ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
شوێنەوارناسێكی كورد پێی وایە كە یەكەم قوربانی بوومەلەرزە لە كوردستان شەستهەزار ساڵ لەمەوبەر بووە؛ ئاشورییەكان پێیان وابوو بوومەلەرزەیەك بە شەو ڕوو بدات شوومە.
د. دڵشاد عەزیز زاموا كە شوێنەوارناسێكی كوردە، توێژینەوەیەكی تازەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە بەڵگە شوێنەوارییەكان ئەگەری ئەوە دەخەنە ڕوو كە لەوانەیە كە كۆنترین قوربانییەكانی بوومەلەرزە لە مرۆڤەكانی ئەشكەوتی شانەدەر بووبێتن و لە شەوێكی ساردی باراناویدا چەند مرۆڤێكی دێرینی شەستهەزارساڵێك لەمەوبەر لە بەردەم ئاگردانێكدا دانیشتوونە و لە ئەنجامی ڕوودانی بوومەلەرزەیەك، تاشەبەردێكی گەورە دەكەوێتە خوارەوە و دەیانكوژێت.
ئەم شوێنەوارناسە كوردە پێی وایە بەپێی تۆمارە مێخییەكان، بوومەلەرزەیەكی بەهێزی سەدەی ١١ی پ.ز. زەقورەی عەشتار لە نەینەوا هەڵدەتەكێنێ و زیانی پێ دەگەیەنێت و لە ساڵی ٧٠٦ پ.ز. بومەلەرزەیەك لە ناوچەی هەولێر و مووسڵ دەدات؛ سەرجۆنی ئاشووری پارێزگاری شاری شەروكین (خورساباد) ڕادەسپێرێت بۆ بەدواداچوون بۆ كاریگەرییەكانی بوومەلەرزەكە لەسەر شورە و كۆشك و تەلارەكانی شار و كاهینەكان ڕێگر بوون لە دەرچوونی شازادە، تا بە ڕێوڕەسمی ئایینی خراپەكاری بوومەلەرزەكە پاک دەكەنەوە.
د. دڵشاد عەزیز زاموا لە بەشێكی توێژینەوەكەیدا نووسیویەتی لە ساڵی ٦٥٦ی پ.ز. كاهینێك نامە بۆ ئاشوور بانیپاڵی پاشای ئاشووری دەنووسێ و دەڵێ: “ئەگەر بومەلەرزەكە بەردەوام بوو، ئەوە هێمایە بۆ هێرشێكی دژمن؛ ئەگەر بوومەلەرزەكە لە شەودا بوو، ئەوە دەبێت وڵات نیگەران بێت، چونكە بەشێكی زۆری وڵات چۆڵ دەكرێت (واتە شەڕ و وێرانی دێت و ئاوارەیی دێنێت.”