(چەند سەرنجێکی کورت)
یەکێک لە چەکە کاریگەر و گرنگەکانی سەردەمی نوێ، (سۆشیال میدیا)ـە، کە هێزێکی جادوویی هەیە و لە توانایدایە لە زەمەنێکی کەمدا، کە ڕەنگە 24 کاتژمێر تێنەپەڕێنێت کەسێک بکاتە پاڵەوان و لە هەمان ماوەشدا دەشێ کەسێک بکاتە قوربانی. ئەوەی لە سۆشیال میدیادا گرنگە ئەوە نییە، کە چۆن بەکاری دەهێنیت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە سۆشیال میدیا وەکو هێزێکی جادوویی بەکارت نەهێنێت. بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستم نموونەیەک دەهێنمەوە:
لە فیلمێکی ئێرانیدا گفتوگۆی نێوان دوو کاراکتەردا سەبارەت بە جگەرەکێشان لەنێو ئۆتۆمبێلدا، یەکیان دەیویست جگەرەیەک بکێشێت، ئەوی دیکەش دەیویست هاوڕێکەی نەیکێشێت، یەکەمیان گوتی ئاخر ئەگەر نەیکێشم سەرم ژان دەکات. کاراکتەری دووەم گوتی کەواتە تۆ جگەرە ناکێشیت، ئەوە جگەرەیە تۆ دەکێشێت! لێرەدا مەبەست لەوە بوو هەر شتێک بووە جۆرێک لە ئالوودەبوون ئەوە ئیدی ئێمە تەسلیمی ئەو بووین و پانتاییەک بۆ چێژ کاتبەسەربردن نامێنێتەوە. ئەوەی کەسێک ناتوانێک لە ماوەیەکی دیاریکراودا جگەرە نەکێشێت، یان ناتوانێت وازی لێبهێنێت ئەوە جۆرێک لە ئالوودەبوون و لە چێژوەرگرتن چووەتە دەرەوە.
لە پەیوەند بە سۆشیال میدیاشەوە ئەویش بەهەمان شێوەیە هەر کاتێک نەماتوانی بەکارهێنانی سنووردار بکەین. هەر کاتێک هەستی ئەوەمان هەبووە لەوێوە هەموو شتێکمان دەست دەکەوێت. هەر کاتێک وامانزانی دەتوانین دونیا لەوێوە ببینین و ڕاڤەی بکەین و ئەوەی لەوێ هەیە حەقیقەتە؟ ئیدی ئێمە بوونەتە (بەکاربراو)ێکی سۆشیال میدیا، نەک (بەکارهێنەر)ێکی سۆشیال میدیا.
هەفتەی پێشوو بۆ کارێک ڕێم لە بنکەیەکی پۆلیس کەوت، هاوڵاتییەک کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوتووە و دواتر کەناڵەکە ئەو گرتەیەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوکردووەتەوە ئیدی ئەم هاوڵاتییە بووەتە مەهزەلەی نێو ئەو تۆڕە و گاڵتەوگەپی بەشێکی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە. ئەو هاوڵاتییە وەک قوربانییەک لیستێکی نزیکەی دوو هەزار ناوی (بە گوتەی ئەفسەری لێکۆڵینەوە) بۆ بنکەی پۆلیس هێناوە تا سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات لەبەر ئەوەی بە دەیان جۆری جیاواز سووکایەتی پێ کراوە.
لێرەدا لە چیرۆکی ئەم هاوڵاتییە ڕادەمێنین: ئەگەر لە چیرۆکەکەی وردبینەوە؛ دەبینین ئەمە یەکێکە لە قوربانییەکانی سۆشیال میدیا، قوربانییەک کە ئەم تۆڕە بێڕەحمە و ئەو کەناڵە تەنها لە پێناو زیادبوونی بینەردا میوانەکانی دەکاتە گەمەی تۆڕێکی بێڕەحم کە هەموو مرۆڤێک لە هەموو ئاستێکی مەعریفیدا دەستی پێ دەگات و ڕێگەی ئەوەی هەیە بۆچوونی خۆی بڵێت، کە بۆچوون نییە، بەڵکو سووکایەتی و گاڵتەیە، کە زیاتر بۆ کاتبەسەربردنە نەک شتی دیکە. تۆڕە بێڕەحمەکەی سۆشیال میدیا ناوە ناوە قوربانی دەوێت، تا سەرگەرمی بۆ عەوامەکان نوێ بکاتەوە و خۆراکی نوێیان پێ بدات؛ چونکە ئەوان بەبێ بوونی قوربانی نوێ ناتوانن بەردەوام بن لە (پڕبینەربوون) و چنینەوە لایک و کۆمێنتی سەکۆی گشتی بینەری عەوام.
تا دێت قوربانییەکانی سۆشیال میدیا ڕۆژدوای ڕۆژ زیاتر دەبن و ژمارەی تۆڕەکانیش بە بەردەوامی لە زیادبووندان، بۆیە ئەمە داواکردنە بۆ قوربانی دیکە و نوێ، کە تۆڕەکان لەپێناو (زۆربینەری) داوای دەکەن. بەڵام ئەوەی گرنگە خۆمانی لێ بپارێزین بۆ ئەوەی نەبینە قوربانییەکی نێو ئەم تۆڕە بێڕەحمەی سۆشیال میدیا، چونکە قوربانیبوونی نێو ئەم تۆڕە زامەکەی وەکو زامەکانی دیکە نییە و ئەگەری ساڕێژبوونەوەی درەنگە.