئاسانییەكی زۆریان بۆ دەكات لە گەشەدان بە كارەكانیان‌ و بەرزكردنەوەی كوالێتی بەرهەمەكانیان‌ و پێشخستنی توانای كارگێڕی و پاشەكەوت كردنی كات‌ و داهاتیان‌، وە ڕێکخستنی كاروبارەكانیان‌ و زیادكردنی رێژەی بەرهەمهێنان، لەبەر ئەوەی ڕێژەی بڕیاردانی هەڵە بە پشتبەستن بە زیرەكی دەستكرد زۆر كەمترە بەراورد بە پشتبەستن بەمرۆڤ.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و سەەرەڕای ئەوەی دنیای ئەمڕۆ پێویستیەکی زۆری بە زیرەکی دەستکرد هەیە بەهۆی ئاڵۆزبوونی ژیان و بەرفراوانبوونی ئەو ئامێرانەی کە بەکاریاندەهێنین بەڵام لەهەمانکاتدا پێشبینی دەکرێت لە داهاتویەکی نزیکدا سیستمە خودکارەکانی زیرەکی دەستکرد ببنە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ژیان و مرۆڤایەتی لە دوای چەکی ناوەکی.

لە دوای ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە و بەوردی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تەکنەلۆژیا لەهەموو بوارەکان زۆر بەخێرایی بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام نزیکەی ٢٥ ساڵ دەبێت ڕەوڕەوەی ئەو پێشکەوتنە بە تایبەتی لەبواری کۆمپیوتەرسازی و زیرەکی دەستکرد و پرۆگرلامسازی ئەوەندە خێرا بووە بەجۆرێک خەریکە دەگات بە ئاستێکی ترسناک.  

ڕۆبۆتەکان لە ساڵی ٢٠٣٠ کۆتایی بە ٣٠ملیۆن کاری پیشەسازی دەهێنن.

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی دەزگای “ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیست” کە تایبەتە بە شیکاریی پێشبینیکاری و ئاماری جۆری، لە ساڵی ٢٠٣٠ کرێکرەکانی کەرتی پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان زیاتر لە ٣٠ملیۆن هەلی کار لە دەست دەدەن، ئەمەش وادەکات ڕێژەی بێکاری، بەراورد بە ئێستا ٥.٨٪ بەرز ببێتەوە، ئەوەش بەهۆی نەوەی نوێی ڕۆبۆتەکان کە جێی کرێکارەکان دەگرنەوە و توانایەکی بەرزی زیرەکی و فێربوونیان هەیە. بەپێی پێشبینییەکان هەر ڕۆبۆتێک نزیکەی ٦ کاری مرۆڤ دەکات کە ئێستا لە کارگە و مەڵبەندەکانی بەرهەمهێناندا خەریکن، ئەگەریش بە ڕێژەی١٪ ڕۆبۆت لە کەرتەکانی پیشەسازیی لە جیهاندا زیاد بکرێت ئەوا ڕێژەی بەرهەمهێنانی هەر ڕۆبۆتێکی کرێکار بە ڕێژەی ٠.١٪ بەرز دەبێتەوە.

توێژینەوەکە پێشبینی کردووە ڕۆبۆتە دەستکردەکان بە ڕێژەی٣٠٪ زیاد بکەن و ئەمەش وادەکات ڕێژەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی بۆ ٣.٥٪ بەرز ببێتەوە کە بڕەکەی بە پێنج ترلیۆن دۆلار خەمڵێنراوە. باس لەوەش کراوە کەرتەکانی گواستنەوە و ئەمبارکردن زۆرترین کاریگەرییان دەکەوێتە سەر.

ئەڵبەت بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووری و گەشە، “لە بیست ساڵی داهاتوودا، ١٤٪ ی کار لە وڵاتانی ئەندامی لە ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووری و گەشە نامێنێت و ئەم ڕێژەیە کەمترە لەو ٥٠٪ـی هەندێک توێژینەوەی ڕەشبینانە باسی لێوە دەکەن. هەروەها ٦٪ی خەڵکیش بەدوای ئیشی نوێدا دەگەڕێن و دەیدۆزنەوە”. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە “لە هەموو شوێنەکانی کاردا ٤ پێگە و ئیش بۆ ڕۆبۆتەکان دەبێت”.